پیزا هانا، پیزا بەناوبانگەکەی هەڵەبجە

شادییە عەلى ڕەشید، دەرچووى پەیمانگای کارگێڕی و خاوەنی بەکالۆریۆسە لە وەرزشدا، بەڵام دوکانێکی بۆ خۆی کردوەتەوە و بژێوی ژیانی خۆی لێوە پەیدادەکات.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

سلێمانی- کە بە یەکێک لە گەڕەکەکانى هەڵەبجەدا گوزەر دەکەیت بۆنى پیزا، هەمبەرگر و کنتاکى بەرەو دوکانی "پیزا هانا" ڕاتدەکێشێت، لە دوکانەدا ژنێک بە ناوی شادییە بەڕوویەکى خۆشەوە میوانەکانى بەڕێدەکات، شادییە عەلی ڕەشید لە چاوپێکەوتنێکی ژنهادا وتی: لە ساڵى ٢٠١٢-٢٠١٣ پەیمانگام بەشی کارگیڕی تەواو کرد، خولیام بۆ وەرزش کرد هەبوو، فۆرمی بەشی وەرزشی زانکۆی هەڵەبجەم پڕ کردەوە و ئەمساڵ کۆتا ساڵی خوێندنم بوو.

 

"لە زانکۆ بووم و کارم دەکرد بۆ ئەوەى بژێوی ژیانم دابین بکەم"

شادییە باس لەوە دەکات کاتێک لە قۆناغی دووەمی زانکۆ بووە لە چێشتخانەیەکی هەڵەبجەدا کاری کردووە، پاشان دڵنیا بووە لەوەی خۆی دەتوانێت کار بکات و بڕیار دەدات کە دوکانی مقەبیلات دابنێت، بە گەیاندن، کار بکات، ئەمە دەبێتە حەز و خولیایەک بۆ شادییە و دابیکردنی دەستمایەیەکیشە بۆی.

 

چەندە پێیان دەوتم سەرکەوتوو نابیت، بەڵام بەردەوام بووم 

شادییە هەوڵی هاوڕێکانی لەبەرچاوە بۆ ئەوەى لە کارەکەی بەردەوام بێت و وتی: هاوڕێکەم ئامۆژگاری کردم بەوەی من کارێک دەزانم بۆچی پەرەی پێنەدەم، بۆیە بڕیارمدا فڕنێک بکردم و خواردن دروست بکەم، پێیان دەوتم کە سەرکەوتوو نابیت، منیش نەترسام و شکستم نەهینا، هەتا سەرکەوتوو بووم، کۆسپیش لە بەردەممدا هەبووە لە ڕووی مادی و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام دەبێت لە کۆمەڵگەدا خۆت بسەلمێنیت.

 

پارەی خوێندنەکەمم بۆ دروست کردنی دوکان دانا

شادییە ماوەی دوو ساڵە پیزا هانا'ی داناوە، لە ئێستادا بەشێکی زۆری خواردنە خێراکانی هەیە و دەڵێت دەتوانم شیرینیش زیاد بکەم، چونکە دەتوانم و خەڵکیش خواستی لێیەتی.

 

شادییەی ڕەنجکێش، دەربارەی دوکانەکەی دەڵێت: کە دەستم بە کارەکەم کرد، خاوەنى تەنها یەک ملیۆن دینار بووم، ئەو پارەش کە هەمبوو بۆ خوێندنەکەم دامنابوو، چونکە خویندنەکەم بە پارە بوو، پێشتر دوو شاگردم هەبوو، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، ئێستا هەر خۆم کاردەکەم.

 

شادییە داوا لە ژنان دەکات نەترسن لە کارکردن، بۆ ئیشێک کە حەزیان لێیە دانەنیشن و نەترسن، ئەگەر ساڵێک شکستیان هێنا بە هەوڵدان بەردەوام بن، چونکە ئیش دوای دوو ساڵ و سێ ساڵ خاوەنى دەستمایەی خۆیان دەبن و دەبنە خاوەن کاری خۆیان، بۆیە بەردەوام بن.

ت.پ