ئەخلاقی تەخوین لە ناو بازنەی مێگەلدا

ڤینۆس فایەق - نووسەر

تەخوین، جنێودان لە گوتاری رۆشنبیرییدا دیاردەیەکی تازە نییە، رەگوڕیشەیەکی کۆنی هەیە، ئەم دیاردەیە چەندین رەهەندی جیاواز لەخۆ دەگرێ، گرنگترینیان: هەردوو رەهەندە ئەخلاقی و سیاسییەکەیەتی، کە مەبەست لێیان گۆڕینی ئاراستەی جیاوازی لە جیاوازییەکی فیکرییەوە بۆ جیاوازییەکی ئەخلاقی، بە واتای ئەوەی تۆ تەنیا هەڵە نیت، بەڵکو تۆ دڵسۆزی نەتەوە نیت و نیشتمانپەروەریش نیت. دووەمیان رەهەندە سیاسییەکەیەتی، بە بەستنەوەی ئەوی تر کە جیاواز لە تۆ بیر دەکاتەوە، یان هەڵوێست وەردەگرێ بە هێزێکی نەیار، یان هێزێکی دەرەکی بە مەبەستی لاوازکردن و بێهێزکردنی کەسایەتییەکە و نەهێشتنی کاریگەریی لە رووی سیاسییەوە. ئەم دوو رەهەندەش مەبەست لێێان لاوازکردنی لایەنی ئینتیما و ناسنامەی فیکری و سیاسیی ئەو کەسەیە کە بە جیاواز دەیبینیت و پێت قبووڵ ناکرێ و توانای ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بابەتی و بێلایەنانەت لەگەڵیدا نییە.  


لێرەدا مەبەستم لە دیاردەی «تەخوین و جنێودان و ناوزڕاندنە»، کە بەمدواییانە بەتایبەت لە پێگەکانی سۆشیالمیدیادا پەرەی سەندووە، هەرکەس شتێکی کەسێکی بە دڵ نەبوو بە بیردۆزی تەخوین و ناشیرینکردنی، دەکەوێتە سەروپۆتەڵاکی و بە جنێو و ناوزڕاندن دایدەگرێتەوە، بە دەرکردنی حوکمی پێشوەختە، بێ ئەوەی دوور و نزیک کەسەکە بناسێت.


لەم وتارەدا بەتایبەت لەسەر کەلتوری تەخوین و جنێودان دەوەستم، ئەگەر شیاو بێت بە کەلتور ناویان بەرم، کە بریتییە لە شێوازێک لە شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی تردا، کە جیاواز بیر دەکەنەوە، یان هەڵوێست وەردەگرن. ئەم کەلتوورە پێویستی بە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی ناجێگیر و ناپێناسەکراو هەیە، بۆ ئەوەی سەرهەڵبدات و تەشەنە بکات، کە گفتوگۆی ئەقڵانی بوونی نامێنێت و جنێو جێگەی دەگرێتەوە، رەخنەی بابەتییانە بوونی نابێت و تاوانبارکردن بە خیانەت و گومان خستنە سەر وەلائی کەسەکە جێگەی دەگرێتەوە.


گفتوگۆ و تەخوین
جیاوازیی نێوان «گفتوگۆ» و «تەخوین و جنێودان»: گفتوگۆ دانوستانێکی فیکرییە، بەڵام تەخوین، هێرشکردن و تاوانبارکردنە. گفتوگۆ لەسەر بنەمای بەڵگە دەچێتە پێشەوە، تەخوین تەنیا هێرشکردن و تاوانبارکردنە. گفتوگۆ هەوڵە بۆ چاککردنی واقیعێک، تەخوین هەوڵێکە بۆ لەغووکردنەوە و ناشیرینکردنی ئەوی تری جیاواز. لە گفتوگۆدا بوارێکی باش بۆ جیاوازییەکان هەیە، بەڵام لە تەخوینکردندا جێگەی هیچ رایەکی جیاواز بوونی نییە. بەمجۆرەش، مەبەستم تەخوینە، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی رق و کین و هەڵوەشانەوەی متمانە لە نێوان کەسەکاندا و ئاستی گفتوگۆ هێندە دادەبەزێتە خوارەوە کە جگە لە وێرانکردن و رووخان هیچ سوودێکی نابێت.


هەقیقەت دەدۆزرێتەوە
لای سوقرات، هەقیقەت ناسەپێنرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ دەدۆزرێتەوە، چونکە دۆزینەوەی هەقیقەت پرۆسەیەکی بەکۆمەڵە، نەک تاکە کەسێک بێت و بیر و باوەڕی خۆی بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنێت و لای وابێت هەقیقەت تەنیا یەک رووی هەیە و تەنیا لای ئەویشە. بەلای تۆماس هۆبز-ەوە ئادەمیزاد لە حاڵەتە سروشتییەکەیدا لە ململانێیەکی بەردەوامدا دەژی. لێرەشەوە بیردۆزی «هەمووان دژ بە هەمووان» سەرهەڵدەدات، و ئەوەی پێی دەگوترێ متمانە لە نێوان ئادەمیزادەکاندا بوونی نامێنێت.


کانت زۆر بە جوانی کەلتوری تەخوین و جنێودانی بە ئەخلاقەوە بەستۆتەوە، ئەو پێیوایە جنێودان و تەخوین ئادەمیزاد دەکەنە ئامرازێک بۆئەوەی پیشانی بدات تەنیا ئەو راستە، واتە بە بیردۆزی باشی خۆم لە خراپی، یان خراپکردنی ئەوانی تردا ببینمەوە، بەوەی ناو و کەرامەتی ئەخلاقیی تێکبدەیت، بۆئەوەی خەڵک رقی لەو بێت و تۆی خۆشبوێت. گۆستاف لۆبۆن-یش دیاردەی تەخوین و جنێودانی بە ئەقڵییەتی مێگەلەوە بەستۆتەوە و لای زۆر کەس دەبێتە ئامرازێک بۆ پارێزگاریکردن لە یەکگرتوویی مێگەل. مێگەلی ئاراستەکراو، مێگەلێک مافی بیرکردنەوە و پرسیارکردنی نییە، تەنیا ئەوە دەجوێتەوە کە لەسەرەوە بۆ مێگەل دێتەخوارەوە و بە شێوازی خۆی بەرهەمی دەهێنێتەوە.


ئێمە پێویستمان بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ئەخلاق و هەقیقەت هەیە. دەبێت بپرسین: ئێمە گەیشتووینەتە چ ئاستێکی ئەخلاقی تا تەخوین و ناوزڕاندن و جنێودان ببنە کەلتورێک کۆمەڵگەکەمانی پێ بناسرێتەوە؟ ئێمە هەقیقەت لە چیدا دەبینینەوە؟ ئەوەی مێگەل دەیڵێت و ئێمە وەکو تووتی لەگەڵیاندا دەیڵێینەوە؟ یان ئەوەی کە تەنیا هێرش دەکات و وا دەزانێت هەقیقەت لای ئەوە و بیر لەوە نەکەینەوە مێشکی خۆمان بەکاربهێنین و بەشێوەیەکی ئەقڵانی و بابەتییانە وردی بکەینەوە، ئەگەر رەخنەش بگرین بە بەڵگەوە بە شیوازێکی بابەتییانە و بێلایەنانە بابەتەکە تاوتوێ بکەین، نەک تەنیا هێرش بکەین و جنێو بدەین. بۆئەوەی بتوانین ئەمە بکەین دەبێت ئێمە ئەوی تری جیاواز لە ئێمە وەکو ئادەمیزاد سەیر بکەین، بەشێوەیەکی ئەقڵانی هەڵە و راست لەیەک جیابکەینەوە و شکۆ بۆ کەرامەتی مرۆیی، نەک تەنیا خۆمان بەڵکو ئەوانی تریش بگێڕینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین گفتوگۆیەکی ئەقڵانی و بابەتییانە لەسەر بنەمای ئەخلاق ئەنجام بدەین. لێرەشەوە پێناسەیەکی ئەخلاقیی سەردەمییانە بکەین بە بەری کۆمەڵگەدا.


پێگەکانی سۆشیالمیدیا
لە زۆر کەس وایە ئەم دیاردەی جنێودان و تەخوینە لەسەر رووبەری پێگەکانی سۆشیالمیدیا سەریهەڵداوە، ئەوە وا نییە. ئەو دیاردەیە لەناو پەروەردە و هزر و بیرکردنەوە و مامەڵەی مرۆڤەکاندا هەیە، پێگەکانی سۆشیالمیدیا رووبەرێکی فراوان و خۆڕایی بۆ خەڵکەکان فەراهەم کردووە و هێندەی تر گەورەی کردووە و بەرهەمی دەهێنێتەوە. کێشەکە لەوەدایە ئەوانەی ماوەیەکی زۆر لەسەر پێگەکانی سۆشیالمیدیا بەسەر دەبەن، زۆرتر بەر جۆرە بابەتێک دەکەون کە تووڕەیان دەکات و بەبێ بیرکردنەوە هەڵوێست وەردەگرن، بێ ئەوەی خۆیان ماندوو بکەن و بەدواداچوونێکی ئەقڵانی بکەن، هێندە بەسە چەند کۆمێنتێکی ناشیرینی پەراوێزی بابەتەکە بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی بچێتە ریزییانەوە و هەمان شت بکاتەوە. ئەمەیە ئەوەی پێی دەگوترێ هەڵوێست وەرگرتن لەناو بازنەی مێگەلدا. لەناو کۆمێنتەکاندا دەگەڕێت تەنیا بۆ ئەوانەی وەکو خۆی بیر دەکەنەوە و وەکو خۆی توانای جنێودان و بە خائین پیشاندانی ئەوانی تری هەیە.


پێش سەردەمی تەکنۆلۆجیا و ئینتەرنێت، ئەو کەلتورە لە بیرکردنەوە هەمیشە هەبووە، بەڵام ئەو کاتە رووبەرێکی وا نەبووە وا ئاسان و بە خۆڕایی بیگەیەنێتە بەرچاوی هەموو کەس، سۆشیالمیدیا ئەو دەرفەتەی رەخساند بۆ ئەوەی ئەو کەلتورە زیاتر تەشەنە بکات. زۆر کەسیش ئۆباڵی مەسەلەکە دەخاتە ئەستۆی سۆشیالمیدیا، نەخێر، سۆشیالمیدیا ئامرازەکەیە کە بە هۆیەوە پەرە بەو کەلتورە دەدرێت، چونکە ئەوەی بوونی نییە پەروەردە و بەتایبەت ئەو پەروەردەیەی لە رێگەی سۆشیالمیدیاوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەسایەتیی بەکارهێنەرانی دادەنێت. ئەوەی بوونی نییە ئەخلاقی گفتوگۆ و بیرکردنەوە و بیردۆزی رەخنەی بابەتییانەیە. ئێمە مافی قسەکردن و جنێودان بەخۆمان دەدەین، بەڵام باوەڕمان بەوە نییە مەسەلەکە لە رێگەی گفتوگۆیەکی ئەقڵانییەوە چارەسەر بکەین، بۆ ئەوەی بگەینە ئەو هەقیقەتەی کە رەنگە گەر بیزانین بەو جۆرە هەڵوێست وەرنەگرین.