"سەرەتا بە داهاتی دروومان کرێ دوکانم دەدا"

تەواوی ئەو کارمەندانەی لێرە کاردەکەن ژنانی گەنجی لێهاتووی قەزای سەیدسادقن.

تەواوی ئەو کارمەندانەی لێرە کاردەکەن ژنانی  گەنجی لێهاتووی قەزای سەیدسادقن.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- ماڵی خانمان یەکێکە لەو فرۆشگایانەی نزیکەی چوار ساڵە بە شەو و ڕۆژ کراوەیە، لەلایەن دڵنیا ئەحمەد دامەزراوە، لەم فرۆشگایەدا پێداویستی و کەلوپەلی ژنان و منداڵان دەفرۆشرێت.

 

دڵنیا ئەحمەد، خاوەن فرۆشگای ماڵی خانمانە، لەبارەی کردنەوەی ماڵی خانمان ئاماژەی بەوەکرد، کردنەوەی دوکان خەونێکی مناڵی بووە و بۆ کڕینی پێداویستییەکانی لە ڕابردوودا زۆربەی کاتەکان ڕۆشتووەتە پارێزگای سلێمانی، بۆیە لەساڵی ٢٠١٧ ماڵی خانمان دەکاتەوە، باس لەوەش دەکات هاوژینەکەی هاوکاری بووە و کاتێک دوکانیان کردووەتەوە هیچ دوکانێکی شەو و ڕۆژی لە قەزای سەیدسادق بوونی نەبووە.

دڵنیا باس لەوەش دەکات، سەرەتای کردنەوەی دوکانەکە بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕیون تا ئەو ئاستەی ئۆتۆمبێلەکاکەیان بۆفرۆشتووە و دڵنیا خۆشی کاری دروومانی کردووە، بە داهاتی دروومانەکەی کرێ دوکان دابین کردووە، بەڵام بە ماندووبونیان و پێشوازی هاوڵاتیان توانیویانە کارەکەیان بەرەو پێش ببەن .

 

دڵنیا ئەحمەد، لە بەشێکیتری لێدوانەکەیدا ئەماژەی بەوەکرد، بە بەردەوامی دوو کارمەندی شەو و دوو کارمەندی ڕۆژ لە فرۆشگاکەدا کاردەکەن، هەندێک جار لە بۆنەکانیشدا ڕێژەی کارمەندەکان دەگاتە نۆ کارمەند، هەموو کارمەندەکان ژنانی گەنجی قەزای سەیدسادقن.

 

هیران حەیدەر، یەکێکە لەو فرۆشیارانەی دووساڵە دەرچووی زانکۆیە و کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی تەواو کردووە، دەڵێت "لە ڕابردوودا لە بواری خۆم کارم کردووە بەڵام بەهۆی کەلتورە کۆمەڵایەتییەکانەوە و بچوکی قەزاکەوە نەمتوانیوە بەردەوام بم"، هەروەها بەهۆی نەبوونی دامەزراندن و کاری حکومیەوە دوور لەکارەکەی خۆی نزیکەی دووساڵە کاری فرۆشیاری دەکات بەڵام توانیوێتی خۆیلەگەڵ کارەکەی بگونجێنێت، لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت: چەند بەشێکمان هەیە و هەر بەشەی تایبەتە بە منداڵان، ژنان،...هتد وە تایبەت نیم بە یەک بەش بەڵکو لە هەمووبەشەکاندا کاردەکەم و زۆرجاریش دڵنیا کە بە ڕۆژ لێرە نییە من لە شوێنی ئەو کاری ژمێریاری دەکەم.

ئاماژەشی بەوەکرد، بەهۆی جیاوازی کڕیارەکانەوە هەندێک جار ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی شتێکی وا ڕووی نەداوە کڕیارەکان دڵگرانبن لێیان.

 

شەنگین سەڵاح، ژنێکی دانیشتووی پێنجوێنە و بۆ کڕینی پێداویستی لەماڵی خانمان بوو، شەنین سەرەڕای دەستخۆشی بۆ کارمەندانی فرۆشگاکە ئاماژەی بەوە کرد هەر جارێک لە پێنجوێنەوە سەردانی سەیدسادق بکات دێتە ماڵی خانمان بۆ کڕینی جل و بەرگ بۆ خۆی و منداڵەکانی ، ئاماژەشی بەوە کرد کە لە ڕووی کوالێتییەوە کەرەستەکان جوان و باشن و هۆی بەردەوامی سەردانەکانی بۆ ماڵی خانمان گەڕاندەوە بۆ ڕازیبوونی لە هەڵسوکەوتی باشی فرۆشیارەکان.

"وردە ورردە فرۆشیاری ژن لە قەزای سەیدسادق و پێنجوێن ڕووی لە زیادییە و زۆر باشە کە فرۆشیارەکان ژن بن، چونکە زیاتر ئارەزوودەکەم لەگەڵ فرۆشیاری ژن مامەڵەبکەم ئاوا ئاسودەترم" شەنگین وایوت .