پەریا، ژنێکی تەنها لە شەقامی وڵاتێکی بێگانەدا

ژنێکی فارس، لە پێناو پەیداکردنی پارەی نشینگەکەیدا شەوانە لە شەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی کار دەکات، دەڵێت سلێمانی جیاوازە، خەڵکی ئێرە و کەلتورەکەیان تایبەتن، هەست بە نزیکی و ئارامی دەکات لەگەڵ خەڵکی سلێمانیدا.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- پەریا، ژنێکی فارسە، خەڵکی شاری هەمەدانی وڵاتی ئێرانە و تەمەنی ٣٠ ساڵە، ماوەی نزیکی دوو مانگە هاتووەتە باشوری کوردستان، لەپێناو پەیداکردنی پارەی نشینگەکەیدا بە شەو لە شەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی کار دەکات.

 

کاتێک نزیک دەبێتەوە لە ئێوارە، پەریا گۆرەوی، قایشی کەمەری پیاوان و تەزبیح لەسەر مێزەکەی ڕیز دەکات، چاوەڕوان دەکات کڕیارەکان لێی بکڕن، بە ڕووخۆشی و خەندەوە مامەڵە لەگەڵ کڕیارەکانی دەکات.

 

ئەو ئەگەرچی ناتوانێت بە کوردی قسە بکات، بەڵام هەندێک وشەی کوردی و عەرەبی فێربووە، ئەگەریش نەتوانێت تەواو تێبگات بە پەنجەکانی دەستی نرخی کاڵاکانیان پێدەڵێت، ئەو دڵخۆشە کە هاتووەتە باشوری کوردستان باس لە ڕەفتاری باشی هاوڵاتیان دەکات، کە دڵخۆشن و شانازی دەکەن ژنێکی فارس دەبینن بە سەربەرزی کار دەکات.

 

پەریا باس لەوەش دەکات، هەرچەندە هەندێک کەس دەیانەوێت هاوکاری بکەن، بەڵام ئەو دەیەوێت بە ڕەنج و ماندووبوونی خۆی پارە بەدەستبهێنێت، دەشڵێت "لێرە کار باشە، بەڵام خەرجی زۆر هەیە، دەبێت بەشێکی زۆر داهاتەکەت بۆ خەرجی بەکاربهێنیت".

 

ئەو بە ڕووخۆشیەوە باس لەوە دەکات، هەندێک لە کڕیارەکان هەوڵدەدەن فێری زمانی کوردی بکەن، هەندێکیش کە چەند وشەیەکی فارسی دەزانن، هەوڵ دەدەن قسەی پێبکەن، ئەوەش دڵخۆشی دەکات وای لێدەکات هەست بە نزیکی و ئارامی لەگەڵ کوردەکان بکات.

 

ت.پ