ئافرەتی کورد و مێژووی خەبات، بەرخودان و بەردەوامی
عەدالەت عومەر - نووسەر
ڕۆژی جیهانی ژنان بۆنەیەکە بۆ یادکردنەوە لە خەبات و تێکۆشانی ژنان لە سەرتاسەری جیهان بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادی. لە نێو ئەم مێژووە جیهانییەدا، ژنانی کورد بە شێوەیەکی تایبەتی شوێنێکی دیار و بەرزیان هەیە. چونکە تەنها بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتی نەبووە، بەڵکو مێژووی خەبات، بەرخودان و پاراستنی ناسنامە و شوناسی نەتەوەییە.
بە درێژایی مێژووی کوردستاندا، ژنی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەرگریی نەتەوەیی و پاراستنی زمان و کولتور و ناسنامەی کوردی و مافەکانیان بەشداریان کردووە.
بە درێژایی مێژوو، ژنانی کورد هەمیشە لە پەیوەندییەکانی خێزان و کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی بنەڕەتیان گێڕاوە. بەڵام ئەم ڕۆڵە تەنها لە سنووری ماڵ و ژیانی ڕۆژانەدا نەماوەتەوە، بەڵکو لە کاتی روبەرو بوونەوەی جەنگ و جینۆساید بە شێوەیەکی بەرچاو دەستەو یخەی ژیان و مردن بووینەوە.
ئافرەتی کورد لە زۆر قۆناغی مێژوودا بەشداریان لە خەباتی نەتەوەیی کردووە. لە شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان ژنان نەک تەنها پشتگیرییان کردووە، بەڵکو خۆیان بوون بە بەشێکی سەرەکی لە بەرخودان و پاراستنی خاک و ناسنامەی کوردی. لە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە و هێزە شۆڕشگێڕەکاندا بە هێز و بە ئازایەتی بەشداریان کردووە و نموونەیەکی بەرزیان بۆ بەرخودان و بەخشین پیشان داوە.
لە قۆناغە تاریکەکانی مێژووی کوردستانیشدا، بەتایبەتی لە سەردەمی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس (١٩٦٨–٢٠٠٣)، ژنان بوون بە قوربانییەکی سەرەکی لە جینۆساید و تاوانەکان.
لە جینۆسایدی یەک لە دوای یەکەکان هەزاران ژن، کچ و دایک و هاوسەر، باوک و منداڵەکانیان لەدەست دا، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو ئازار و تاوانەشدا، ژنان بوون بە هێزی سەرەکی بۆ پاراستنی ژیان، گەشەپێدانی کۆمەڵگا و بەردەوامکردنی ژیان.
ژنی کورد لەگەڵ ئەوەی قوربانیدان بوو بە نمونەیەک لە بەرخودان و بەهێزی. لە قەڵا سەربازییەکان و کەمپەکانی ڕاگواستن، لە شار و گوندە وێرانکراوەکان، و لەدوای جینۆساید و ماڵ وێرانی هەر ئەو بوو کە ژیانی دووبارە بنیاد ناوە و نەوەکانی فێری بنیادنانەوەی داهاتوو کردووە.
ئەمڕۆ ژنانی کورد لە زۆر بواردا – لە فێرکاری، ڕاگەیاندن، سیاسەت، توێژینەوە و پیشەی جۆراوجۆر و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا – ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن و خەبات بۆ یەکسانی و پاراستنی مافەکانیان دەکەن و هێشتا بەردەوامن.
لە ڕۆژی جیهانی ژناندا، یادکردنەوە لە ژنانی کورد تەنها ڕێزلێنانێک نییە بۆ خەباتی رابردوو، بەڵکو یادەورییەکە بۆ گرنگی ڕۆڵی ژنان لە دروستکردنی داهاتوویەکی دادپەروەر و ئازاد دور لە توندوتیژی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی.
ژنانی کورد، بە درێژایی مێژوو، نیشانەی بەرخودان، ئازایەتی و هیوای داهاتوون
٨ی ئادار پیرۆز بێت لە هەموو ژنانی جیهان، بەتایبەتی ژنانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، سڵاو لە دایکانی خۆراگری کورد و کوردستان، سڵاو لە ئافرەتانی شەهید و جینۆساید کراوی کوردستان، سڵاو لە شەهیدانی خەباتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی و مافی مرۆڤ.