دایک و کچێک بە تەنها کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی ئەنجام دەدەن

"دەشت هەوای پاکتر و خۆشترە بەڵام دوورین لە دراوسێ و کارەبامان نییە".

"دەشت هەوای پاکتر و خۆشترە بەڵام دورین لە دراوسێ و کارەبامان نییە".

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- گوڵزار و گەرمیان دایک و کچێکی نمونەیی شارۆچکەی سەیدسادق بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن و بە ڕەنجی شانی خۆیان دەژین و ماندووبوون لە ژیانیان ناوەستێنت.

گوڵزار شەریف تەمەن ٦٢ ساڵە، لەگەڵ کچەکەی بە ناوی گەرمیان ئیبراهیم نزیکەی ٣ ساڵە پارچە زەوییەکی کشتوکاڵییان لە دەشتی گوندی ناوگردان سەر بە شارۆچکەی سەیدسادق کڕیوە و هەرلەوێدا ژیان دەکەن، لە زەوییەکەدا خانویەکیان تێداکردووەتەوە تێیدا بمێننەوە و داری هەنار و بەرهەمی تەڕەکاڵیان چاندووە و سەرقاڵی کارکردنن، هەروەها بۆ دابینکردنی بژێوییان چەن ئاژەڵێکیشیان ڕاگرتووە و بەخێوی دەکەن.

 

گوڵزار باس لە دۆخی ئابورییان دەکات، بەتایبەت گرانبوونی نرخی بەنزین لە ئێستادا، وەک خۆی دەڵێت: بەنزینیان بردووەتە باڵی مەل.

هەروەها گرفتیان لە ساغبوونەوەی بەرهەمەکانیان هەیە و دەڵێت: لە مانگی شوبات/٢ی ئەمساڵەوە خەریکی کارین، بەڵام هیچمان دیار نییە و تا ئێستا لە پای ماندوو بوونمان تەنها ٢٥ ‌هەزار دینارمان لە بەرهەمەکانمان دەست کەوتووە، لە کاتێکدا هەموو ڕۆژێک ١٥ هەزار دینار بە بەنزینی ماتۆڕەکەیان دەدەن کە هاتوچۆی پێدەکەن.

 

گوڵزار بە بزەکی شیرین و عاجزییەوە باس لە بەرهەمەکانی دەکات و دەڵێت تەماتە و خەیار و کاڵەک و هەندێک بەروبومی ترمان چاندووە، بەهۆی خراپی باری داراییانەوە ماوەی سێ ساڵە نەیانتوانیوە کارەبای باخەکەیان دابین بکەن و بێ کارەبای نیشتمانی دەژین.

‌گەرمیان ئیبراهیم باس لە بەرهەمەکانیان دەکات و دەڵێت سەرەتا تەنها بەرهەمی کشتوکاڵیمان دەکرد، بەڵام لە ئەمساڵدا هەنار و بەرهەمی تەڕەکاڵیشیان تێدا چاندووە، هەروەها باس لە قازانجی بەرهەمەکانیان دەکات کە بڕە پارەی دەرمان و بەنزینەکەمان ناکەوێتەوە دەست: تەنها دۆخی ئێمە بەو شێوەیە نییە، بەڵکو هەموو جوتیاران لەم دۆخەدان.

‌گەرمیان بەر لەوەی ئەم پارچە زەوییە لەگەڵ دایکی بکڕن زۆر کاری دیکەی ئەنجامداوە و بەردەوامیشە، وەک خۆی دەڵێت: "هەرچی شتە کردوومە" وەک کاری چنینەوەی هەنار و زەیتون و ترێ و ئاودانی هەنار و چەندین کاریتر .

 

‌گەرمیان و دایکی جگە لە کاری کشتوکاڵی چەن ئاژەڵێکیان ڕاگرتووە و بەخێوی دەکەن.

 

ت.پ