ژنان بۆ بەدەستهێنانی بژێویان بە پەنجەکانی دەستیان شەڕ لەگەڵ خاکدا دەکەن

ژنان بەچنگەکانیان شەڕ لەگەڵ خاکدا دەکەن بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان، بەڵام بەهۆی کۆمەڵگەوە نایانەوێت ڕەنجەکانیان بە ڕەنگی خۆیان نیشان بدەن، ژنها دەچێتە گوندی شاتوان و ڕەنجی ئەو ژنانەی لە کێڵگەکانی پەتاتەدا کاردەکەن، دەگوازێتەوە.

 

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ئەمەی دەیبینن کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی پەتاتەیە، لە گوندی شاتوان سەر بە قەزای سەیدسادق، بەرهەمهێنانی چەندان تۆن پەتاتەیە کە ڕۆژانە لەلایەن چەند ژنێکەوە کۆدەکرێتەوە و لەبازاڕەکاندا ساغ دەکرێتەوە.

 

ئەوەی دەردەکەوێت هەوڵ و ماندوبوونی ئەو ژنانەیە کە بە پەنجەی دەستیان شەڕ لەگەڵ خاک دەکەن بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان، ئێمە ڕۆژێکی کاری ئەوان لەگەڵیان بووین، خۆری هاوین و گەرمای دەشتی شارەزوور بڕستی لێ بڕیبوین، بەڵام ئەوان بۆ ساتێکیش نەوەستان لەکارکردن، زۆر هەوڵماندا کە قسەمان بۆ بکەن، بەڵام لە ترسی دەرکردنیان لەکار و ناسینەوەیان نەیانتوانی قسەمان بۆ بکەن.

حەلیمە محمود بەسەرکاری ئەو ژنانە بانگ دەکرا کە بەمەبەستی چنینەوەی پەتاتە لەگەڵ خۆی هێنابوونی، پێی ڕاگەیاندین کە ڕۆژانە لە کاتژمءر ٥:٠٠ی بەیانییەوە دێن بۆ چنینەوەی پەتاتە تاوەکو ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ.

حەلیمە بە دایکی ژنە ڕەنجدەرەکان ناسراوە، باسی لەوەکرد کە ڕۆژانە خاوەنکار پەیوەندی پێوە دەکەن تاوەکو کرێکاری بۆ کۆکەنەوە، ئەمیش لای خۆیەوە چەندین ژن و گەنج دەناسێت لەگەڵ خۆی دەیانهێنێتە سەرکار و پێکەوە دەگەڕێنەوە.

 

کرێکارم لایە شوێنی مانەوەی نییە و لە ماڵەکەی خۆم دەیخەوێنم

حەلیمە لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا کە کرێکاری هەیە شوێنی مانەوەی نییە و لە ماڵەکەی خۆیدا جێگەی دەکاتەوە تاوەکو شوێن پەیدادەکات بۆ مانەوە، یاخود کرێکار هەیە زانکۆی تەواو کردووە و لەبەر بێکاری ئامادەیە بێت کرێکاری بکات.

سەبارەت بەشێوازی کارەکان حەلیمە محمود وتی بەپێی وەرزەکان ئەگۆڕێت ئیستا وەرزی کۆکردنەوەی پەتاتە و بامێ و تەماتەیە.. پێش مانگی وەرزی دروێنەی گەنم و جۆبوو؟ڵەگەڵ خاوەن بەروبوم کارمان ئەکرد

نەخوێندەواری و بێکاری وایلێکردووین بەم جۆرە کارە ڕازیبین

شەیما عەبدوڵا ژنێکی بەتەمەن هیلاک، کە لە ڕوخسار و ئارەقەی ناوچەوانیدا سەختی ڕۆژگار بەدی دەکرا، باسی لە ژیانی خۆی کرد و وتی: کارکردن ئیستا بۆ خاوەن بڕوانامەکان قورس بووە، ئیستا بۆ ئێمە کە نەخوێندەوارین و ژنین دەستناکەوێت، بۆیە بەمجۆرە کارە ڕازین و هەتاوەکو ئەمەش هەبێت دەست بۆ نامەردان پان ناکەینەوە.

لەم گروپی کارانەدا جگە لە کورد، عەرەبیشی تێدایە، نور حەیدەر، ژنێکی گەنجی باڵابەرزە، داوایکرد کە دەنگ و ڕەنگی دەرنەکەوێت، بۆ ئەوەی لە کارەکەی دەرنەکرێت، پرسیارمان لێکرد بۆ بەم شێوە کاردەکات، نوو وتی کە دانیشتووی سەڵاحەدین بووە و خوێندنی زانکۆ بەشی زانستی ئیسلامی تەواو کردووە، بەڵام ئاوارە بووە و لە سیروانی سەربە پارێزگای هەڵەبجە دادەنیشێت، نور لە ڕێگای حەلیمەوە کاری دەستدەکەوێت، وتیشی: لەکاتی کارکردندا تووشی کێشە دەبین، بەڵام بەڕێکردنی بژێوی ژیانمان گرنگترە و بەسەریدا زاڵ دەبین.

 

ئەمە چیرۆکی نیو ڕۆژی ئەو ژنانەیە کە بەبێ گوێدانە سەرما و گەرما شەو و ڕۆژ دەخەنە سەریەک بۆ بەڕێکردنی ژیانیان و دابینکردنی بژێوی بۆ خێزانەکانیان.

ت.پ