ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت فرۆشگایەکی کوتاڵ بەڕێوە دەبات

ژنان بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بەخۆیان، بەردەوام لە ڕەنجدان، سەرباری زەحمەتیەکان ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە شاری هەڵەبجە دوکانێکی کوتاڵ بەڕێوە دەبات.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ژنان لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانیشیان، ئاسایش ئەسعەد دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجەیە، ئاسایش کە خۆی خاوەن پێداویستی تایبەتە، فرۆشگایەکی بە ناوی کوتاڵی ڤینا داناوە و ڕۆژانە کاتەکانی لە فرۆشگاکەیدا بەسەر دەبات.

 

ئاسایش لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ئاژانسی ژنها باسی لە کاتی کارکردنی لە فرۆشگاکەیدا کرد و وتی: دوکانەکەم لە کاتژمێر نۆی بەیانییەوە دەکەمەوە، تاوەکو یانزەی شەو کار دەکەین لەو نێوەندەدا چەند کاتژمێرێک بۆ حەوانەوە و نان خواردن فرۆشگاکە دادەخرێت، بە هاوکاری دایکوباوک و خوشک و براکانم توانیوە تا رادەیەکی باش کارەکانم ڕاپەڕینم، ئاسایش باس لە پەیوەندی خۆی و کڕیارەکان دەکات و دەڵێت: لەگەڵ کڕیارەکاندا تارادەیەکی باش پەیوەندیم هەیە و هاوڕێیەتیمان هەیە، هەندێکیان دێن و تا درەنگانێکی شەو پێکەوە لە دوکانەکەیدا دەمێننەوە و گفتوگۆ دەکەین، دڵخۆشین بەوەی کە ژنێک فرۆشگای کەلوپەلی ژنانەی هەبێت.

 

جگە لە فرۆشگاکەی، کاری دەستیش دەکات

ئەو ژنە فرۆشیارە، جگە لە کاری فرۆشگاکەی، کاری دەست ڕەنگینیش دەکات، هەروەها لەگەڵ ڕێکخراوەکاندا بەتایبەت ڕێکخراوی خاوەنپێداویستی تایبەت کار دەکات، دەشڵیت ئاسودەم بەوەی کە بەردەوام لە جوڵەدا بم، دەوروبەریشم زۆر هاوکارمن بۆ ئەوەی ئەم کارانە بکەم.

 

ئاسایشی فرۆشیار بەو پێیەی فرۆشگاکەی پێداویستی ژنانە، باس لەوەدەکات ژنان دێنە فرۆشگاکە ئاسودەن و بە دڵی خۆیان هەڵبژاردن دەکەن و ئاسودەن، لەگەڵ کڕیارەکانیشدا پەیوەندییان زۆر باشە و وەک هاوڕێ وان.

 

ئاسایش داوا لە ژنانیش دەکات کە هەر جۆرە کارێک هەیە بیکەن، کارکردن قورس نییە، شەرم نەکەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن، ئەگەر جارێکیش شکست بێنن دڵنیام هەر سەرکەوتوو دەبن.

 

ت.پ