سەردانی هەورامانت کرد لە دۆندرمەکەی سیدرا بخۆ

سیدرا، ژنێکی گەنجی خاوەنکارە و لە بیارەدا دوکانی هەیە، داوا دەکات ژنان لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و لە بچوکترین کارەوە دەستپێبکەن و هەوڵبدەن ببن بە خاوەنکاری خۆیان، دەشڵێت: من سەرەتا خاوەنی هیچ نەبووم، بەڵام ئیستا خاوەن دوکان و کاری خۆمم.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- هەورامان بە ئاو و هەوای خاوێن و ناوچە گەشتیارییەکانی بەناوبانگە، چەندان دوکانی کەلتوری و کەلەپوری تێدا کراوەتەوە و بەردەوام گەشتیاران لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دێنە هەورامان، گەنجانیش هەوڵدەدەن ناوچەکەیان بکەنە جێگەیەک بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان، سیدرا ڕزگار ژنێکی گەنجی خاوەن کارە لە شارەدێی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، دوکانێکی ساردەمەنی کردووەتەوە و بە ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازی لە سەردانیکاران دەکات، باسی خۆیشی بۆ ژنها دەکات.

 

سیدرا سەرەتا لەگەڵ براکەیدا بڕیار دەدەن کە دوکانێک بکەنەوە وەک خۆی دەڵێت هەرچەندە شوێنەکە بچوکە بەڵام لەبەر ئەوەی دوکانی خۆیانە و بوونەتە خاوەنکار دڵخۆشن پێی، دەشڵێت: ئێستا لە سەرەتای کارەکەمانداین، بەڵام پلانمان هەیە لە داهاتوودا دوکانەکەمان گەورەبکەین.

کاتێک لە دوکانەکەی سیدرا دەڕوانیت بەشێک لە دوکانەکەی بە کەلەپوری کوردی ڕازاندووەتەوە، لێمان پرسی ئایا خۆی حەزی بە کەلەپوری کوردییە یاخود تەنها لەبەر دوکانەکەیەتی، سیدرا وتی: سەرەتا دوکانەمان کەلوپەلی کەلەپوری تێدا بووە، پاشان بەهۆی زۆربوونی دوکانە کەلەپورییەکانەوە لە ناوچەی هەورامان، بیارە، زەردەهاڵ و وەزەنێ، دوکانەکەمان کرد بە خواردنگە.

 

ناوچەی هەورامان بە کڵاش و هەوری و کڵاو بەناوبانگە، زۆرترین دوکانی کەلەپوری لە هەورامان بوونی هەیە، بۆیە ئەو خوشک و برایە پێیان باش بووە دوکانەکەیان بکەن بە خواردەمەنی تا گەشتیاران بتوانن سودی لێببینن.

 

سیدرا داوا لە ژنان دەکات لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و لە بچوکترین کارەوە دەستپێبکەن و هەوڵبدەن ببن بە خاوەنکاری خۆیان، دەشڵێت: من سەرەتا خاوەنی هیچ نەبووم، بەڵام ئیستا خاوەن دوکان و کاری خۆمم.

 

لە ئیستادا هەڵەبجە و هەورامان زۆرترین ڕێژەی ژنان کار دەکەن و بوونەتە خاوەنکار و دوکانی خۆیان، یاخود لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.

 

ت.پ