ڕووناک بە دروستکردنی کارگەیەک بایکۆتی کاڵای تورکی دەکات

ڕووناک ماوەی ١٤ ساڵە بە دروستکردنی چەند جۆرێکی زەیت و سرکەی خۆماڵی بایکۆتی کاڵای تورکی کردووە، هیچ بەرهەمێکی بیانیش بەکارناهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕووناک سەلیم لە شاری سلێمانی ماوەی ١٤ ساڵە خاوەنی کارگەیەکی بچووکە لە ماڵەکەی خۆیدا کە زەیتی گوڵەبەڕۆژە، کونجی، گەرچەک، گوێزی هیندی و سرکەی سێو بەرهەمدێنێت، باس لەوەش دەکات کە ماوەی ١٢ ساڵ زیاترە بایکۆتی کاڵای تورکی کردووە.

 

ڕووناک ١٤ ساڵ پێش ئێستا توشی نەخۆشی فەقەرات دەبێت، ئەمەش وایلێدەکات هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری سروشتی بدات، لە دوای بە دواداچون بۆی دەردەکەوێت کە سرکەی سێوی سەوز سودێکی زۆری هەیە بۆ نەهێشتنی ئازاری مەعیدە، توانەوەی چەوری و پتەوی ئێسک، بۆیە لە سەرەتادا و ١٤ ساڵ پێش ئێستا بە دروستکردنی سرکەی سێوی سەوز دەست دەکات بە کارکردن.

 

ڕووناک دەڵێت لە ئێستادا جگە لە دروستکردنی جۆرەکانی سرکە، هەموو جۆرە زەیتێک دروستدەکەم بە تایبەت زەیتی گوڵەبەڕۆژە و کونجی کە لەلایەن خەڵکەوە خواستێکی زۆریان لەسەرە، دەشڵێت لە سەرەتادا هیچ جۆرە ئامێرێکم نەبووە بۆ بەرهەمهێنانی زەیتەکان، بەڕێگەی گەرمکردن دروستم دەکردن، کە کوالێتیەکی زۆر باشیشان هەبوو، ئێستاش لە ڕێگەی ئامێری تایبەتەوە زەتیەکان بەرهەم دەهێنم.

 

ئەو ژنە خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت یەکەم کەس بووە زەیتی سروشتی بهێنێتە باشوری کوردستان، لە دوای ئەمیش چەندین کارگەی تر کراونەتەوە، لە درێژەی قسەکانیشیدا داوا لە خەڵك دەکات کە دووربن لە بەکارهێنانی زەیت و ئەو بەرهەمانەی لە وڵاتانی دراوسێ هاوردە دەکرێت، چونکە کوالێتیان خراپە و  هۆکاری توشبوونن بە نەخۆشیەکانی شێرپەنجە، شەکرە و فشاری خوێن.

 

لە بارەی بایکۆتی کاڵای تورکیشەوە ڕووناک ئاماژەی بۆ ئەوەکرد هیچ کاتێک خواردنی تورکی نەهاتووەتە ماڵیان و بەکاریان نەهێناوە، لە دوای هێرشەکانیش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩دا خێزان و کەسوکارەکەشی بایکۆتی کاڵای تورکیان کردووە.

ت.پ