دەلال خەلیل: ئەو ململانێیەی ئێستا بەرهەمی هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە

ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر زیندوو و مردوو ئەنجام دەدرێن، مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی مەدەنی و بەهاکانی ڕێزگرتن لە یەکتر و پێکەوە ژیانی مێژوویی نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بەتایبەتی نێوان عەرەب و کورد دروست دەکات.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ- ئەو ناوچانەی کە لەلایەن جیهادییەکان و بەکرێگیراوانی هەتەشە و بەکرێگیراوانی سەر بە داگیرکەری تورکیا کۆنترۆڵ دەکرێن، شاهیدی شەپۆلێکی پێشێلکاری ڕەوشتی و ئاینییە، لەوانەش بڕینی جەستە، پیسکردنی گۆڕەکان، وێنەگرتنی مردووەکان و ناوزڕاندنیان لەسەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکاندا.

 

ئەم پێشێلکاریانە لە ناوەڕۆکی بەها مرۆییەکان دەدەن و سەرپێچییەکی ئاشکرای بنەما ئاینییەکان و یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنن و سەقامگیری کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها هۆکارە بۆ ناتەبایی لە نێوان گرووپە جیاوازەکاندا.

 

دەلال خەلیل، کارگێڕ لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی ئایین و بیروباوەڕەکان، ڕایگەیاند، ''پیرۆزی مردووەکان لە بەرزترین بەها مرۆییەکانە، کە هەموو ئایینە ئاسمانییەکان لەسەری کۆکن و لە یاسا و داب و نەریتی کۆمەڵایەتیشدا چەسپێنراوە، هەر پێشێلکارییەک بۆ ئەم بەهایانە یان هەر هێرشێک بۆ سەر پیرۆزی مردووەکان، جا چ بە بڕینی تەرمی مردوو، هەڵکەندنی گۆڕەکان، وێنەگرتنیان یان ناوزڕاندنیان، هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر کۆمەڵگە و کەرامەتی مرۆڤ بەگشتی، هەروەها پێشێلکردنێکی ئاشکرای بەها ئاینییەکان و مرۆڤایەتی پێکدەهێنێت''.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەها ئاینی و ئەخلاقییەکان تەنها لە دەقە ئاینییەکاندا سنووردار نین، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ سیستەمی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی کە گەرەنتی ئاشتی مەدەنی دەکات، لەم ڕوانگەیەوە هەر سەرپێچییەک لەم بەهایانە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ یاسای تاوان، کە سزای هێرشکردنە سەر گۆڕ و تەرمی مردووەکان دەدات و جەخت لەسەر پاراستنی تایبەتمەندی مردووەکە دەکاتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە.

 

''گرنگە هۆشیاری و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و هاندان''

جەختیشی لەوە کردەوە کە پیرۆزی مردووەکان تەنها ئەرکێکی ئاینی یان یاسایی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕادەی ڕێزگرتنی مرۆڤێکە بۆ خۆی و ئەوانی دیکە، هەروەها پێوەرێکە بۆ پێشکەوتن و شارستانیەتی کۆمەڵگەکان، وتیشی: "ئەرکی دامەزراوەکان و کۆمەڵگەیە کە هۆشیاری گشتی لە گرنگی پاراستنی کەرامەتی مردووەکان بەرەوپێش ببەن و هەر جۆرە توندوتیژییەک یان هاندانێک کە بەها ئاینی و ئەخلاقیەکان بکاتە ئامانج، ڕەت بکەنەوە، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگە جۆراوجۆرانەی کە ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئاڵۆزی سیاسی و ئەمنی بوونەتەوە".

 

دەلال خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پێشێلکاریانەی ئەمڕۆ ڕوودەدەن، لەلایەن هەندێک گەنجی کۆمەڵگەی عەرەبیەوە ئەنجامدەدرێن کە پەیوەندییان بەو گروپە وە کردووە کە لەلایەن قەوارە دەرەکیەکانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەنێویاندا دەوڵەتی تورکیا، هەروەها ئەم لایەنانە هەوڵدەدەن کولتووری توندوتیژی و ئاژاوە بچێنن و قسەی ڕقاوی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی سووریادا بڵاوبکەنەوە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەم ڕەفتارە بە تەواوی دژایەتی بەها قووڵە ڕەگداکوتاوەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی دەکات، کە بە پابەندبوون بە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە ژنان و پێگەی ئەوان و توانای چاکسازی کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنی ناکۆکی ناسراوە، هەروەها "ژن هەمیشە سەرچاوەی حیکمەت بووە، دەنگێک بووە کە دڵەکان یەکدەخات و ڕۆحەکان ئارام دەکاتەوە، ئەمڕۆ بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم بەهایانە لە ژێر هەڕەشەی توخمە دەرەکییەکاندان کە هەوڵی شێواندنی مێژوو و میراتی کولتووری کۆمەڵگەی عەرەبی دەدەن".

 

''پەیوەندییە مێژووییەکان هەمەجۆریی کولتووری بەرزکردەوە''

دەلال خەلیل پێداچوونەوەی بە مێژووی پێکەوەژیانی نێوان عەرەب و کورد لە ناوچەکەدا کرد و جەختی لەوە کردەوە، ''کە چەندین سەدە بەردەوام بووە، هەروەها هەردوو گروپەکە بەشدارییان لە بونیادنانی کۆمەڵگە و هاوبەشکردنی زەوی و کولتوور و نەریت و بەشداریکردن لە دامەزراندنی بەها مرۆییە ئیسلامییەکاندا کردووە، هەروەها سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان پاراستنی ئاشتی مەدەنی لە نێوان هەردوو پێکهاتەکەدا وەک ئامانجێکی نیشتمانی ماوەتەوە، بۆیە دەستکەوتی گەورەی ئێمە ئەوەیە کە ئەم پەیوەندییە مێژووییانە بەهۆی جیاوازییە نەتەوەیی و زمانەوانییەکانەوە نەشکێنراون، بەڵکو فرەچەشنی کولتووری و دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵایەتییان بەرزکردووەتەوە".

 

ئاماژەی بەوەدا، ئەو ململانێیەی ئێستا لە ئەنجامی ناکۆکییە بنەڕەتییەکانەوە نییە، بەڵکو بەرهەمی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە دەتوانرێت لە ڕێگەی هۆشیاری و پەروەردە و سیاسەتی دادپەروەرانە چارەسەر بکرێن، هەروەها ''وشەیەکی هۆشیار و هەڵوێستێکی هۆشیار توانای کوژاندنەوەی بڵێسەی ململانێی هەیە، لە کاتێکدا بێدەنگی یان خۆڕازیبوون بەشدارە لە گەورەکردنی قەیرانەکە، بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی هەموو کەسێک و تاک و دامەزراوەکاندایە، بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، چ زیندوو و چ مردوو، هەروەها پاراستنی کۆمەڵگە لە خلیسکان بۆ ناو توندوتیژی و ناسەقامگیری".

 

دەلال خەلیل لە کۆتاییدا وتی: ''ڕێزگرتن لە پیرۆزی مردووەکان و بەرزڕاگرتنی بەها ئاینی و ئەخلاقی و یاساییەکان هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەییە، گەرەنتی بنەڕەتیشە بۆ بەردەوامی پێکەوەژیان لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا و بۆ پاراستنی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی هەبێت، دوور لەو ململانێ و هاندانانەی کە دوژمنانمان هەوڵی بۆ دەدەن لە پێناو چەوسانەوەماندا."