ئاسودە و هەنار بۆ کارکردن ڕۆژانە هاتوچۆی هەورامان دەکەن

هەورامان بەوە ناسراوە کە ژنان دەستێکی کارایان هەبووە لە بەڕێوەبردنی کاردا و شانبەشانی پیاوان کاریان کردوە بۆ ئەوەی پێداویستی ژیانی خۆیان پڕ بکەنەوە، ئاسودە و هەناریش دوو ژنی گەنجن و ڕۆژانە لە هەڵەبجەوە دەچنە هەورامان تا دەستی ماندوویان لەسەر سکی تێریان بێت.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ئاسودە عوسمان و هەنار تاهیر نمونەی دوو ژنن، بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان ڕۆژانە لە هەڵەبجەوە بەڕێدەکەون بۆ هاوینەهەواری وەزەنێ لە هەورامان و لەوێدا کاری شاگردی خواردنگە و دوکانی کەلەپوری دەکەن، لە سەردانێکی ژنهادا باس لە کارەکانیان دەکەن.

هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا نییە لە کارکردندا

کاتێک ژنها چووە ئەو دوکانەی ئاسودە عوسمان تێیدا شاگردە و کاری کاشێری دەکات، بە ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازی لێ کردین، بەدەم کار بەڕێکردنەوە قسەی بۆکردین و وتی: ماوەی شەش ساڵە لێرە کار دەکەم و کاشێرم، کارێکی خۆشە و پێی ڕاهاتووم، لەگەڵ کەسوکارەکەم کار دەکەم، زۆر ئاسوودەین لە کارکردن.

 

ئاسودە داوا لە خێزانەکان دەکات هاوکاری منداڵەکانیان بکەن و دەڵێت: پەیاممان ئەوەیە کە هەموو خێزانێک هاوکاری منداڵەکانیان بکەن، تا لە ماڵ بێنە دەرەوە بۆ کارکردن، چونکە هیچ جیاوازییە نیە لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێ'دا.

 

ئاسودە باسی لەوەکرد کە کارکردن لەڕووی ماددی و دەروونییەوە مرۆڤ ئاسوودە دەکات، بە تایبەت لە دۆخی ئێستای قەیرانەکانی هەرێمدا.

خوێندنم تەواو کردووە، دانەمەزراوم و حەزم لە کارکردنە

هەنار تاهیر، ژنێکی گەنجی شاگردە لە دوکانێکی کەلەپوری لە هەوراماندا کاردەکات، بابەتەکانی جوانکاری ناوماڵ و ڕازاندنەوەی ژنانی تێدا دەفرۆشێت، بە ژنهای ڕاگەیاند: "لە کاتژمێر نۆی بەیانی تاوەکو نۆی شەو لێرەدا کاردەکەم، دوکانەکەم شتی کەلەپوری و بابەتی منداڵانی تێدایە"، هەنار هۆکاری ئیشکردنی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە خوێندنی تەواو کردووە و حەزی بەکارکردنە، بۆیە خۆی کار دەکات.

 

هەنار داوا لە ژنانی گەنج دەکات کە زانکۆیان تەواوکردووە و دانەمەزراون، چاوەڕێ نەکەن، کارێک بدۆزنەوە، چونکە هەم بۆخۆیان ئاسودە دەبن و لە هاتنە دەرەوەشیان کەشێک دەگۆڕن.

ت.پ