هەڵەبجە ناو و ناوەڕۆکێکی جیاوازە

مهاابد کامیل- مامۆستای زانکۆ

هەڵەبجە ناوێکی جیاوازە لە سەرجەم ناوەکانی دیکە، ناوێک چەندین رەهەندی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، شارێکی پڕاوپر لە جوانی، پڕاوپڕ لە کایەی رۆشنبیری و زانست و کەلتور، پڕاوپڕ لە میهرەبانی و مرۆڤدۆستی، لە هێزی بەرخودان و بە گژاچوونەوەی نادادی و ناپاکی، شارێک لە هەموو وەرزەکاندا بۆنی خۆشەویستی لێدێت.


 لە ١٦-٣ دا هەمووان جارێکی دیکە رادەچڵەکین و سەراپای چەندین رۆژ دەساکێین و هەرگیز بڕوا بەو تاوانە قێزەونە ناکەین، دەمانەوێ ئەو ساتانە لەبیر بکەین، بەڵام ناتوانین، چونکە شارەکەمان وێرانبوو، پێنج هەزار پەپوولە شەهید بوون، درەخت  و گیانلەبەر بێ گیان کران، ئێستا هەمووان بە دوای هیوادا دەگەڕێین و دەمانەوێت هەڵەبجە سیمای بە شار بوونی بۆ بگەڕێتەوە و گەنج  و پیر خۆیان بە خاوەنی ئەم شارە بزانن و وابەستەبن بە ژیانەوە، لە ئێستای دنیای پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیادا پێویستە ئەم شارە پشکی شێری هەبێت و ببێتە نموونەیەکی جوانی شارێکی جیهانی.


هەمووان بەرپرسیارین لە بەرامبەر باشترکردنی هەڵەبجەدا هەرکەس و لایەنێک بەپێی توانا و ئاست و بەرپرسیارێتییەکەی، تەنانەت هەموو جیهان و وڵاتانی ئیقلیمی و مرۆڤایەتی بە گشتی بەرپرسیارێتییان لەسەر شانە.


شارێک ئیدی نابێت و ناکرێت تەنیا فرمێسکی بۆ بڕێژین، بەڵکو دەبێت رەنجی بۆ بکێشین، بەڵێ ئێستا دەوترێت گۆڕانکاری بەڕێوەیە و هەمووان لە ١٦-٣ دا دروشمی جۆراوجۆری بەسەردا هەڵدەدەن، بەڵام لە راستیدا هەنگاوەکان سەرەتایین و تەنیا بە هەڵەبجەییەکان ناکرێت، پێویستە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم ئەو راستییە بزانن کە بوون بە شار تەنیا ناو نییە بەڵکو ناوەرۆکە و کارکردنە لەسەر ناخی تاک بە تاکی هەڵەبجەییەکان، هاوکات لەڕووی ئیداری و بنیاتنانەوەوە پێویستی بە بەدەمەوە هاتنە.


لە راستیدا خەڵکی هەڵەبجە کەسانی دڵسۆز و خۆنەویستن و شاری خۆیان خۆشدەوێت، بەڵام پێویستیان بە هاوکارییە، پێویستیان بەوەیە شارەکەیان کاری تێدابێت و ناچارنەبن بۆ بژێوی ژیانیان کۆچ بکەن، ئەم شارە کەرەستەی بوژانەوەی تێدایە و دەوروپشتی سروشتێکی دڵڕفێنی هەیە و دەکرێت ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی ئایینی و گەشتیاریی سروشت و جوانی و هەمووان سەردانی بکەن.


ئێمەش دەڵێین خودایە وەتەن ئاوەدان بکەیت و چیتر هیچ کەسێک نەکوژرێت و نەبێتە قوربانی جەنگ و حەزە نەگریسەکان. ئێمەی کورد و هەڵەبجەیی زۆرباش لە جەرگ سووتان و ماڵوێرانی تێدەگەین، بۆیە بە بیستنی جەنگ رادەچڵەکێین و نامانەوێت جەنگ بەردەوام بێت