بە حیزبی کردنی دادگاکان و بەکارهێنانیان لە بەرژەوەندی خۆیاندا ...١

لە باشوری کوردستان دادگاکان لەژێر فشاری سیاسیدا کارەکانیان بەنجام دەگەیەنن هاوشێوەی رۆبۆت و بوکەڵە ئەلکترۆنییەکانن.

ناوەندی هەواڵ

 

کاتێک کە ئاماژە بە سەربەخۆیی سیستەمی دادوەری دەکرێت ھیچ کەس و لایەنێک توانا و هێزی خۆی بەسەر ئەم دامەزراوەیەدا ناسەپێنێت و نابێت دەست بخاتە کاروباری دادگاکان و کاریگەری لە سەر دادوەرەکان دروست ناکات، ناکرێت لە ڕێگای فشار و کاری زۆرەملێیانەوە لە کاتی دەرکردنی حوکم و بڕیار لەسەر کەیسەکان و ھەموو ھێزە سیاسی و کارگێڕییەکان ناچار بن بڕیاری دادگاکان دەستبەجێ جێبەجێ بکەن.

لە ڕاستیدا لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگای کوردیدا دەستە و تاقم و ھێزەکان و چەمکی ھێزی بنەماڵە و عەشیرەتگەری باڵادەستن، مەحاڵە سیستەمی دادوەری وەک خۆی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو سیستەمە لە باشوری کردستاندا لە بری چارەسەری کێشەکانی خەڵکی کۆمەڵگا بکات، خۆی هۆکارە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی کێشەکان و دروستکردنی کێشەی پارێزەران و ژنانی پارێزەر و هەموو ئەو ژنانەی کە خۆیان لەنێو کۆمەڵگایەکی کێشاویی و پیاوسالاردا دەژین بەردەوام ڕووبەرووی کێشەو گرفتەکان دەبنەوە، جا چ گرفتی خێزانی بێت یان گرفتی کۆمەڵایەتی بێت.

 

دەربارەی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان

دەسەڵاتی دادوەری لە کوردستاندا دەسەڵاتی سێیەمە و یەکێکە لە سێکوچکەی دەسەڵاتی یاسادانان، واتا پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێ کردنی حکومەت. هەتا ساڵی ١٩٩٢ دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان نەبوو کاری سەرجەم دادگاکانی کوردستان بە یاسای ژمارە (١٦٠)ی ساڵی (١٩٧٩) ڕێکدەخران و سەر بە وەزارەتی دادی بەغدا بوون.

 

بەڵام لە دوای راپەرینی ساڵی ١٩٩١ی باشوری کوردستان و دوای ئەوەی ساڵی ١٩٩٢ ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان هاتەکایەوە، یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە ١٤ی ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوو لە رێکەوتی ١٤ی کانونی دووەمی ١٩٩٣ەوە کار بەم یاسایە کرا، سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانیش لە ژێر ڕۆشنایی ئەم یاسایەدا دامەزرا و سەربە وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان بوو.

 

جۆرەکانی دادگا لە عێراق و هەرێمی کوردستان

بەپێی سیستەمی دادی هەر وڵاتێک شێوازی کار و جۆری دادگاکان جۆربەجۆرن، لێرەدا دەتوانین ئاماژە بکەین بە چەند جۆرێک لە دادگاکان کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا پەیڕەویان لێدەکرێت.


دادگای بەرایی-دادگای سەرەتایی، دادگای تێهەڵچوونەوە، دادگای پێداچوونەوە، دادگای جیاکاری، دادگای باڵا، دادگای باری شارستانی، دادگای باری کەسی، دادگای باڵای دەستووری، دادگای تاوانکار، دادگای تاوانکاریی تایبەت، دادگای تایبەت، دادگای ڕێکخستنی بازرگانی، دادگای سەربازی، دادگای سەرپێچی، دادگای سزادان، دادگای گەورە، دادگای کار و دادگای کەتن، دادگاکانی ھەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای ئەم یاسایە دامەزرێنران.

 

 

تایبەتمەندی و کارەکانی ئەنجوومەنی دادوەری

ئەنجومەنی دادوەری چەندین ئەرکی هەیە، لەوانە: ئامادەکردنی پلان و نەخشە بۆ دامەزراوەی دادوەری و وتووێژی لەسەرکردن، سەیرکردنی کاروباری دامەزراندن، بەرزکردنەوە و پلەوپایەی گواستنەوە و گەڕاندنەوەی دادوەرەکان و لێکۆڵینەوە لە رەوشت و توانایان، سەرپەرشتیکردنی سەربەخۆیی دادوەری، هەروەها ئامادەکردنی بودجەی ئەنجوومەن و بەرزکردنەوەی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەندکردنی لایەنی رێکخستنی کارگێریی و دادگاکان بە کاروباری خزمەتی کارمەندان وجێبەجێکردنیان، لە ئەرکی ئەنجومەنەکەن، هەروەها دانانی پەیڕەوی ناوخۆ بۆئەنجومەن، دامەزراندنی دادوەران کە دەبێت کۆمەلێك مەرجیان تێدابێت لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەریەوە دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو کارانەی پەیوەندیدارن بە کاروباری دادوەرانەوە لە ئەنجومەنەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

 

لەبەر گرنگی ئەم دەسەڵاتە و ئەو پەرەسەندنە ئەرێنییە گەورانەی لەو ماوەیەدا هەموو بوارەکان بەخۆیانەوە بینیویانە، بەتایبەتی دادوەری و فراوانبوونی دادگاکان لە کوردستان لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە، پێویست بوو ناوچەی تازەی تێهەڵچوونەوە دابنرێت و لە پێناوی پاراستنی سەربەخۆیی بە دەسەڵاتی دادوەری و جیاکردنەوەی لە وەزارەتی داد کە بەشێکە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، لە پێناو هێنانەدی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش کە بنەمای دیموکراتییە و لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان پەیڕەو دەکرێت، بۆیە ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە.

 

دەسەڵاتی دادوەری لە ھەموو جیھاندا بە دەسەڵاتێکی بێ لایەن دەژمێردرێت کە نابێت بە ھیچ جۆرێک بکەوێتە ژێر کاریگەری ھیچ حیزب و سیاسەت و عاتیفەیەکی نەتەوەیی و دینی و مەزھەبیەوە، ناکرێت ئەم سیستەمە ڕووبەڕووی ھیچ دەستتێوەردانێک ببێتەوە بەڵام ناتوانین بڵێین کە سیستەمی دادوەری لە کوردستاندا بێ لایەنە یاخود دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و خاوەنی شکۆیە لە سەر دەسەڵاتی تەنفیزی "حکومەت"، ئەمەش لە کۆتا دۆسییەی سزادانی پێنج ڕۆژنامەنووسی دەڤەری بادینان بە شەش ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی سیخوڕی، بەڕوونی بینرا.

 

ت.پ