پەیامنێری جەنگ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەرامبەر بە ئەرک و بەرپرسیارێتی

چیمه‌ن محه‌مه‌د ره‌شید - چالاکوانی سیاسی

ڕۆژنامەوانیی جەنگ بەشێکە لە ڕۆژنامەوانیی گشتی، و ئەوەی هەواڵی جەنگ دەگوازێتەوە پەیامنێری جەنگە. هەرچەند ڕۆژنامەوانان لە ژانرەکانی تریشدا بەشدارن بەڵام ئەوەی دەچێتە مەیدانی جەنگ یان شوێنی ڕوداو پەیامنێرە و لە هەموو سەرچاوە و زمانەکان بە پەیامنێری جەنگ ناوی دێت.

 

 پەیامنێری جەنگ: ئەو ڕۆژنامەوانەیە دەکرێت لەهەر ژانرێکی ڕۆژنامەوانیدا کار بکات وەک: پەیامنێر، پێشکەشکار، بێژەر، و سەرنوسەر، کە دەنێردرێت "یان دەچێت" بۆ مەیدانی جەنگ بەمەبەستی ڕوماڵکردن و گواستنەوی هەواڵ و زانیاری و بابەتە مرۆییەکان لە ناوجەرگەی ڕوداوەوە.

 

ئایا هەموو ڕۆژنامەوانێک کاری پەیامنێری جەنگ دەکات؟

بێگومان نەخێر، مەبەستمان ئەوەیە  پێش ئەوەی ببێت بە پەیامنێری جەنگ پێویستە تایبەتمەندیی پەیامنێری جەنگی هەبێت و ڕاهێنانی کردبێت و ئامادەکرابێت بۆ ئەو مەبەستە .

 

پەیامنێری جەنگ پێویستە:

 یەکەم: زانیارییە پیشەییەکانی تایبەت بە بواری ڕۆژنامەوانی هەبێت، دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن بێت یان ئەزمون و شارەزایی لەسەر ژانر و ئەرک و ئیتیک و بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەوانی، ... هتد ی هەبێت.

 

دووەم: وەک خۆی پێویستە:

-توانای جەستەیی باشی هەبێت تا بتوانێت لەکاتی مەترسیدا ڕابکات یان بە هەرشێوەیەک بتوانێت ژیانی رزگار بکات و کەلوپەلە تایبەتەکانی بەرێت .

-شۆفێری بزانێت بۆ کاتی پێویست.

-بتوانێت دیمەنی جەنگ و نەهامەتیەکانی ببینێت و بەرگەی بگرێت.

 

 سێیەم: پێویستە ئەم ڕاهێنانانەی کردبێت :

-ڕاهێنانی  فریاکەوتنی سەرەتایی.

-ڕاهێنان بۆ ناسینی چەک؛ ناو و کاریگەرییان، خۆپاراستن لێیان.

-ڕاهێنانی خۆپاراستن لە بەرەی جەنگ بۆنمونە لە مین.

-ڕابهێنرێت لەسەر ئەو پێداویستیانەی پێویستن وەک ناسنامە، هەندێک پێداویستیی فریاکەوتنی سەرەتایی، کڵاو و چاکەتی گولەنەبڕ، پێداویستی ڕۆژنامەوانی، ئاو و خواردن، کەلوپەلی پێویست.

-ڕاهێنان لەبارەی چی بکات کاتێک دەکەوێتە کەمین یان دەڕفێنرێت، هەرچەندە بەداخەوە هەندێک جار ژیانی لەمەترسیدا دەبێت،  بەڵام چۆنیەتی خۆپاراستن و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕوداوەکان و لایەنی مەعنەوی هاوکارە و زۆر جار هۆکارە بۆ پاراستنی ژیان.

 

ئەرک و بەرپرسیارێتی

ئەرکی سەرەکیی ڕۆژنامەوان گواستنەوەی هەواڵ و زانیاریە، هەروەها پەیامنێری جەنگ بێجگە لەوە ئەرکی تۆمارکردنی پێشێلکارییە مرۆییەکان لە بەرەی جەنگ و لە شوێنی ڕوداوی جەنگ و هێرشەکان، بێگومان بەشێوەی زانستی و بنەما مرۆییەکان، لە هەمان کاتدا جەماوەریش تینوی زانینی هەواڵە و پێویستی بەوەیە بزانێت چی ئەگوزەرێت.

 

 بەڵام لە کاتی جەنگدا پێویستە:

-هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ سوپادا .

-پابەند بێت بە بەیاننامەی وڵات .

-زانیاریی سەربازی وەک جۆری چەک و چەندێتی، ژمارەی سەرباز، بێگومان لای ئیمە پێشمەرگەیە، بارودۆخیان بە هیچ جۆرێک باس ناکرێت .

-باسی بابەت ناکرێت خەڵک بترسێنێت، مانای وانیە ناڕاستی بڵێت، بەڵام شێوازی گواستنەوەکە رۆڵ دەبینێت .

ئاسایشی کەسەکان، سوپا، شوێنەکان، ئابوری، تەندروستی، ... هتد بپارێزێت.

 

پێشەنگی "سبق"ی ڕۆژنامەوانی و بەپەلە لە کاتی جەنگ و قەیرانەکان ئەوە نییە زووترین کات هەواڵ بدرێت، پێویستە زانیاری گرنگ بە هاوڵاتی بدرێت، هەواڵ بەشێوەیەک  بێت دوژمن یان هێزی بەرامبەر سودی لێوەرنەگرێت، هەندێک جار ڕۆژنامەوان بزانێت یان نەزانێت دەبێت بە سەرچاوەی زانیاری هێزی بەرامبەر و دوژمنەکان یان هێرشبەرەکان.

 

پەیامنێری جەنگ  پێویستە زۆر بەوریایی مامەڵە لەگەڵ زانیارییەکان بکات و نهێنی پارێزێکی باش بێت، دوژمن هەندێک جار لەرێگای ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیەوە ئەو زانیارییانەی دەیەوێت دەستی دەکەوێت، ڕۆژنامەوان دەبێت لەوە وریا بن هەرکەسێک بەهەر ناوێک داوای ڕاپۆرتی لێکردن نەیدەنێ نە بە زارەکی نە بە نوسراو لەبەرئەوەی ئەوکاتە کاری ڕۆژنامەوانی بۆ مەبەستی تر دەقۆزرێتەوە .

 

لەبەرئەوە لە تایبەتمەندییەکانی پەیامنێری جەنگ ئەوەیە:

پاشخانی سیاسی هەبێت، وە بزانێت  چی  و چۆن و کەی چی دەڵێت.

بێگومان نابێت زانیاری ناڕاست و چەواشە بدات بە هاوڵاتی، ئەگەر وابکات متمانە لەدەست دەدات .

شوێنی ستراتیژی و شوێنە ئامانجدارەکان بەتایبەت بپارێزێت.

 

 پەیامنێری جەنگ و سەردەمی دیجیتاڵی:

پیشەی پەیامنێری جەنگ بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە. (ولیەم هاوارد راسل) بە یەکەم پەیامنێری جەنگ دادەنرێت لەساڵی ١٨٥٤ بە شێوەیەکی شارەزا ڕوماڵی جەنگی (قرم) ی کرد بۆ رۆژنامەی تایمز.

 

بەڵام قۆناغەکانی وەک تەکنیک و شێوازی روماڵکردن بەپێی کات و سەردەم گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە، لە سەرەتادا هەواڵەکانیان دەنوسی و لە ڕێگەی بەریدەوە دەیاننارد، بێگومان کاتی پێدەچوو، بەڵام ئێستا وێنە و ڤیدیۆ لەناوجەرگەی ڕوداوەکانەوە لە هەمان کاتی روداندا دەنێردرێت.

 

پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لەگەڵ ئەوەی کارئاسانی بۆ ژیان و بەتایبەت کاری ڕۆژنامەوانی کردووە لە وێنە و ڤیدیۆ گرتن، گەیاندنی هەواڵ ... لە هەمان کاتیشدا  ڕۆژنامەوان دەخاتە بەردەم ئالنگاری تری سەردەمی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، تەکنەلۆژیای ژمارەیی (التكنلوجيا الرقمية)، زیرەکی دەستکرد، ... هتد.

 

لەبەر ئەوە ئەرکی تری وەک ئاسایشی ڕۆژنامەوانی و وردی و خۆپاراستنی زیاتر تەنانەت بۆ پاراستنی ژیان و شوێنی وا باشە لە زۆر شوێن مۆبایلی مۆدێلی کۆن بەکار بێنێت، و ئامادەیی هەبێت بۆ وەڵامی پڕوپاگەندە بەتایبەت لەمڕۆدا سۆشیال میدیا رۆڵی زۆر دەبینێت لە بڵاوکردنەوە .

 

کەواتە ئەرکی ڕۆژنامەوان ئەرکێکی پڕ لە بەرپرسیارێتی دەبێت بێجگە لە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی کەهەمیشە لەهەموو کات پێویستە رەچاو بکرێت، ئەوا لێپرسراوێتیی راستی هەواڵ، چۆنێتی هەواڵ، کاریگەریی هەواڵ لەسەر دۆخی سیاسی، ئابوری، دەرونی، ... هتد.

 

ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبکەین رۆڵی هەموو ئەو دامەزراوە پەیوەندیدارانەیە کار بۆ پێگەیاندنی پەیامنێری جەنگ بە شێوەیەکی دروست و بەرپرسیارانە بکەن، پێویستە بەهەماهەنگی  لەلایەن حکومەت و دامەزراوە ڕۆژنامەوانییەکان و سەندیکای ڕۆژنامەوانی خولی تایبەت بکرێتەوە بۆ ئەو ڕۆژنامەوانانەی دەتوانن ببن بە پەیامنێری جەنگ و داوا لە لەدامەزراوە ڕۆژنامەوانییەکان بکرێت کە بەشداربووی خولەکە بنێرن، بێگومان بە کۆمەڵێک خەسڵەت کە باسمان کرد وەک جەستەیی، هزری، هەروەها کەسانی نیشتمانپەروەر بن وە شارەزاکردنیان بە بابەتەکانی وەک ژانری ڕۆژنامەوانی، ئەرک، ئیتیک، بەرپرسیارێتی، هەروەها پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و کەسی هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بەکاری پەیامنێری جەنگ.

 

مەرج نیە پەیامنێری جەنگ بەردەوام بێت، کاتێک متمانەی نەما یان خۆی نەیویست، بەردەوام نامێنێت. پەیامنێری جەنگ دەتوانێت کاری تری ڕۆژنامەوانی بکات لەبەرئەوەی هەموو ژیان هەر جەنگ نییە .