شارەزایەکی ئابوری: ژێرخانی ئابوری لە خاڵی سفردایە

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئابوری سەرختدا دەژین، ئابوری ئەم هەرێمە پێنج ملیۆن کەسییە بە ڕادەییەک خراپ بووە، ئابوریناسەکان دەڵێن هیچ جێیەکی دیکە هاوشێوەی ئابوری ئەم هەرێمە نییە، کەرتی کشتوکاڵ کە مەرجی سەرەکی بەهێزبوونی هەر حکومڕانییەکە لەم هەرێمەدا لەژێر سفردایە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە دوای سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و بەستنی ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت لە نێوان هەرێم و تورکیا لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣دا، حکومەتی عێراق ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت، ئیتر ڕۆژە ناخۆشەکانی هاوڵاتیانی باشوری کوردستان دەستی پێکرد.

 

لە نەناردنی بەشە بودجەی هەریمی کوردستان لە عێراقەوە، تا دابەشنەکردنی مووچە، ژیانی هاوڵاتیان کەوتە دۆخێکی یەکجار سەختەوە، تا دەهات خراپتریش دەبوو، حکومەت بە ناوی سیستمی پاشەکەوتەوە ساڵانە زیاتر لە چوار مووچەی دابەشنە دەکرد.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا ١١ مووچەی تەواوی مووچەخۆران قەرزارە، ٣٦ مووچەی پاشەکەوتی ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠١٩ قەرزارە، کە بڕەکەی زیاتر لە ٢٠ ترلیۆن و ٤٧٠ ملیار دینارە.

لە ساڵی ٢٠٢١ تا ئێستا ئەو مووچانەی دابەشکراون بە لێبڕینی ٪٢١ بووە.

 

لە ماوەی ئەم شەش ساڵەدا نەک تەنها مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشنەکراوە، بەڵکو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش بە تەواوی پەکیان کەوتووە، ئەو پڕۆژانەی جێبەجێکراون بە پەنجەکانی دەست دەبژێردرێت.

 

مامۆستا، فەرمانبەران و پۆلیسی هاتووچۆ دەیان جار لە شارەکانی سلێمانی، گەرمیان، ئیدارەی ڕاپەڕین و هەڵەبجە خۆپیشاندانیان دژی نەبوونی مووچە ئەنجامداوە، بەڵام هەمیشە بە مووچەیەک بێدەنگ کراون، دواتر جارێکی دیکە مووچە دواکەوتووە.

 

لە ماوەی ئەم شەش ساڵەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو جار ڕێکەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامداوە، کە بڕێک نەوتی بۆ بنێرێت ئەویش لە بەرامبەردا مووچەی فەرمانبەرانی بۆ بنێرێت، بەڵام هەردوو جارەکە بەهۆی کۆنتڕۆڵ کردنی تەواوی نەوتی هەرێم لە دەستی تورکیادا، هەرێمی کوردستان ئەو نەوتەی ڕێکەوتنی لەسەر کراوە نەیناردووە بۆ عێراق و ڕێکەوتنەکان هەڵوەشاونەتەوە.

 

لە ئێستادا کە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە پەرلەمانی عێراقدایە، بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە بکرێت، ئەمەش دوای ١٨ سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ ڕێکەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، بڕیارە پێش دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەران جارێکی دیکە شاندی حکومەتی هەرێم بچێتەوە بەغدا.

 

دەبێت ڕۆژانە ٤٦٠ هەزار بەرمیل بۆ عێراق بنێردرێت

بەپێی دواین زانیاری دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بڕی ٤٦٠ هەزار بەرمیل نەوت، داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و نیوەی داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق ٪١٣.٩ بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، هەروەها  ٢١٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە، بەکارهێنانی ناوخۆ و پیترۆدۆلار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.

 

ئەگەر ئەم خاڵانە لە پڕۆژەیاساکەدا بچەسپێت، ئەوا هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٣ ترلیۆن دینار وەردەگرێت، هەروەها لەو چوار ترلیۆنەی بۆ بودجەی پارێزگاکان تەرخانکراوە، ٦٠ ملیار دیناری بەردەکەوێت.

 

ئەم ڕێککەوتنە ئەگەر جێبەجێبکرێت سودێکی بۆ هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە دەبێت، بەڵام تا ئێستاش لای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەمە نابێتە هەواڵێکی دڵخۆشکەر، چونکە ئەزموونیان لە ڕێکەوتنی بێ کردار و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکان هەیە.

 

لە کاتێکدا ئابوری، بنەمای پێشکەوتنی هەر حکومەتێکە، بەڵام ئابوری هەرێمی کوردستان لە لێواری ڕوخاندایە، تا ئێستا کەس نازانێت داهاتی ئەم هەرێمە چەندە، ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت چەندە و دەچێتە گیرفانی کێ، تەنها ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت هەیە ئەوەش چەندین پرسیاری لەسەر هەیە، تەنها شتێک کە داهاتی هەرێمی کوردستان پشتی پێبەستووە نەوتە، داهاتی نەوت بووەتە گرێکوێرەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، نەک تەنها پێداویستییەکانی هاوڵاتیانی دابین نەکردووە، بەڵکو هۆکاریش بووە بۆ لاوازکردنی سێکتەرەکانی دیکەی داهات.

 

کەرتی کشتوکاڵ دەبێتە پاڵپشتی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە

کەرتی کشتوکاڵ گرنگترین خاڵی سەرکەوتنی هەر حکومڕانییەکە، هەر دەوڵەتێک کەرتی کشتوکاڵی ببوژێنێتەوە، دەبێتە وڵاتێکی بەهێز، لە هیچ دۆخێکدا پێویستی مەترسی لەسەر ئابوری و ژیانی خەڵکەکەی نابێت، ئەو دەوڵەتانەی گرنگییان بە کەرتی کشتوکاڵ داوە لەهەموو دۆخێکدا لەسەر پێی خۆیان ماونەتەوە، لەبەرامبەریشدا هەر حکومڕانییەک کەرتی کشتوکاڵیەکەی لاوازبێت، ئەگەر دەوڵەتیش بێت هێز و پێگەیەکی کاریگەری نابێت، عێراق نمونەی زیندووی ئەم بابەتەیە.

 

بەڵام لە هەرێمی کوردستان دوای ساڵی ٢٠٠٠ حکومەت لەجیاتی گرنگیدان بە کشتوکاڵ، جوتیارەکانی کردە فەرمانبەر، لە جیاتی بوژاندنەوەی گوندەکان، هانی دەدان بۆ ژیان لە شارەکاندا، بەرهەمە ناوخۆییەکان پێداویستی دانیشتووانەکە دابین ناکەن، لە ماوەی نۆ کابینەدا هیچیان نیو هێندەی گرنگی بە نەوت گرنگیان بە کشتوکاڵ  و گەشتوگوزار نەداوە.  

 

شارەزایەتی بواری ئابوری: خراپی ئابوری هەرێم بەهۆی کەرتی کشتوکاڵەوەیە

نیشتیمان حەسەن، خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە ئابوریدا، هۆکاری سەرەکی خراپی ئابوری هەرێمی کوردستان بە خراپی کەرتی کشتوکاڵ دەزانێت، و دەڵێت هەموو کەرتەکانی بەرهەمهێنان تەواو پەکیان خراوە، ژێرخانی ئابوری سفرە و ماوەی ٣٠ ساڵە هیچ پێشکەوتنێک لە هەرێمی کوردستاندا نەکراوە، داهاتی نەوت و گەشتوگوزار کەس نازانێت دەچێتە کوێ.

 

ئەو شارەزایەی بواری ئابوری دەڵێت: دۆخی ئێستای ئابوری هەرێمی کوردستان خراپترینە، خەڵک تەواو لە ژیان بێهیوا بووە، تەنها خەمی ئەوەیەتی بژی، هاوڵاتی تەنانەت پێداویستییەکانیان نییە، هیچ ئابورییەکمان نییە، تەنها نەوت هەیە، ئەویش تەواو لەلایەن کۆمەڵێکەوە قۆرغ کراوە.

 

بۆ چارەسەرکردنی قەیران و کێشە ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان نیشتمان حەسەن پێی وایە بە بەگەڕخستنەوەی کەرتی کشتوکاڵی، پیشەسازی و گەشتوگوزاری و کەرتەکانی دیکەی پێشخستنی ئابوری، دەتوانرێت ژێرخانی ئابوری ڕێژەکەی لە سفرەوە بەرز ببێتەوە.

 

ت.پ