سەیران لەناو گوزەرێکدا کە تەنها پیاوان دوکانداربوون، دوکانی کردەوە

سەیران دەڵێت "کارکردن لە دەرەوە ڕێگر نییە لەبەردەم پەروەردەکردنی منداڵەکەم و سەردانی خزم و خۆشەویستان، ئەوەندە متمانەم بەخۆم هەبوو، وتم گرنگ ئەوەیە لە هەر شوێنێکدا بێت بژێوی ژیانی خۆم و منداڵەکەم دابین بکەم و چاوەڕێی هاوکاری هیچ کەسێک نەبم".

سەیران دەڵێت "کارکردن لە دەرەوە ڕێگر نییە لەبەردەم پەروەردەکردنی منداڵەکەم و سەردانی خزم و خۆشەویستان، ئەوەندە متمانەم بەخۆم هەبوو، وتم گرنگ ئەوەیە لە هەر شوێنێکدا بێت بژێوی ژیانی خۆم و منداڵەکەم دابین بکەم و چاوەڕێی هاوکاری هیچ کەسێک نەبم".

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- سەیران محەمەد ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، لەگەڵ کچە بچوکەکەی  بە ناوی ئایە دەژی، سەیران لە ڕابردوودا زۆر کاری ئەنجامداوە و وەک کارمەند کاری کردووە، لە ئێستادا و ماوەی ٨ مانگە وەک تاکە ژنی سەیدسادق لە بازاڕی عەلی سۆفیدا کە تەنها پیاو خاوەن کاربوون، دوکانێکی تایبەت بە پێداویستی ژنانی بە ناوی" لەچکی ئایە"وە کردەوە، سەیران زۆر دڵخۆشە بە بوونی بە خاوەنکار و ڕۆژانە لەگەڵ "ئایە"ی کچی پێکەوە دێنە سەرکار و ئێواران لەگەڵ داخستنی بازاڕەکە ئەوانیش دەرگای دوکانەکەیان کە تاکە بژێوی و ئومێدی ژیانیانە دادەخەن و بەرەو ماڵ دەچنەوە.

 

سەیران دەستپێکی قسەکانی بە دەستخۆشی و پشتگیری ژنان و هاوڵاتیانی سەیدسادق دەستپێکرد و دەڵێت: کاتێک دەموت لەو قەیسەرییەدا دوکانم داناوە دەیانوت ئەوە بەڕاست تۆیت؟ وەک ژنێکی بە هێز ناویان بردووە و دەستخۆشی و پیرۆزباییان لێ کردووە، هەروەها دەشڵێت: زۆر دڵخۆش و ئاسودەم لەگەڵ کارەکەم و کارکردن ناتوانێت ڕێگربێت لە بەردەم پەروەردەی کچەکەم و سەردانی خزم و دۆستان و کارەکانی ترم.

سەیران هۆکاری دانانی دوکانەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی لە هەستی ژنان باش گەیشتووە و بە پێویستی زانیوە، دەشڵێت: چونکە خۆم ژنم حەزم کردووە پێویستییەکانی ژنان پڕ بکەمەوە و ئەو ژنانەی کە ناتوانن بە ئاسودەیی لە شوێنەکانی تر پێویستییەکانیان بە ئازادی هەڵبژێرن لێرە بە دەستی بێنن.

 

ئەو ژنە دوکاندارە باس لە گرنکی کارکردن لە ڕوانگەی ژنەوە دەکات و پێی وایە لە ڕووی دەروونی و ڕۆحییەوە ئارامی بە ژنان دەدات و لە هەمان کاتیش سەرچاوەیەکی داهاتە و دەشتوانێت هاوکاری دەوروبەری بێت، داواش لە ژنان دەکات هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن کە بژێوی ژیانی خۆیان لە ڕێگەی کارکردنەوە و بە دەست و هزری خۆیان دابین بکەن.

 

ت.پ