شەهێن، دەرچووی دەرونناسییە و بەکاری دروومانیەوە خەریکە

شەهێن یەکێکە لە ژنە گەنجەکانی شاری هەڵەبجە کە خوێندنی تەواو کردووە و لە ئێستادا بەکاری دروومانەوە خەریکە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- دوکانێکی بچوک لە یەکێک لەسەر کۆڵانەکانى هەڵەبجە بە لافیتەیەک نوسراوە بەرگدووری پەری، کە دەچیتە ناو دوکانەکە تێکەڵی کەشێکی ژنانە دەبیت و بە ڕەنگی ئاڵوواڵا و دروومانەوە ئاشنا دەبیت.

 

خاوەنی دوکانەکە ژنێکی گەنجە بە ناوی شەهێن عومەر، تایبەت بە ژنها وتی: دەرچووی زانکۆم بەشی دەرونناسی، بەهۆی ئەوەى دەرفەتى کارم نەبوو لە دامودەزگاکانى حکومەت، بەکاری سەربەخۆوە سەرقاڵم و دوکانێکی دروومانمان کردووەتەوە، بە کارەکەمان جگە لە بەدەستهێنانى ماددە دەتوانین کاتەکانى خۆشمانی تێدا بەڕێبکەین و سودیشی لی ببینین.

 

لەم دوکانەوە دەرفەتى کارمان بۆ سێ ژنی دیکە ڕەخساندووە

شەهین ئەماژە بەوە دەدات کە لە دوکانەکەیدا جگە لەخۆی ژنی دیکە کار دەکەن، کارەکانیشیان لە بەیانیەوە تا شەو بەردەوامی پێدەدەن، وتیشی جگە لە کاتە ئاساییەکان لە بۆنە و ئاهەنگەکان و جەژناندا تا درەنگانیکى شەو و بەرەبەیان دەمیننەوە، تاوەکو داواکاری هاوڵاتیان جێبەجێ بکەن.

سەرەڕای کارەکانیان خولی فێرخوازیشی بۆ ژنان کردووەتەوە

شەهین عومەر باس لەوەدەکات چەندین خولیان کردووەتەوە و بەردەوامیشن، بۆ زیاتر سود گەیاندن بە ژنان، تا ئیستا ٢٤ ژن بوونەتە خاوەنى بڕوانامەى تایبەت بە خۆیان لە بواری دروومان و بوونەتە خاوەن کاری خۆیان.

سەبارەت بەوەى چ جۆرە جلوبەرگێک دەدوورن، خاوەنى بەرگدووری پەری وتى: جلی ماڵەوە، دەرەوە و جلی کوردیش دەدوورین

 

خۆمان دیزاین دەکەین و خواستى کەسەگەش وەردەگرین

سەبارەت بە شێوازی دوورینى جلوبەرگەکان شەهین ئاماژە بەوە دەدات، هەرشتێک ببیتە هۆی جوانتر کردنى کارەکەمان دەیکەین، بۆ نمونە ئەگەر کەسەکە خۆی نمونەى پێبێت، وەک نمونەکە بۆی دەدوورین، لە هەندێک باریشدا بۆچوونی خۆمانی بۆ جوانتر کردنی پارچەکە دەخەینە سەر.

 

بەهۆی بێ کارییەوە بەشێکی زۆری ژنان لە هەوڵدان بۆ دەستکەوتنى کاری خۆیان و بەڕێ کردنی ژیانى خۆیان، بۆ ئەمەش ژنان لە زۆر بواردا دەستیان بە کارکردووە و پێشکەوتنیان بەکارەکان داوە.

ت.پ