بێکاری پیاوێک وادەکات هاوژینەکەی هەنگاوێکی جیاواز بنێت

سەرباری بارودۆخی نا سەقامگیری ئەفغانستان و ئەو بەربەست و ئاستەنگیانەی لەبەردەم ژناندا هەیە، دوو خوشک پێکەوە هەنگاوێکی جیاواز دەنێن و دەتوانن بە هەوڵدان و کۆڵنەدانیان هەموو ئەو بەربەستانە ببڕن.

 

پروانه کبریت

کابول – سوغرە  ئەمیری، ئەو ژنەی کە بەرگەی مایەپووچ بوون و نەبوونی سەرچاوەی بژێوی هاوژینەکەی نەگرت، ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشە ئەمنیەکان، قسە و قسەڵۆکی کەسوکار و کۆمەڵگا بووەوە و هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراوی هەڵهێنا کە بووە هۆی ئەوەی ناوی بکەوێتە بەرگوێی خەڵکی ناوچەکە و هانی میدیاکانیدا بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەگەڵیدا.

 

سوغرە بەدەست بێکارییەکی سەختەوە دەیناڵاند، چونکە هاوژینەکەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و کەرەنتینەی ساڵی ٢٠٢٠ەوە پایەپووچ بووە، هاوژینەکەی توانی ببێتە دۆست و هاوڕێی سوغرە بۆ بەرەو پێشبردنی ژیان و شکاندنی ئەو بەربەستانەی کە لە دژی ژنان بوونیان هەیە.

"دوو خوشک بە هەوڵەکانیان توانیان ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگییەکان ببنەوە"

سوغرە بەشێوەی ئۆنلاین دەست بە کارکردن دەکات کە خواردن لە ماڵەوە درووستدەکات و دەیگەیەنێتە کڕیارەکانی، بەو شێوەیە دەتوانێت بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابینبکات، سوغرە بەتەنیا دەستی بەم کارەی نەکردووە، بەڵکو خوشکێکی هەیە کە ناوی کوبرا ئەمیریە خاوەنی ٤ منداڵە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیدا بووە و پشتیوانی کردووە، لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها وتی: "شەوێک خوشکەکەم تەلەفۆنی بۆ کردم و پێی وتم کە لەگەڵی کاربکەم و هاوکاری بکەم بۆ ئەوەی داواکاری وەرگرتنی خواردنەکان ئەنجامبدەم، بەیەکەوە کارەکە بەرەوپێش بەرین لە سەرەتادا قسەکانم بە جدی وەرنەگرت و پێکەنیم، چونکە من ئەمزانی ڕووبەڕووی قسەی نەرێنی و قسە و قسەڵۆکی خەڵکی دەبینەوە، بەڵام داواکاری خواردنەکان زیاتر دەبوون و پاشان توانیمان خولی ڕاهێنانی چێشتلێنان بکەینەوە بۆ ماوەی ٣ مانگ بەردەوام بووین".

 

ئەفغانستان، ئەو خاکەی کە بواری کارکردن بۆ ژنان بەرتەسکە و هەمیشە ژنان ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفت بونەتەوە، بەڵام ئەم دوو خوشکە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە خراپی باری ئەمنی و هەڕەشانەی دوژمن بوونەوە کە بۆ سەر هەموو خەڵک و بەتایبەت ژنان هەیە.

ئەو دوو خوشکە بوێرە هەم توانیان ببنە پاڵپشتی هاوژینەکانیان، هەم بایەخ بە ژیانی تایبەتی خۆیان بدەن و بەڕێوەی ببەن و ببنە نمونەیەکی باش بۆ ئەو ژنانەی تر کە لە پشت دیوارە داخراوەکانەوە دەمێننەوە، تەنانەت لە داواکردنی سەرەتاییترین مافەکانیان دەترسن.

دوایی ساڵێک لە کارکردن توانیان چێشتخانەیەکی تایبەت بە خۆیان بکەنەوە و تیایدا کاربکەن.

 

" ژنانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە"

کوبرا لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە بیرەوەرییە تاڵەکانی خۆی و ژنانی وڵاتەکەی کرد لە ڕابردوو و سەردەمی حکومەتی تاڵیباندا، ئەو دوو خوشکەش وەک ژنانی دیکەی ئەفغانستان تووشی سەختی و دژواری بوون.

 

کوبرا باسی لەوەکرد، ئەو یادەوەری و دیمەنە نێگەتیڤانەی کە هێشتا ژن لە کارەکانیان دەسوتێنن، وای لێکردووە دەست بە کارکردن بکات و نیشانی هەموو هاوڵاتییەکی وڵاتەکەی بدات ژن مرۆڤە و دەتوانێت وەک پیاو کاری بازرگانی بکات و شەڕی هەموو ئەو ناتەواوییانەی دەرەوەی ماڵ بکات.

 

ئەو کێشانەی ئەم دوو ژنە بەهۆی کارەکەیانەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە، تەنیا هەڕەشەی ئەمنی وەک تەقینەوە و خۆکوشتن نییە، بەڵکو توندوتیژی و هەڕەشەی تەلەفۆنی زۆر کەسیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، لەم بارەیەوە کوبرا دەڵێت: "سەرباری قسەی باش و دڵخۆشکەری کڕیارانمان بەڵام بەداخەوە خەڵک سوکایەتیمان پێدەکەن، بە چەندین شێوە هەڕەشەمان لێدەکەن، بەڵام ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگییەکان دەبینەوە و ناهێڵین هیچ شتێک بمانوەستێنێت، ئێمە ئەو ژنە چێشتلینەرانەین کە ڕووبەڕووی چەندین سەختی بووینەتەوە و لێمان دراوە، تەنها لەبەر ژنبوونمان سوکایەتیمان پێکراوە و بە چەندین شێوە ئازار دراوین، لەبەرئەوەی منداڵی کچمان هەبووە.

ئەگەرچی خوێندەوار نین، بەڵام ئامانجی گەورەیان هەیە

لەگەڵ ڕۆژئاوابووندا کڕیاران دێن و دەڕۆن، کوبرا ژنێکی میهرەبان و ڕووخۆشە بەیانیان زوو خۆی بۆ کارکردن ئامادە دەکات و بە ڕووخۆشییەوە پێشوازی لە کڕیارەکانی دەکات، ئەم دوو ژنە ئازایە ئەگەرچی نەیانتوانیووە خوێندن تەواو بکەن، بەڵام لە هەموو کەس زیاتر ڕوانگەیەکی کراوە و ئامانجی گەورەیان هەیە، بەردەوام بە ورەیەکی بەرزەوە لە هەوڵدان بەردەوامن.

 

سوغرە لە کۆتایی لێدوانەکەیدا پەیام بۆ ژنانی ئەفغانی دەنێرێت و دەڵێت: "هەرگیز چاوەڕێی هیچ کەسێک مەکە بۆ ئەوەی لە هەژاری و ناخۆشی ڕزگارت بکات و هاوکاریت بکات، بەڵکو کاتێک بە بارودۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕیت پشت بە خۆت ببەستە و لە هەوڵدان بەردەوام بە و کۆڵمەدەن".

 

ت.پ