ژنان لە بازاڕی ژنانی ژیان نایانەوێت بازاڕەکە چۆڵ بکەن

لەدوای دانانی قەیوم لەجێگەی سەرۆکی شارەوانیی باغلەر لە ئامەد، بەبڕیارێک دەیەوێت پیاوان لە یەکەم بازاڕی ژنانی تورکیا بە ناوی "بازاڕی ژنانی ناوچەی ژیان" دابنێت، بەڵام ئەو ژنانەی لە بازاڕەکەدا کار دەکەن نایانەوێت پیاوان لەو بازاڕەدا لەگەڵیاندا کار بکەن، دەشڵێن ئێمە لێرە کار دەکەین بۆئەوەی بژێوی ژیانی خێزانەکانمان دابین بکەین و لێرە ناڕۆین، هەروەها تا کۆتایی خۆڕاگر دەبین لە بەرهەڵسی کردنی بڕیارەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

"بازاڕی ناوچەی ژیان" لە ئامەد، یەکەمین بازاڕی ژنانی ناوچەکەیە لە باکوری کوردستان کە دەکەوێتە گەڕەکی باغچەلەر-ی ناوچەی باغلەری ئامەد، سەرەڕای سەختی باری ئابووری ژیانی هاوڵاتیان، نزیکەی ٢٠٠ ژنی فرۆشیار لە بازاڕەکەدا کاردەکەن و شارەوانی باغلەر لەم دواییانەدا بڕیاری داوە کە ٤٠٠ پیاوی فرۆشیار لە بازاڕەکەدا لەشوێنیان دابنێت، ژنانی فرۆشیاریش نایانەوێت هیچ پیاوێک لە بازاڕەکەدا لەگەڵیاندا کار بکەن.

 

ئەندامانی شارەوانی ژن بوو

پێش دانانی قەیوم بۆ شارەوانی باغلەر، زۆربەی ئەو بەڕێوەبەر و کارمەندانەی کە بۆ شارەوانی کاریان دەکرد ژن بوون، پڕۆژەی بازاڕی ناوچەی ژیان لە ساڵی ٢٠١٣دا بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو ژنانەی داهاتێکی کەمییان هەیە، ئاواکرا، ژنان هەموو شەممەیەک لە بازاڕی ناوچەی ژیان کاریان دەکرد و لە ڕۆژانی دیکەشدا لە ناوچە جیاجیاکانی دیکەی شارەدێی باغلەر، شوێنیان بۆ بازاڕەکەیان دروست دەکرد.

 

"دەیانەوێت بێنە شوێنەکەمان چونکە ئێستا داهاتێکی زیاتر بەدەست دێنین"

بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی قەزاکەوە فرۆشیارانی پیاو دەیانەوێت لە بازاڕی ژناندا کاربکەن یەکێک لە ژنە فرۆشیارەکان بە ناوی گولەر ئیکەر پێی وتین، کە لە ژێر فشاردان بۆ ئەوەی ڕێگە بە پیاوان بدەن کاربکەن لەگەڵیاندا و وتی: "ماوەی نۆ ساڵە لەم بازاڕەدا کاردەکەین، ئێمە کاری خۆمان زۆر باش دەزانین و ئێستا نازانین چی بکەین لەکاتێکدا سەرەتا لێرە دەستمان بە کارکردن کرد، کەس گرنگی بە ئێمە نەدا بەڵام ئێستا پیاوان دەیانەوێت لە بازاڕەکەماندا کار بکەن، چونکە ئێمە زۆر بە باشی کاری خۆمان دەکەین. ئێستا ٢٠٠ ژن لە بازاڕکەدا کاردەکەن، شارەوانی باغلەر دەیەوێت بە هێنانی ٤٠٠ پیاوی فرۆشیار ژمارەمان زیاد بکات، ئێمە کاتێکی سەختمان دەبێت ئەگەر پیاوان لێرە دەست بەکاربکەن، لەبەرئەوە ئێمە نامانەوێت هیچ کەسێک لە بازاڕەکەدا کار بکات، جگە لە ژنان".

 

"دەیانەوێت ئێمە بڕۆینەوە ماڵەوە"

گولەر ئیکەر، ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر پیاوان لە بازاڕدا دەست بە کارکردن بکەن، داهاتیان کەم دەبێت و وتی: "ئێرە شوێنی ئێمەیە، ژماریەکی زۆر بازاڕی شەقامەکان هەیە لە ناوچەکەدا و ئەمە بازاڕی ژنانە، بۆچی هەوڵدەدەن فرۆشیاری پیاو لە بازاڕەکدا دابنێن، ئێمە پێکەوە کاردەکەین و دڵخۆشین ئەگەر فرۆشیارانی پیاو بێن بۆ ئێرە بۆ کارکردن، ئەوا کارەکانمان خراپتر دەبێت، ئەو کاتەش دەبێت بڕۆینەوە ماڵەوە، ئەوان دەیانەوێت ئێمە بڕۆینەوە ماڵەوە نەک کاربکەین لەکاتێکدا ئێمە لەسەر پێی خۆمان وەستاوین و بژێوی ژیانی خۆمان و خێزانەکانمان پەیدا دەکەین، وە نامانەوێت بەجۆرێک بژین بە داواکردنی پارە لە کەسێکی تر ئێمە ئاگاداری منداڵ و خێزانەکانمان دەبین".

 

"دەیانەوێت دەستکەوتەکانمان ببەن"

کیزبان دەمیر، ژنێکی دیکەی فرۆشیارە لە بازاڕەکەدا کار دەکات، پێی وتین ئەوان لە دژی بڕیارەکە دەبن و ڕازی نابن پیاوان لە بازاڕی ژناندا کاربکەن چونکە پیاوان کێشەیان بۆ دروست دەکەن، هەروەها دەڵێن کە ئەوان وەک پێشووتر نین، ئەوەی ئێستا دەیکەن پێی ڕازی نابن لەبەرئەوەی ژنان بە گرنگ نازانن، ئەوان کاردەکەن و بژێوی ژیانی خێزانەکانیان دابین دەکەن بەڵام چەند ساڵێکە هەوڵ دەدەن دەستکەوتەکانیان لە بستێنن.

 

"ئێمە ناڕۆین بەڵکو بەرهەڵستی دەکەین"

فاتما کایاش کاردانەوەی بەرامبەر بەو بڕیارەی شارەوانییەکە هەبوو و وتی: "ئێمە چەندین ساڵە لەم بازاڕەدا کارمان کردووە، پێشتر فرۆشیاری پیاو ئەم بازاڕەی بەدڵ نەبوو بەڵام ئێستا دەیانەوێت بازاڕەکەمان لێ وەربگرن، ئەگەر لێرە کاربکەن بازاڕی ژنان مانای خۆی لە دەست دەدات، ئێمە هیچ پیاوێک قبوڵ ناکەین لێرە کاربکات، تا کۆتایی بەرگری دەکەین لەدژی بڕیارەکە و بەرهەڵستی دەکەن، هەروەها بازاڕەکەش چۆڵ ناکەن.

 

ت.پ