تامی نانی تەنور بە دەستی ژنانی حەسەکە

حەمشا حسێن بە شەو هەویرەکەی ئامادە دەکات و بەیانی زوو ئاگر لە تەنوور دەنێت بۆ ئەوەی نان بۆ خێزانەکەی ئامادە بکات.

 

ڕۆنیدا حاجی

حەسەکە- بە دەستی ژنانی ڕەنجکێش ژیانی گوندی پڕ لە کار و داهێنان بەردەوامە، لە گوندەکاندا هەموو کارە سەرەکییەکانی ژیان بە شێوەی هەرەوەزی و بە هاوبەشی ژنان ئەنجام دەدرێت، دروستکردنی نانی تەنوور لەناو کولتور و ژیانی کوردەواریدا شوێنێکی تایبەتی هەیە، لە گوندی ئەلعەنەب، لە ناوچەی عامودای باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە تامترین نان بە دەستی حەمشا حسێنی ٤٧ ساڵەوە دروستدەکرێت، حەمشا بە دروستکردنی نان هەم چاندی کۆمەڵگەی کوردی دەپارێزێت و بژێویش بۆ خێزانەکەی دابین دەکات.

چاندی نان کردن، کۆمەڵگەیی بوون پێشدەخات

حەمشا ئاماژەی بەوەدا ئەو نانەی ژنان دروستی دەکەن تامی جیاوازە، "لە سەردەمی ئێستاماندا هەموو کەسێک نانی تەنووری لەبیرکردووە و بەدوای نانی ئامادەدا دەگەڕێت، بەهۆی ئاسانییەوە، لە شارەکاندا دروستکردنی نانی تەنوور ئاسان نییە، لە گوندەکانیشدا کەم بووەتەوە، بەڵام من ڕێگە نادەم کلتوری نانی تەنوور لەناو بچێت،  هەموو هەفتەیەک من نان دروستدەکەم و بەیانیان گوند بە بۆنی نانەکە پڕ دەبێت، منداڵانیش لە دەورم بۆدەبنەوە بۆ نان خواردن.

ئەو ژنە ڕەنجکێشە ئاماژەی بەوەشدا: کاتێک دەبینم تەندروستیم باشە، نان دروستدەکەم، لەبەرئەوەی نەخۆشی دڵم هەیە، ناتوانم زۆر لەبەر ئاگر بمێنمەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بۆنی نانی تەنوور لە گوندەکە نابڕم و نان دەکەم، هیواخوازم ژنان خاوەنداری لە کلتوری خۆیان بکەن و بە ڕەنجی دەستی خۆیان ماڵەکانیان بەڕێوە ببەن، نابێت مرۆڤ فێری حازری ببێت.

ت.پ