بەهێزکردنی ژن، بەهێزکردنی تەواوی نیشتمانە

خەڵات فەرەیدون - سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

رۆژی جیهانیی ژنان "٨ی مارس"، تەنها وێستگەیەک نییە بۆ پیرۆزبایی، بەڵکو رووبەرێکی قووڵە بۆ هەڵوێستەکردن لەسەر خەباتی نیو سەدەی ژنان دژی چەوساندنەوە، ئەم رۆژە رەمزی ئەو جەستە و رۆحە ماندووانەیە کە بۆ یەکسانیی و دادپەروەریی جەنگاون، بۆ ئێمەی کورد ئەم یادە مانیفێستی خۆڕاگرییە، چونکە ژنی کورد هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی قەیران و شۆڕشەکاندا بووە، هەم قوربانیی دەستی مێژوو بووە و هەمیش تاقە ئەندازیاری راستەقینەی گۆڕانکارییەکان بووە.


ئاسودەیی ژن، زامنی ئاسودەیی نیشتمانە
ژن ئەو رۆحە خەمخۆر و خۆڕاگرەیە کە نەک هەر خۆی، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگە پەروەردە دەکات، راستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە، ئەگەر ژن لە ناوماڵ و لە ناو شەقامدا هەستی بە ئاسوودەیی و کەرامەت کرد، ئەوا هەموو کۆمەڵگە بەرەو ئارامی هەنگاو دەنێت. ئەمڕۆ ژن لە زۆر بواردا گەیشتووە بە پێگەیەکی گرنگ لە زانکۆکاندا وەک مامۆستا و توێژەر، لە رۆژنامە و میدیا وەک دەنگی راستیی، لە پەرلەمان و دامەزراوەکاندا وەک بڕیاردەر، ژنان سەلماندوویانە «هێمای ئازایەتی» تەنها وشە نییە، بەڵکو واقیعێکی سەلمێنراوە، ژنان دەیانەوێت گوێیان لێ بگیرێت و رێزیان لێ بگیرێت و بڕیار لەسەر جەستەی خۆیان بدەن.


بەربەستە رەشەکانی بەردەممان
با راستگۆ بین، وێنەکە هێشتا تەواو گەشبینانە نییە، هەتا ئەم ساتەش لە سوچێکی ئەم وڵاتەدا بەشێک لە ژنان دەکوژرێن و تیرۆری جەستەیی و رۆحی و دەروونیی دەکرێن، دەستدرێژیی سێکسی و جەستەیی، توندوتیژی و تیرۆر لە ژێر ناوی ناموس و شەرەف، کپکردنی ئازادی رادەربڕین، نموونەی سەرەکی و ئاشکرایە وەک دیاردەیەکی رۆژانە دڵی مرۆڤایەتی بریندار دەکەن، تیرۆرکردنی چالاکوانی مافی ژنان "یەنار محەمەد" لە چەند رۆژی رابردوودا لەناو ماڵەکەی خۆیدا، بەڵگەیەکی زیندووە کە دەیسەلمێنێت سیستمی پیاوسالاری و باوەڕە کۆنەپەرستەکان هێشتا وەک مۆتەکە رێگری لە گەشەی ژنان دەکەن. 

 

ئەو چەکەی مێژوو دەگۆڕێت
پەروەردە ئامرازێکی بنەڕەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیاوسالاری و دروستکردنی ئەو گۆڕانکارییە کەلتورییەی پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی لە نێوان تاکەکاندا، باوەڕی کۆنەپەرستی و نایەکسانیی جێندەریی بۆتە هۆی ئەوەی تا ئەم ساتەش بەشێک لە کچان لە سەرانسەری جیهاندا نەتوانن مافی خوێندنیان هەبێت یان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن، ئێمە دەبێت تێبگەین تەنها بە یاسا ناتوانین یەکسانیی دابین بکەین، بەڵکو پێویستمان بە شۆڕشی پەروەردەیی هەیە، پەروەردە تەنها رێگەیە کە دروشمەکان دەگۆڕێت بۆ رەفتار، لە کوردستاندا ژنان زۆرینەی جومگە پەروەردەییەکانی "وەک مامۆستا" پێکدەهێنن، دەبێت ئەمە وەک چەکێکی کاریگەر بەکاربهێنن و لای هەمووان روون بێت فێربوونی کچان،  هەنگاوێکی گرنگە بۆ بنەبڕکردنی هەژاری و باشترکردنی تەندروستی خێزان.


وەبەرهێنان لە تواناکانی ژناندا
کۆمەڵگەی کوردی دەبێت بزانێت وەبەرهێنان لە تواناکانی ژنان و کچاندا، باشترین رێگەیە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێز و سەقامگیر، ژنی کورد هەموو کات پێشەنگ بووە، لە کاتی شۆڕش و قەیرانەکاندا لە پێشەوەی خەباتدا بووە، هێمای ئازایەتی و خۆڕاگری بووە لە شاخ و لە شارەکاندا، لە قوتابخانە و زانکۆکاندا. نموونەی ژنانی شەڕڤانی رۆژئاوا، کە جیهانیان تووشی سەرسوڕمان کرد، پێمان دەڵێن ژن گەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، دەتوانێت خاک و نیشتمان و فیکریش لە دەستی تاریکیی بپارێزێت. کەواتە داخستنی بۆشایی جێندەریی نەک تەنها بۆ دادپەروەریی، بەڵکو بۆ کوالێتی زانست و تەکنۆلۆژیاش زەروورەتێکی هەنووکەییە.


کردار نەک تەنها گوفتار
با هەشتی مارس یادێک بێت بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی  ژناندا، ئەم یادە لە چوارچێوەی دروشم و ئاهەنگگێڕانی رواڵەتی تێپەڕێنرێت و ببێتە هەوێنی گۆڕانکاری راستەقینە و دەرفەتێک بێت بۆ بەهێزکردنی ژنان، دابینکردنی یەکسانی، رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، داهاتووی ژنی کورد بەستراوەتەوە بە هوشیارییەکی نوێوە، هوشیارییەک تێیدا یەکسانیی تەنها وشە نەبێت، بەڵکو کردار بێت، کاتێک ژن و پیاو بە یەک چاو بینران و دەرفەتەکان بە دادپەروەریی بەش کران، ئەو کاتە کوردستان دەبێتە نموونەیەکی جیهانیی، هاوکات پێویستە هوشیاریی جێندەری، لە قۆناغی سەرەتاییەوە بچێتە ناو پرۆگرامەکانی خوێندنەوە بۆ ئەوەی نەوەیەک پێبگات ژن وەک "مرۆڤی تەواو" ببینێت، نەک وەک پاشکۆ.