قاوەخانەکەی ڕەند، شوێنێک بۆ ئارامبوونەوە

لەگەڵ چوونە ژوورەوەدا بۆ قاوەخانەی ئاریۆس، گوێت لە ئاوازێکی هێمن پڕدەبێت، ڕەند بە خەندەوە پێشوازیت لێدەکات، لەبەر ئەوەی خۆی خواستی بۆ کەشێکی هێمن و بێدەنگ هەیە، ڕەند کەشی هێمن و دوور لە قەرەباڵغیشی بۆ قاوەخانەکەی دروستکردووە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ڕەند یاوەر لەگەڵ براکەیدا بەیەکەوە خاوەنی قاوەخانەی "ئاریۆس"ن لە ماکۆ مۆڵ لە شەقامی شەست مەتری شاری سلێمانی، لەگەڵ براکەیدا بەیەکەوە کارەکان ڕادەپەڕێنن، بەڵام ڕەند وەک بەڕێوەبەر کاری ڕێکخستنی قاوەخانەکەش دەکات.

 

ڕەند لە پەیمانگایەکی بەڕیتانی کار دەکات، دوای تەواوبوونی کاری پەیمانگا دێتە قاوەخانەکە، دەڵێت ماوەی چوار مانگە دەستیان بە کارکردن کردووە، پێشتر نزیکەی شەش مانگ زانیارییان دەربارەی کاری قاوەخانە کۆکردووەتەوە، ئێستا زیاتر لە ٣٠ جۆر خواردنەوەییان هەیە. 

 

قاوەخانەکەی ڕەند، بە ڕەنگی سەوز و قاوەیی نەخشێندراوە، وەک باسی دەکات سەوز ڕەنگێکی ئارام کەرەوەیە، قاوەیش ڕەنگی قاوەیە و دەبێت لە قاوەخانەدا ئەو ڕەنگە هەبێت و شێوازێکی کلاسیکی بۆ قاوەخانەکەی هەڵبژاردووە.

 

قاوەخانەکە دیوارەکانی بەڕەنگی سەوز نەخشێندراون، زۆرینەی شوێنەکانیشی گوڵی تێدایە، لایەکی دیوارەکەش وێنەی ژن و پیاوێکە کە بە خەندە قاوەکانیان نۆش دەکەن هەڵواسراوە، لایەکەی دیکەش کتێبخانەکەی بچووکی لێیە، کورسی و مێزەکانیش ڕەنگیان قاوەییە و لەسەر مێزەکانیش وێنەیەک و گوڵدانێکی داناوە کە گوڵی وشککراوەی تێدایە، لەگەڵیشیدا گوێت لە ئاوازێکی هێمن دەبێت.

ڕەند دەڵێت "هەستم دەکرد توانایەکی زۆرم هەیە، دەتوانم خزمەت بە کۆمەڵگاکەم بکەم، پێم وابوو ئەگەر ببمە خاوەن کاری خۆم دەتوانم زیاتر خزمەت بکەم، بۆیە لەگەڵ براکەمدا بڕیارمدا ببمە خاوەن کاری خۆم". 

ڕەند وەک خۆی باسی دەکات کەسێکی هێمنە، دەخوازێت لە شوێنێک دابینشێت کە کەشێکی هێمن و دوور لە دوکەڵ بێت، بۆیە ویستوویەتی تایبەتمەندی ئەو قاوەخانەیەی کە هەیەتی بەو جۆرە بێت کەشێکی هێمن بڕەخسێنێت، جێ پەنجەی خۆی بە شێوەیەکی جیاواز دەربخات. 

 

ڕەند وەک ماڵ گرنگی بە قاوەخانەیەکی دەدات، بەردەوام گرنگی بە کوالێتی ئەو خواردنەوانە دەدات کە پێشکەشی دەکات، هەرچەندە ڕۆژانە ١٦ بۆ ١٧ کاتژمێر لە قاوەخانەکەی کاردەکات و لە ڕووی جەستەییەوە زۆر ماندوو دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی پلانەکانی جێبەجێدەکات و کار بۆ ئامانجەکەی دەکات هەست بە ماندوویەتی ناکات، خێزان و هاوڕێکانێشی پاڵپشتی بەهێزی دەکەن.

 

هەڵبژاردنی ئەو شوێنەی کە قاوەخانەکەی لێیە لای ڕەند گرنگی خۆی هەیە، لەبەر ئەوەی پێی وایە زۆرینەی قاوەخانە و کافتریاکان دەکەونە یەک شوێنی شارەوە، بۆیە هەوڵیداوە لەو شوێنەی قاوەخانەی لێنییە، لەو شوێنە قاوەخانەکەی بکاتەوە.

نوا ساسان تەمەنی ١٧ ساڵە قوتابییە، بۆ ئەوەی وانەکانی بخوێنێت دێتە قاوەخانەی ئاریۆس، قاوەخانەکە بۆ نوا کەشێک دڵگیری هەیە و دوورە لە ژاوەژاو و قەرەباڵغی، بۆیە زۆرجار سەردانی دەکات، دڵخۆشە کە ژنێکی گەنج دەبینێت خاوەن قاوەخانەیەکی بەو شێوەیە دڵگیرە.

لە کۆتایدا، ڕەند ئامۆژگاری سەرجەم ژنان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات، کە ئەوانیش دەستپێبکەن و هیچ بۆ کارکردن درەنگ نییە، دەشڵێت: "پشت بە تواناکانی خۆت ببەستە، هیچ کەس هێندەی خۆت لە تواناکانی خۆت شارەزا نییە، ئەوەی من توانیوومە بیکەم دڵنیام تۆش دەتوانیت، هەرگیز کۆڵمەدەن، دەگەنە ئەو کارەی خەونی پێوە دەبینن".

 

ت.پ