ئەسمەر، ژنە دڵسۆزەکەی منداڵانی هەڵەبجە

هەر کە باسی کاری هەستیار و قسەی خۆش و لێو بەخەندەی دەکرێت یەکسەر ناوی ئەسمەر دەهێنرێت بە ژنێکی زیرەک و لێهاتوو ناو دەبرێت، وەک خۆشی دەڵێت منداڵانم زۆر خۆشدەوێت حەزدەکەم لە کاتی خۆم زیاتر خزمەت بە منداڵان بکەم.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە-  ژنان بە دڵسۆزی و لێهاتووی، تێکەڵبوونی ڕۆحیان لەگەڵ تەندروستیدا لە مێژووەوە باسدەکرێت، کاتێک ژن-دایکێک دەبێتە پەرستار نەخۆش و ئەو کەسانەی سەردانیان دەکەن لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە هەست بە چارەسەری دەکەن، ئەسمەر یەکێکە لەو پەرستارانەی لە نەخۆشخانەی هەڵەبجەدا کار دەکات و بە لێهاتووی و دڵسۆزییەکەی بۆ منداڵانی تازە لەدایکبووی هەڵەبجە ناسراوە.

 

ڕۆژانە چەندین منداڵی نەبەکام، تازە لەدایکبوو و نەخۆش دەچێتە بەردەستی ئەسمەری پەرستار، ئەویش بە دڵخۆشی و بە زمانە شیرینەکەیەوە پێشوازییان لێدەکات و دڵی دایکیان خۆشدەکات و منداڵەکەش لە چەندین نەخۆشی دەپارێزێت و بزە دەخاتە سەر لێوانی ئەو کەسانەی لە سەرەدا ناسراون.

ئەسمەر لە ساڵی ١٩٨٣ەوە بە بەردەوامی لە بوارەکەی خۆیدا کار دەکات و تەنها پێنج ساڵ لە کاری پەرستاری دابڕاوە، لە ساڵی ٢٠١٢ەشەوە لە نەخۆشخانەی هەڵەبجەدا دەستیبەکار کردووە، ئەسمەر دەڵێت "منداڵم زۆر خۆشدەوێت"، ئەو ژنە پەرستارە باس لە ڕۆژانەی خۆی دەکات چۆن لەگەڵ دایک و منداڵەکانیاندا بەسەری دەبات و دەڵێت: کاتێک منداڵێک دێننە نەخۆشخانە بۆ بەردەستمان ئەگەر نەخۆش بێت یاخود تای هەبێت، ئێمە دەرزی بۆ ناکەین، ئەگەرچی دایکەکە پێداگری دەکات، بۆیە ئامۆژگاری دەکەم و پێی دەڵێین کاتێک چاک بووەوە بیهێنەوە تا دەرزی بۆ بکەین.

"حەز دەکەم زیاتر لە کاتی خۆم کار بکەم"

ئەو پەرستارە لەگەڵ کاری ڕۆژانەیدا لە نەخۆشخانە، توانیویەتی کاروبارەکانی ماڵەوە و پیداویستییەکانی دەرەوەشی ڕێکبخات، ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کە بەیانی خۆر هەڵهات و مەلا بانگیدا، لەخەو هەڵدەستم و کاری ماڵ دەکەم، دواتر دێمە نەخۆشخانە، دەشڵێت: منداڵانم خۆشدەوێت و کارەکەشم خۆشدەوێت حەزدەکەم ڕۆژانە زیاتر لە کاتژمێری دیاریکراوی ئیشی نەخۆشخانە کار بکەم.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ژنهادا لە هەڵەبجە، ئەسمەری پەرستار باس لەو دەرزیانە دەکات کە بۆ منداڵان بەکاردەهێنرێن بە پێی مانگەکانی تەمەنیان تا لە نەخۆشی ئیفلیجی، گەشکە و سورێژە و چەندین نەخۆشی دیکە بیانپارێزن.

 

ت.پ