جەنگ و رووماڵکردنی میدیایی

پاڤێ جەمیل ئەحمەد- ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی

لە چوارچێوەی شەڕ و قەیرانە ئەمنییەکاندا، میدیا  تەنیا رۆلی گەیاندنی زانیاریی نییە، بەڵکو ئەم رۆڵەی دەگۆڕێت بۆ رۆلێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی بەهێز کە تێڕوانینی گشتیی بۆ رووداوەکان لە قاڵب دەدات. جەنگ تەنیا لە بەرەکانی جەنگدا ناکرێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ هەموو کایەکان بەبێ جیاوازی و بواری میدیایش دەگرێتەوە. لەم روانگەیەوە، دەکرێ میدیای کوردی وەک مۆدێلێکی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە سروشتی رووماڵکردنی میدیا لە بارودۆخی ناکۆکیدا سەیر بکرێت، بەتایبەتی کاتێک هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرش، یان هەڕەشەی سەربازی دەبێتەوە.


لە ئەدەبیاتی میدیای هاوچەرخدا ئاماژە بەوە دەکرێت، کە رووماڵی جەنگ بە شێوەیەکی تایبەت بە دوو لۆژیکی هاوتەریب بەڕێوەدەچێت، یەکەم: لۆژیکی پیشەیی رۆژنامەگەریی، کە راپۆرتکردنی ورد و بابەتییانە لە پێشینەی کاردایە. دووەم: لۆژیکی ئاسایشی سیاسی، کە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی گشتی و رێگریکردنە لە دزەکردنی زانیارییە هەستیارەکان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆرجار دەسەڵاتداران پەنا دەبەنە بەر لە قاڵبدانانی کەناڵە میدیاییەکان، یان رێسادانان لە کاتی قەیرانەکاندا بۆ دیاریکردنی سروشت و سنووری رووماڵکردنی رووداوەکان. لەم دۆخەی هەرێمی کوردستاندا، ئەم سیاسەتە میدیاییە لە کاتی هێرشی سەربازی، یان هەڵکشانی ئەمنیدا بە روونی دیار نییە. دەسەڵاتە فەرمییەکان رێنمایی تایبەت بە دەزگاکانی راگەیاندن دەردەکەن سەبارەت بە میکانیزمەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ، وەک پێویستی پشتبەستن بە سەرچاوەکانی حکومەت، دوورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی وردەکارییە مەیدانییە هەستیارەکان و خۆبەدوورگرتن لە بڵاوکردنەوەی وێنە، یان زانیاریی کە دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ، یان لەوانەیە لەلایەن قەوارە دوژمنکارەکانەوە بقۆزرێنەوە. لە رووی شیکارییەوە دەتوانرێت لەم رێوشوێنانە لە چوارچێوەی ئەو بابەتەدا تێبگەین کە بە «بەڕێوەبردنی زانیاریی لە کاتی قەیرانەکاندا» ناسراوە و سیاسەتی میدیایی بە ئامانجی رێکخستنی رەوتی هەواڵەکان بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی لە نێوان شەفافییەت و پێداویستییە ئەمنییەکاندا دەبێت رەچاوی بکات، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەبیندریت لە میدیای کوردیدا بەگشتی  ناپابەندیی میدیا و میدیاکارانە بەم  سیاسەتە و تەحەدای پیشەیی ئاڵۆز دەکەن. لەبەرئەوەی  لە لایەک میدیا پێویستە متمانەی خۆی لەگەڵ خەڵکدا بپارێزێت و لە لایەکی دیکەشەوە پابەندە بەو رێنماییە فەرمییانەی کە لە هەلومەرجی جەنگدا دەردەچن. لە ئەزمونی میدیای کوردیدا وا دەردەکەوێت کە زۆربەی دەزگاکانی راگەیاندن بە وریایی میدیاییەوە مامەڵە لەگەڵ زانیاری و رووماڵی میدیایی جەنگ و هێرشەکان ناکەن، بۆ نموونە چاوەڕێ ناکەن کە لەسەرچاوەی سەرەکی و فەرمیی زانیاری پشت بەستراو بە لێدوانی فەرمی، زانیارییەکان وەربگرن. ئەم شێوازە لە رووماڵکردن بەشدارە لە سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان، بەڵام هەندێکجار دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی پانتایی شیکاریی، یان دواکەوتنی بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی پەیوەست بە رووداوەکان.


شانبەشانی میدیای تەقلیدی، سۆشیال میدیا لەم ساڵانەی دواییدا وەک میدیایەکی  سەرەکیی لە پرۆسەی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا لە کاتی قەیرانەکاندا سەریهەڵداوە. هەموو تاکێکی کۆمەڵگە ئەگەر مۆبایل، یان هەر ئامێریکی زیرەکیی پەیوەندیی پێبێت توانیویەتی دەستبەجێ وێنە و ڤیدیۆکان بڵاوبکەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێکی دی لە راگەیاندن کە لە میدیادا بە «رۆژنامەگەریی هاووڵاتی» ناسراوە. ئەم دیاردەیە لە بنەڕەتدا گۆڕانکاریی لە سروشتی لێشاوی زانیاریدا کردووە، بەو پێیەی چیتر دامەزراوەکانی راگەیاندن تاکە سەرچاوەی هەواڵ نین.


لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەم پلاتفۆرمانە رۆڵێان هەبووە لە بڵاوکردنەوەی گرتە سەرەتاییەکانی رووداوەکان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە رووبەڕووی بۆردوومان، یان ئۆپەراسیۆنی سەربازی بوون، بەڵام ئەم بڵاوبوونەوەی خێرای زانیارییە هەندێکجار لەگەڵ کێشەی پەیوەندیدار بە نەبوونی پشکنینی راستییەکانی هەواڵ و زانیاری و پابەندبوون بە پیشەی کاری میدیایی دروست دەبن، ئەمەش دەرگا بە رووی بڵاوبوونەوەی زانیاریی نادروستدا دەکاتەوە، یان زیادەڕەوی لە گێڕانەوەدا دەکات. بۆیە دەزگاکانی راگەیاندن بە شێوەیەکی ئاسایی و دووبارە ئەم گرتە و ڤیدیۆ چەواشەکاری و فەیکانە بڵاو دەکەنەوە لەناو چوارچێوەیەکی هەواڵی پرۆفیشناڵترەوە پشتڕاستی دەکەنەوە.


هەربۆیە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە رەفتاری گشتی لە کاتی قەیرانەکاندا جیاوازە لە بارودۆخی ئاسایی. تاکەکانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان زۆرجار پشت بەسەردانی مەیدانی دەبەستن بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی خێرا. لە بەرامبەردا ئەوانەی لە رووی جوگرافییەوە لە رووداوەکەوە دوورن، پشت بە دەزگاکانی راگەیاندن و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەبەستن بۆ تێگەیشتن لە دۆخی پەرەسەندنی رووداوەکان.


لەم روانگەیەوە دەتوانرێت بڵێین کە لەم هەلومەرجەدا جەماوەر نەک هەر هەواڵ بەکاردەهێنێت بەڵکو بەشداریی دەکات لە بەرهەمهێنانی مانای کۆمەڵایەتی رووداوەکان. ئەو گفتوگۆیانەی لە سۆشیال میدیادا دەسوڕێنەوە، رەنگدانەوەی پرۆسەیەکی بەکۆمەڵن بۆ لێکدانەوەی رووداوەکان و بەستنەوەیان بە چوارچێوەی سیاسی و ئەمنی فراوانتر. هەروەها ئەم باسانە بەشدارن لە بەهێزکردنی هەستی هاودەنگی و ناسنامەی هاوبەش، بەتایبەتی کاتێک باس لە هێرش، یان هەڕەشە دەکرێت کە کۆمەڵگە بە گشتی دەکاتە ئامانج.


ئەزموونی میدیای کوردی لە رووماڵکردنی شەڕەکاندا کارلێکێکی ئاڵۆزی نێوان میدیا و سیاسەت و کۆمەڵگە دەردەخات. لەم هەلومەرجەدا میدیا دوو رۆڵ دەگێڕێت: لە لایەک ئامرازێکە بۆ گواستنەوەی زانیاری، لە لایەکی دیکەشەوە ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردنی تێڕوانینی بەکۆمەڵ بۆ قەیرانەکە. بۆیە پەرەپێدانی سیاسەتی میدیایی پرۆفیشناڵتر بۆ بەڕێوەبردنی هەواڵەکان لە کاتی شەڕەکاندا و پێشخستنی کەلتوری پشکنینی راستییەکان پێشمەرجێکی سەرەکین بۆ بنیاتنانی میدیایەک کە توانای جێبەجێکردنی رۆڵی پیشەیی خۆی هەبێت بەبێ ئەوەی سازش لەسەر ئاسایش و سەقامگیری بکات.