د.تارا: ئیتر بێ ڕێزی بە مامۆستا ئاسایی دەبێتەوە

د.تارا تا ئێستاش کێشەکەی وەک خۆی ماوەتەوە، باسی ئەو بێڕێزییانە دەکات کە بەرامبەری ئەنجام دراوە، دەڵێت، وەک چۆن لە هەولێر شەق لە مامۆستاکە هەڵدرا، سوکایەتی بە منیش کرا، ئیتر بێڕێزی بەرامبەر مامۆستا ئاسایی دەبێتەوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- د. تارا عەبدوڵا، ماوەی ٢٠ ساڵ خزمەتی لە پەروەردەکردنی خوێندکاراندا هەیە، لە ساڵی ١٩٩١ ماستەری لە بەشی کوردی زانکۆ سەڵاحەدیندا تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠٠٠ بڕوانامەی دکتۆرا بەدەستدەهێنێت، دواتر لە ساڵی دوو هەزاردا دەچێتە وڵاتی بەڕیتانیا، لە زانکۆکانی بێرمینگهام و کۆنڤێنتری دەخوێنێت.

 

دواتر لە ساڵی ٢٠١٠ دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە زانکۆی سلێمانی بە نیو مووچە وانە دەڵێتەوە، لە کاتی گەڕانەوەیدا پێی دەوترێت خانووەکانی هەواری زانکۆ دابەشکراون، هیچ خانوویەک بۆ ئەو مامۆستایە نابێت، بەڵام لە پاشدا بۆی دەردەکەوێت کە چەند کەسێکی دیکە دوای ئەو خانوویان وەرگرتووە.

 

چەند جارێک بێڕێزی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت

د.تارا بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆی لە پێدانی خانوویەکدا، سەردانی سەرۆکی زانکۆ و چەند بەرپرسێکی حزبی دەکات، بەڵام لەبری وەرگرتنەوەی ماف بۆی بێ ڕێزی بەرامبەر ئەنجام دەدەن.

 

لە جاری یەکەمدا سەردانی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دەکات، ئەو پێی دەڵێت کە بەشێک لە خانووەکان لەو کەسانە وەردەگیرێنەوە کە شایستەیان نییە، دواتر دەدرێت بەو، بەڵام ئەمە جێبەجێناکرێت، دواتر سەردانی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی دەکات، پارێزەرێک لەوێ پێی دەڵێت بچێتەوە لای سەرۆکی زانکۆکەکەی کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکرێت.

 

بەڵام لای سەرۆکی زانکۆ، پێی دەوترێت کە تەنها یەک خانوو هەیە، ئەویش لە دادگادایە، ئەگەر لەو کەسە وەرگیرایەوە، تۆش فۆڕم پێشکەش بکە، بەشکم بۆ تۆ دەربچێت.

 

لەلایەن بەرپرسەکانەوە دەستیدەستی پێدەکرێت

پاشان د.تارا دەچێتە لای بەرپرسێکی یەکێتی، بەڵام لەبری چارەسەرکردنی کێشەکەی جارێکی دیکە لەلایەن بەرپرسێکەوە پێی دەوترێت "خانووت بۆچیە بچۆ کرێوە، خۆشم لە کرێچیدام، لە کاتێکدا ئەو بەرپرسە چەندین خانووی لە پڕۆژەیەکی دیکە هەیە" د.تارا وادەڵێت.

 

جارێکی دیکە دەچێتە لای بەرپرسێکی یەکێتی، ئەو بەرپرسە قسە لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دەکات، ئەویش پێی دەڵێن بابێتەوە بۆ زانکۆ، لە کاتێکدا دەچێتەوە بۆ زانکۆ سەرۆکی زانکۆ پێی دەڵێت من نەمووتووە وەرەوە، وەک دەڵێت "لەویا قسەی بەرپرسەکەی یەکێتی بە درۆ خستەوە".

 

 سەرۆکی زانکۆ پێ دەڵێت، شوقەیەکی زانکۆ کە لە شووێنێکی دوورە پێت دەدەین، د.تاراش وتوویەتی "ئەو شوقانە بۆ یەک کەس دەبێت، بۆ ئەو کەسانەی کە میوانن دێن بۆ زانکۆکە بۆ ماوەیەکی کاتی، هەروەها من دایکم نەخۆشە ناتوانم بچمە شوقە، بۆچی خانووم پێنادەیت لە کاتێکدا خانوو هەیە، ئەویش بە شێوەیەک توویەتی "ئۆوو دەکەواتە هیچ"، "بە جۆرێک پێی وتم وەک ئەوەی بڵێت شایەنی ئەوەش نیم".

 

پیاوان هاوسەرگیری بە یەکلاکەرەوەی پرسەکان دادەنێن

کاتێک د.تارا دەپرسێت کە بۆچی خانووی پێنادرێت، لە وەڵامدا پێی دەوترێت "تۆ مێردت نییە، لەبەر ئەوە خانووت نادەمێ، وتم باشە ئێستا من شوو بکەم بە پیاوێکی بێ ڕەوشت خانوم پێدەدەیت، زۆر بە ئاسانی وتی بەڵێ".

 

د. تارا دەڵێت " پێم وت تۆ بە من دەڵێیت کە ئامادەی خانوو بدەیتە پیاوێکی بێ ڕەوشت، لە کاتێکدا ئەو خانووانە بۆ بڕوانامەیە نەک ڕەگەز و هاوسەر".

 

وەک ئەو مامۆستایە باسی دەکات لەو کاتەدا کەرامەتی بریندار کراوە، ئەوە جاری یەکەم نییە کە بێ ڕێزی پێدەکرێت، دەڵێت " ئەوە ئیهانەکردن بوو، بۆیە پێم وت تۆ شایەنی ئەو کورسییە نیت".

 

د.تارا لە ئێستا لە پلانی ئەوەدایە کەیسەکەی بباتە دەستەی دەستپاکی، دەربارەی ئەو ڕەوشت و هەڵسوکەوتانەی بەرامبەریشی ئەنجام دراوە دەڵێت: "ئەو پەیامە دەدات، تۆ کە هاوسەرگیریت کردووە، مرۆڤیت و مافی ئەوەت هەیە خانووت پێبدرێت، بەڵام کە هاوسەرگیریت نەکردووە مافت نییە".

 

جارێک شەق لە مامۆستا دەدرێت و جارێک بێڕێزی دەکرێت

د.تارا دەربارەی ئەو بێڕێزیانەی بەرامبەری ئەنجام دراوە دڵگرانە، ئەوەدەخاتەڕوو کە بێ ڕێزی کردن بەرامبەر مامۆستا ئاسایی بووەتەوە، "ئەمە بێڕێزی کردنە بە مامۆستا، جاری پێشوو لە هەولێر شەق لە مامۆستا هەڵدرا، ئەمەش بێ ڕێزییەکی دیکەبوو بەرامبەر من کرا، جارێکی دیکە ڕەفتارێکی دیکە دەکەنەوە و ئیتر بێ ڕێزی بە مامۆستا ئاسایی دەبێتەوە".

 

لەبارەی ئەو هەستەی کە ئێستا هەیەتی د.تارا بەم جۆرە دەدوێت: "هەستێکی تاڵم هەیە، کە دوای ٣٠ ساڵ لە ڕەنج و ماندووبوون بەم شێوەیە بێ ڕێزیم پێدەکرێت، مرۆڤ نرخی لە دابەزیندایە، ژن، مامۆستای زانکۆ و سەرجەم مامۆستاکان نرخی لە دابەزیندایە، هەر کۆمەڵێکیش ئەمانەی تێدابوو بەرەو هەڵدێران دەچێت".

 

ت.پ