ژنان، دەست دەدەنە ئەو کارانەی ساڵانێکە پیاوان ئەنجامی دەدەن

ژنێکی کورد وەک یەکەم خوێندکار بەشی ئەندازیاری فڕۆکەوانی دەخوێنێت و دەبێتە پێشەنگ بۆ ژنانی دیکە تا بتوانن ئەو بەشانە بخوێنن و کاری تێدا بکەن کە بە کاری پیاوان ناسراوە.

ژنێکی کورد وەک یەکەم خوێندکار بەشی ئەندازیاری فڕۆکەوانی دەخوێنێت و  دەبێتە پێشەنگ بۆ ژنانی دیکە تا بتوانن ئەو بەشانە بخوێنن و  کاری تێدا بکەن کە بە کاری پیاوان ناسراوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ڕەنوو یەکێکە لەو ژنانەی ڕێچکەی شکاندووە بۆ کارکردنی ژنان و وەک یەکەم خوێندکار دەستی بە خوێندن کردووە لە بەشێکدا کە ژنان بە ڕێژەیەکی کەم یاخود هەر  بەشداریان تێدا نەکردووە، ئەویش بەشداریکردنە لە خوێندنی ئەندازیاری فڕۆکەوانی و بووەتە پێشەنگ بۆ ژنانی دیکە، لە چاوپێکەوتنێکی ژنهادا ڕەنوو جاف باس لە کارەکانی دەکات.

 

ڕەنوو شاهۆ جاف وەک یەکەم خوێندکاری ژن لە ئەکادیمیای بازرعەی سلێمانی بۆ ئەندازیاری فڕۆکەوانی خوێندویەتی و لە ئێستادا خاوەن بڕوانامەی ئەندازیاری فڕۆکەوانییە، لەگەڵ خوێندنی ئەو بەشەشدا، لە کۆلێژی بازرگانی بەشی business information management ی تەواو کردووە، واتە لە کاتێکدا دووبەشی جیاوازی خوێندووە و توانیویەتی هاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوان خوێندنەکەیدا، لەهەمان کاتدا خاوەنی براندی ڕەنوو جافە بۆ کاری دیزاینکردنی جلوبەرگ، پێشی وایە ئەنجامدانی دوو یاخود سێ کار پێکەوە ئەرکێکی قورس نییە و ئاماژە بەوە دەکات خولیات بۆ هەر کارێک هەبێت دەتوانیت ئەنجامی بدەیت.
 
ئەزموونی خوێندن و کاری دەست ڕەنگینی ڕەنوو
 
ڕەنوو دەڵێت: "خولیام بۆ فڕۆکەوانی هەبوو هەمیشە چاودێریم کردووە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە، خوێندومەتەوە لەسەری، ئەو کاتەی گوێبیست بووم ئەم بەشە کرایەوە حەزمکرد تیایدا بخوێنم و بڕوانامەم لەو بەشەدا هەبێت کە خولیام بۆی هەبووە، لەکاتێکدا خۆم خوێندکاری بەشێکی تر بووم لە زانکۆیەکی تر" باس لەوە دەکات قورس بووە دوو بەش بخوێنێت لە هەمان کاتتدا، بۆ ئەوەش ڕۆژەکانی خۆی بەشەکردووە تا بتوانێت مافی هیچ کام لە بەشەکان پێشێل نەکات.
 
ژنان پاڵپشتیکردنی خێزانەکانیان بۆ گرنگە، زۆرکات وزەی خێزان وادەکات بتوانیت بەسەر ئەرکە قورسەکاندا سەربکەویت، ڕەنوو دەڵێت خێزانەکەم پاڵپشتم بوون هەموو کاتێک پێم دەوتن هەق وایە هەموومان پێکەوە بڕوانامەی دەرچوون وەربگرین.
 
کۆمەڵگا کارەکانی دابەشکردووە، هەندێک کار هەیە بە کاری ژنانی نازانن، ڕەنووش وەک یەکێک لەو ژنانەی کارێک دەکات بە کاری پیاوان ناسراوە ڕووبەڕووی قسەی "ئەوە ئیشی ژن نییە چۆن دەبێت ژن کاری وا بکات" بووەتەوە، لەو بارەیەوە ڕەنوو دەڵێت: بێ گوێدانە قسەی خەڵکی توانیم سەرکەوتن بەدەست بهێنم، لەدوای منیش چەندین ژنی دیکە دەستیان بە خوێندن کرد لەو ئەکادیمیایەدا، دڵخۆشم بەوەی ژنان بونەتە ڕێچکەشکێن و دەست دەدەنە ئەو کارانەی کە پیاوان ئەنجامی دەدەن.
 
لە باسکردنی ئەو بەشەی ڕەنوو تێیدا خوێندووە، ئاماژە بەوە دەکات بەشەکانی ئەندازیاری بە ویستی خۆت هەڵیدەبژێریت کە لەناو فڕۆکەدا کاربکەیت یان کاری فڕۆکەی سەرزەوی، وە مەرج نییە ئەوەی ئەندازیاری فڕۆکە بخوێنێت بەشی فڕۆکەوانیش بخوێنێت.
 
هەمیشە جێدەستی خۆمم لە جلەکانمدا نەخشاندووە تا جیاواز بێت
 
ئەو ئەندازیارە لەگەڵ ئەو کارەیدا، دەستڕەنگینیشە، دەڵێت: لەدوای ئەوەی خۆم نوێگەریم لە جلەکانمدا دەکرد هەستم کرد کە دەستڕەنگینییەکم تێدایە و پێویستە پەرەی پێبدەم، ئەو نەخشانەی کە دیزاینی دەکات نخشی جیاوازن لەسەر گەلەبی و عەبای شێوازی عەرەبی دەینەخشێنێت، ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی پێشتر تەنها بۆ مەولود و کاتی ڕەمەزان دەیانکرد بەڵام لە ئێستادا داواکاری زۆر بووە و بۆ بۆنەکانی ڕۆژانە لەبەر دەکرێن.
دەربارەی دوورینی جلەکانیش باس لەوە دەکات لە کوردستان، سوریا، کوەیت و بەغداد بەرگدرووی هەیە، ڕەنوو تەنها دیزاینەکان دەنێرێت و ئەوان بۆی ئامادە دەکەن، فکرەی کارەکانیش خۆی دایاندەڕژێت و ڕەنگەکان تێکەڵ دەکات.
 
ئەو دیزاینەرە لە سەرەتای نەخشاندنەکانیدا کاری لەسەر پارچەی کوردی کردووە، دەڵێت: بەر لە گەلەبی کارم لەسەر کراسی جلی کوردی کردووە وەک سرکەی، جامانە و جاجم، ئێستا زۆرترین کار لەسەر کراسە کوردییەکان دەکەم، لە داهاتوودا دەمەوێت لە شوێنێکی بچوکدا کارەکانم بە ڕووی خەڵکیدا واڵا بکەم.
 
لەسەر هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان دەڵێت، ژن پێویستە هەوڵ بدات
 
ئەو ئەندازیارە دەڵێت: "داوام لەو خێزانانە هەیە کە منداڵەکانیان بەهرەیەکیان هەیە پشتگیرییان بکەن، هاوکارییان بکەن تا پەرە بە بەهرەکەیان بدەن، ژنان وێنەیەکی جوانن لە ژیاندا ژن نەبێت ژیان نابێت و پێویستە هەموومان پاڵپشتی یەکتر بکەین، هەوڵی سەرکەوتنی خۆمان بدەین وەک ژن".
 
ت.پ