٨ی ئادارو ژنان لە سەردەمی ئاڵەنگاریدا؛ لە مەغریبەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

حەنان حارت- ڕۆژنامەنووسی مەغریبی

وەک ژنێکی مەغریبی و ڕۆژنامەنووس، ٨ی ئاداری هەموو ساڵێک وەک دەرفەتێک بۆ خۆڕاگری و تێگەیشتن لەو ڕاستیە ئەزموون دەکەم کە ئێمەی ژنان تێیدا دەژین، لێرە لە مەغریب و لە سەرانسەری ناوچەکە.

 

ژیانی ڕۆژانەم پڕە لە چەندین بەرپرسیارێتی: لە دوورەوە کار دەکەم، کارەکانی ماڵەوە بەڕێوە دەبەم، چاودێری کچەکەم دەکەم و گەشت دەکەم بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنان و کۆکردنەوەی چیرۆکەکانیان، توانای ئێمە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم چەندین ئەرکەدا دیارییەکی سروشتی نییە، بەڵکو بەرهەمی ئەو ڕاستیانەن کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، هەروەها فێربوونی ڕێکخستن و پلاندانان و یەکەمایەتیدان لە ژێر فشارەکانی ژیانی ڕۆژانەدا، ئەم ئەزموونە کەسییە گەورەیی ئەو ئاڵەنگاریانە ئاشکرا دەکات کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و تیشک دەخاتە سەر ئەو بەرخۆدانەی ڕۆژانەیە کە تایبەتمەندی ژیانی ژنانە، چ لە ڕووی پیشەیی و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە.

 

هەروەها ئەزموونی کەسیی من ئاڵەنگاری فراوانتر لە مەغریب ئاشکرا دەکات، توندوتیژی دژی ژنان لە هەموو بوارەکاندا بەربڵاوە و نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرفراوانتر دەبێت و نوێنەرایەتی ژنان لە پۆستە بڕیاردەرەکاندا ڕەنگدانەوەی خواست و لێهاتوویی ئەوان نییە، بۆ من ٨ی ئادار تەنها ڕۆژێک نییە بۆ ئاهەنگگێڕان، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە، ئایا ئێمە ئەوەندە کار دەکەین بۆ ئەوەی مافەکان ببنە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان؟

 

سستی ژنانی مەغریبی لە کاتی کارەساتە سروشتییەکانیشدا دیارە، بوومەلەرزەکەی ”حوز” ”حەوز” و لافاوەکەی”آسفي” ”ئاسفی” و ”قصر كبير” ”کۆشکی گەورە” ئەو بارگرانییە زیادانەی ئاشکرا کرد کە ژنان هەڵیدەگرن، لەدەستدانی ماڵ و مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک، بەرپرسیارێتی پاراستنی منداڵ و خێزان و بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوە، ئەم ئەزموونە ڕۆژانەیانە ئەوە دەردەخەن کە ژنان زۆرجار سەختی کارەساتەکان لە ئەستۆ دەگرن و ئاڵەنگاریەکە نەک تەنها لە یاساکاندا، بەڵکو لە توانای کۆمەڵگە و دەوڵەتدایە بۆ دابینکردنی پاراستنی ڕاستەقینە.

 

لە کاتی گواستنەوە بۆ چوارچێوەی ناوچەیی، وێنەیەکی فراوانتر لە ئاڵەنگاری ژنان سەرهەڵدەدات، لە جەزائیر و تونس و لیبیا پرسی ژنان لەگەڵ توندوتیژی خێزانی و پەراوێزخستنی ئابووری و نەبوونی نوێنەرایەتی سیاسی تێکەڵاون، لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، مەترسییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو گەورەتر دەبن.

 

بۆ نموونە لە سووریا ئەو شەڕڤانە کوردەی لە کاتی بەرگریکردن لە خاکەکەیدا کوژرا، بوو بە سیمبولێک بۆ ژنان لە شەڕدا، بڕینی کەزیەکەی دوای مردنی و دەرکەوتنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بوو بە نیشانەیەکی سیمبولی بەرخۆدان و کۆڵنەدان، ئەمەش نیشانی دا کە دەنگی ژنان بێدەنگ ناکرێت، تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا.

 

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژنان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەرە، ململانێکان تەنها لە سیاسەت و ئابووریدا سنووردار نین، هەروەها بارگرانی زیاتر بەسەر ژناندا دەسەپێنن: نائاسایشی خۆراک، ئاوارەبوونی خێزان، تێکدانی خوێندن، توندوتیژی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، زیادکردنی بەرپرسیارێتی خێزانی، ژنان لە ناوچەکەدا سەختی ئەم ململانێیانە لە ئەستۆ دەگرن و ڕۆژانە ڕووبەڕووی دووڕیان دەبنەوە کە سنوورە نیشتمانییەکان تێدەپەڕێنن، لەگەڵیشیدا مافەکانیان بەستراوەتەوە بە سەقامگیری و دادپەروەری مرۆییەوە نەک تەنها بە یاساکانەوە.

 

ئەم پەیوەندییەی نێوان خۆجێی و ناوچەیی، تاک و پێکەوەی، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە خەباتی ژنان یەکگرتوون: لە مەغریبەوە تا سووریا، لە تونسەوە بۆ عێراق، یەمەن، سودان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.

 

چیرۆکەکانی بەرخۆدان و خەباتی ژنان لەیەکتر دەچن، نیشانی دەدەن کە مافەکان دروشمێک نین کە ساڵانە جارێک دەوترێنەوە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی پێکەوەییە کە ئێمە ڕۆژانە دەژین، کەزی خەباتگێڕی کورد کە سیمبولی بەرخۆدانە، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە دەنگی ژنان بێدەنگ ناکرێت.

 

ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕۆژانە و بەرخۆدانەی ئێمەی ژنان ئەزموونی دەکەین دەتوانن بگۆڕدرێن بۆ کردارێکی بەکۆمەڵ کە ڕاستی دەگۆڕێت و دووپاتی دەکاتەوە، کە هەموو ئەزموونێکی تاکەکەسی پەیامێکی فراوانتر هەڵدەگرێت، لە ژیانی ڕۆژانەمدا، خۆم دەبینمەوە کە هەوڵدەدەم هاوسەنگی لە نێوان کارەکانم وەک ڕۆژنامەنووسێک لەگەڵ بەرپرسیارێتیەکانم وەک دایکێک دابنێم: کچەکەم، ئەمیرە، تەمەنی حەوت ساڵە، هەڵمبژارد لە خوێندنگەیەکدا ناوی تۆمار بکەم کە بۆ تەواوی ڕۆژەکە تێیدا دەمێنێتەوە، لە کاتژمێر ٨:٣٠ بەیانی تا ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، بۆ ئەوەی بتوانم بەردەوام بم لە کارەکەم و لەو ماوەیەدا گەشت بکەم بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتنە مەیدانییەکانم، هەندێک جار خۆم دەبینمەوە کە پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا دەکەم بۆ ئەوەی پێش کاتژمێر ٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ کارەکانم تەواو بکەم، پێش ئەوەی تەواو بێت لە خوێندنگە بگەڕێمەوە.

 

هەندێک ڕۆژ، دەبێت ڕاستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی خوێندنگەکە بکەم بۆ ئەوەی داوا بکەم ئەمیرە لە زوێندنگە بمێنێتەوە تا دەگەڕێمەوە، لەبری ئەوەی بە پاس بنێردرێت، چونکە هاوژینەکەم درەنگ لە دەوام تەواو دەبێت، لە کاتێکدا، من خەریکی ڕووماڵکردنی کۆبوونەوەی ژنانم لە ناوچەیەکی دوور و ناردنی نوێکاری کورت بۆ دڵنیابوون لە پارێزراوی، هەوڵدەدەم بە وردی بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەکانم بکەم، ئەم کردەوە هاوسەنگییە ڕۆژانەیە، وا دەکات ئاگادارم لە گەورەیی ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، چۆن ئەزموونە تاکەکەسییەکان دەتوانن ببنە پەنجەرەیەک بۆ تێگەیشتنێکی فراوانتر لە سەختی و ئەو مافانەی کە داوای دەکەین.

 

کەواتە ٨ی ئادار تەنها بۆنەیەک نییە بۆ ئاهەنگگێڕان، بەڵکو ساتێکە بۆ تێڕامانێکی قووڵ و بۆ بەرخۆدان و ناردنی پەیامێکی ڕوون لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی: مافی ژنان دروشم نین، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی پێکەوەین کە ئێمە ڕۆژانە دەژین و دەنگی ژنان لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە.

 

هێزی ڕاستەقینەی ژن لە سروشتەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە توانای خۆڕاگریمان و گۆڕینی کۆت و بەندەکانی ڕۆژانە بۆ ستراتیژێکی ژیان، لە بەرزکردنەوەی دەنگمانەوە بۆ ئەوەی بیری هەمووان بخەینەوە کە دادپەروەری و یەکسانی لە مافی ژنانەوە دەست پێدەکات، و خەباتی ژنان لە هەموو هەلومەرجێکدا بەردەوامە، چ لە دڵی شارەکانی مەغریب یان لە بەرەکانی پێشەوەی ململانێ و بەرخۆدان لە ناوچەکەدا.