ناهیدە حەسەن: من زۆر پەیوەستم بە کارەکەمەوە

ناهیدە دەستڕەنگین، بەرگدروو و فرۆشیارێکی ناسراوی شارۆچکەی پێنجوێن، ماوەی ٢٥ ساڵە کاردەکات و دەڵێت پەیوەستم بە کارەکەمەوە .

ناهیدە دەستڕەنگین، بەرگدروو و فرۆشیارێکی ناسراوی شارۆچکەی پێنجوێن، ماوەی ٢٥ ساڵە کاردەکات و دەڵێت پەیوەستم بە کارەکەمەوە .

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- ناهیدە ژنێکی دەستڕەنگین و فرۆشیارە، ماوەی نزیکی ١١ ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووەتە باشوری کوردستان و لە شارۆچکەی پێنجوێن ژیان دەکات، بەکارەکانی لەسەر پێی خۆی وەستاوە.

 

ناهیدە حەسەن خاوەنکارێکە و ماوەی ٢٥ ساڵ ئەزمونی لە کاری چنین و درووماندا هەیە، لە ساڵی ٢٠١٠دا لە شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووەتە باشوری کوردستان و تا ئێستا لە شارۆچکەی پێنجوێن نیشتەجێیە، لەگەڵ هاتنی بۆ پێنجوێن پاش هەفتەیەک بۆ دە ڕۆژ دوکانێک دەکاتەوە کە دروومانی تێدابکات و جلوبەرگی ژنان و پێداویستییەکانی لێ بفرۆشێت.

ناهیدە دەربارەی کاری دروومانی دەڵێت: هەر لە منداڵییەوە حەزم لە کاری دروومان بووە و کارم جوانە، خەڵکیش گلەییان نییە لێم، ناهیدە لەگەڵ کاری درووماندا، خولی فێرکاری دروومان بۆ ژنانی پێنجوێن دەکاتەوە و و دەشڵێت "فێرکارەکانم زۆرن و تاقیکردنەوەیان پێدەکەم و شەهادەیان پێ دەبەخشم"، ئاماژە بەوەشدەکات هەندێکجار دیاریشیان پێ دەبەخشێت لە بەرامبەر بەشداریکردنیان، لەناو فێرخوازەکانیشیدا ژنانی بەرگدرووی چاک هەڵکەوتوون.

 

لەبارەی تێڕوانینی ژنان و هاوڵاتیانی پێنجوێنەوە بۆ کارەکانی دەڵێت: زۆرکەس دێت بۆلام دەستخۆشیم لێ دەکات، ناهیدە کە بڕوانامەی دروومانی هەیە ئاماژە بەوە دەکات: بڕوانامەی بەرگدرووم هەیە وە بڕوانامەی کڵاش ڕستن، بەڕە ڕستن و مەلەوانیشم وەرگرتووە.

باس لە ویستی کڕیاران بۆ کاری دروومان دەکات و دەڵێت: لە نەورۆز و جەژن و بۆنە و ئاهەنگەکاندا خەڵکی زیاتر ڕوو دەکەنە جلی کوردی و کاری چنین، لە ئێستاشدا بازاڕ کزە بەهۆی نەدان دواکەوتنی موچە و و نەبوونی کارەوە.

 

ناهیدەی بەرگدروو زۆر باش کارەکانی ڕێکخستووە و دەشڵێت: ئەگەر بەرنامەڕێژی بکەیت لەکارەکانتدا فریای کاری ماڵ وکاری دەرەوەش دەکەویت، دەبێت کارەکەی خۆتت خۆشبوێت و حەزت لێی بێت، من زۆر پەیوەستم بە کاری خۆمەوە، تا کارەکەت خۆشنەوێت ناتوانیت ئیش بکەیت .

 

 

ت.پ