نەسرەت ١٧ ساڵە دروومان بۆ ژنانی پێنجوێن دەکات

نەسرەت دەڵێت: ئەو ژنانەی دێنە لام دەڵێن تەنها لەبەر قسەخۆشەکانت دێینەوە لات، زیرەکی و خێرایی لە کارەکەیدا ئەزموونی چەندین ساڵەی دەردەخات لە درووماندا.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- ژنێکی شیرین و قسە خۆشە، خێرایی جوڵەی دەستەکانی و ئارامییەکەی نیشانی دەدات کە ژنێکی ڕەنجدەر و بە ئەزمونە لە کارەکەیدا، نەسرەت ئەحمەد تەمەنی ٣٦ ساڵە و لە پێنجوێن دادەنیشێت، ئەو دوکانێکی بچوکی لای ماڵەکەیدا کردووەتەوە تا ژنان سەردانی بکەن و بەرگە نەدوراوەکانیان بهێنن و بۆیان بدورێت.

 

نەسرەت ئەحمەد ژنێکی دانیشتووی قەزای پێنجوێنە و لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە دەستی بە دروومان کردووە، لە ئێستادا زیاد لە ١٧ ساڵە کاری دروومانی دەکات و لە ئیستادا دوکانێکی بە ناوی "بەرگدرووی سەنا"وە هەیە، بەهۆی پیشەکەیەوە ژنێکی ناسراوی قەزاکەیە و کەم ژنی پێنجوێن هەیە کە ناوی نەسرەتی نەبیستبێت، وەک خۆشی باسی لێوە دەکات لەسەر دەستی "تەلێ"ی کچە پوری فێری بەرگدرووین بووە، نەسرەت دەگێڕێتەوە کە سەرەتا فێربوونی کارەکە ئاسان نەبووە و بە پێداگری و ئارەزووی زۆری بۆ کارەکە بەردەوام بووە تا فێربوون.

نەسرەت باس لە پشتگیری و هاوکاری خێزانەکەی دەکات و بە هۆکاری بەردەوامی کارەکەی دایان دەنێت و دەڵێت: گیانم بە ماڵ و منداڵەکەمە کە هاوکاریم دەکەن، ئەگەر ئەوان نەبوونایە من بەهیچ شێوەیەک نەمدەتوانی کار بکەم، ئەو ژنە لێهاتووە جگە لە خێزانەکەی، خزم، دۆست و میوانەکانیشی لە خۆشەویستی نەسرەت بۆ کارەکەی تێگەیشتوون و لە کاتی سەردانیکردنیاندا کارەکانی بۆ ئەنجام دەدەن تا موشتەرییەکانی لە کاتی خۆیدا جلوبەرگە دوراوەکانیان ببەنەوە.

 

نەسرەت باس لەو کاتانە دەکات کە بە قورسی کاردەکات بە تایبەت لە بۆنەکانی وەک جەژن و نەورۆزدا، ژنێکی بەرگی نوێ دەکڕن و ڕووی تێدەکەن تا بۆیان بدوورێت،  تەنانەت لە کاتی خەو و خۆراکیشی دەگرێتەوە بۆ ئەنجامدانی کارەکەی.

ئەو کەسانەی سەردانی نەسرەت دەکەن لە کەسایەتی هێمن و دڵ گەورەییەکەی تێگەیشتوون و هاوکاری دەکەن لە کارەکەیدا، وەک خۆشی دەڵێت: ئەو موشتەرییانەی لە ناو قەزای پێنجوێندان هەندێکجار هاوکاریم دەکەن و بە گرفتی نابینن کە دوورینی جلوبەرگەکانیان دوابکەوێت بۆ ئەوەی جلوبەرگی ئەو ژنانە بدوورێت کە لە ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری پێنجوێنەوە هاتوون تا لەگەڵ خۆیاندا بیبەنەوە.

 

نوسرەت ئاماژە بەوەش دەکات: من لە منداڵییەوە سەرقاڵی کاربووم، کرێکاری و کشتوکاڵم کردووە و ئێستاش بە ڕەنجی شانی خۆم دەژیم و ئاسودەم لەگەڵ کارەکەمدا.

 

ت.پ