بە فرۆشگایەک هەلی کاری بۆ خۆی و ژنانی دیکە ڕەخساند

دڵگەش ئەو ژنەی دوای پێنج ساڵ لە دەرچوونی لە زانکۆدا بێکار بوو، خۆی هەوڵیدا و هەلی کاری بۆ خۆی و ژمارەیەک گەنج ڕەخساند.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- دڵگەش فەرهاد خاوەی چەرەزاتی باڤێ، لە گەڕەکی شارەوانی پارێزگای هەڵەبجە لە بەسەرکردنەوەیەکی ژنهادا بەدەم کڕیار بەڕێکردنەوە وتی: من پاش پینج ساڵ لە دەرچوونم لە زانکۆدا، بڕیارمدا کارێک بکەم، بە یارمەتی براکەم و خوشکەکەم ئەم دوکانەم دانا و زۆر ئاسودەم، ئەم دوکانە بژێوی ژیانمی لەسەرە و هاوکاری ماڵەوەش دەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا توانیومە ژمارەیەک کەسوکاری خۆم بخەمە سەر کار.

 

دەربارەی کڕیارەکان دەڵێت زۆربەی کڕیارەکانم پیاون، هەرگیز توشی کێشەش نەبووم، شەوان تا کاتژمێر دوانزە دوکان دەکەمەوە بە هاوکاری شاگردەکان، شەو و ڕۆژ دوکان کراوەیە.

دڵگەش داوا دەکات هەرکەس بێکارە هەوڵ بکات و دەستبەکار بێت، دەشڵێت کارکردن ئاسانە تەنها دەست بۆ بردنی دەوێت.

 

بەهۆی قەیرانی ئابوری و دانەمەزراندن و بیکارییەوە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی لە هەوڵی ئەوەدان ببنە خاوەن کاری خۆیان، لەو نێوندەشدا ژنان بێبەش نەبوون و سەرکەوتوو بوون لە بەڕێوەبردنی کاردا.

 

 

ت.پ