لە هەڵەبجە ژنان دەبنە پێشەنگ لە بەڕێوەبردنی کارەکانیاندا

لە هەڵەبجەدا ژنان دەست دەکەن بە کاری خۆیان و بە ڕەنجی شانی خۆیان بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، بوشراش یەکێکە لەو ژنانە و داواکارە ژنانی دیکەش پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و ببنە خاوەن کاری خۆیان.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- زۆرن ئەو ژنانەی دەیانەوێت بەدەست و مەچەکی خۆیان و ڕەنجەشانی خۆیان بژێوی ژیانیان دابین بکەن، یەکێک لەو ژنانە بوشرا عزیزە، ژنێکی گەنجی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە، فرۆشگایەکی وشکە و دەرمانی خواردنی داناوە، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٢ی نیوەڕۆوە تا کاتی ئێوارە دەچێتە فرۆشگاکەی و کار دەکات، بوشرا ئاماژە بەوە دەکات کە دڵخۆشە بە کارەکەی و بەلایەوە کارێکی قورس نییە، ڕۆژانە ئەو کەسانەی دێنە سەردانی فرۆشگاکەی تا پێداویستییەکانیان بکڕن، پێشوازییان لێدەکات و داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکات.

 

ئەو ژنە ڕەنجکێشە باس لەوە دەکات ئێستا وەک جاران نەماوە دەرفەتی کارکردن بۆ ژنان زیاترە دەشڵێت: "ژنان دەتوانن کار بکەن و ئەرکی سەرشانی ماڵیشەوە کەمبکەنەوە، لەڕێی کارەوە بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن، کار و بەرهەمی خۆی هەبێت"، هەروەها دەڵێت لەپێشتردا عەیبە بوو کە ژنان کار بکەن، بەڵام ئێستا لەم شوێنەی کە من فرۆشگام تێیدا داناوە زۆربەی فرۆشگاکانی دیکە ژن لەسەری کار دەکات و تا شەویش دەمێننەوە.

 

بوشرا دەڵێت زۆربەی کڕیارەکانی دێتە سەردانمان ژنان بەو پێیەی فرۆشگاکەی من زیاتر پێداویستی کاری ژنانی تێدایە، دڵخۆشیم بە کارەکەم، داواکاریشە ژنان دەست بە کاری خۆیان بکەن: " وەرن و دەست بە کار بکەن، هەر کارێک بێت بیکەن تا لە ماڵ بێنە دەرەوە و دنیای دەرەوە و کار ببینن".

 

ت.پ