ڕەنجکێشانی سەختی سێ ژنی ئاوارە لە نانەواخانەیەک کەرکوکدا

دوکانێکی بچووک، لەسەر شەقامێکی گشتی شاری کەرکوک، بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بووەتە پەناگە و شوێنکاری سێ ژن کە هەریەکەیان لە سێ ناوچەی جیا جیای عێراقەوە لە دەستی داعش هەڵهاتوون و ئێستا لە کەرکوک گیرساونەتەوە.

 

تارا عەزیز

کەرکوک- سەرەڕای ئەوەی ڕۆژ تا ئێوارە ئازادانە کاردەکەن و ئێستا ئیتر بۆیان ئاسایی بووەتەوە کە بوونیان وەکو ژنێک لەناو کاردا چ نامۆبوونێکی دروستکردووە، بەڵام هێشتا دوودڵی و گومانێک بەهۆی توندی کلتووری بنەماڵە و کۆمەڵگاکەیانەوە لەناخیاندا ماوەتەوە، بەجۆرێک کە هیچکام لەم ژنانە ناتوانن ڕووخساریان لەبەردەم کامێرادا نیشان بدەن و بێ ترس باسی ڕەنجکێشانیان بکەن.

 

سەختی ژیان تەنگی پێ هەڵچنیون، ڕۆژانە بۆماوەی ١٢ کاتژمێر کاردەکەن، هاوین و زستان هیچ لە ڕەوتی کارەکەیان ناگۆڕێت، وەک چۆن ئەو پارەیەش کە وەریدەگرن ناگۆڕێت. سەرەڕای ئەوەی ڕەنجێکی سەخت دەدەن، بەڵام هیچکامیان خاوەنی دوکانەکە نین، بەها و کەریمە و حەسنە، ناوی ئەم سێ ژنەیە کە ئەم دوکانە بەڕێوە دەبەن، ئەوان بە کرێ لەم شوێنەدان، وەک خۆیان دەڵێن خاوەنی دوکانەکە پیاوێکە و دوو ڕۆژ جارێک دێت داهاتی هەردوو ڕۆژەکەیان لێ دەسەنێت و یەکی ٧ هەزاریان وەکو ڕۆژانە پێدەدات، بەهۆی دەستپاکی و جدیبوون لە کارەکەیان، توانیویانە ناوبانگێکی باش لە ناوچەکەدا دروست بکەن.

 

لەم نانەواخانەیەدا یاساکان جیاوازن، لەگەڵ ئەوەی لە سەرجەم شوێنەکانی تری کەرکوک ڕیزی نان تەنها پیاوانی تێیدایە، بەڵام ئەم دوکانە تەنها بۆ ژنانە، وەک چۆن پیشەوەرەکان ژنن، کڕیاریش تەنها ژنان ڕێگەپێدراون، ئەوە گەر پیاوێکیش بێت، دەبێت لە دەرەوە چاوەڕێ بکات تا منداڵێک دەچێت داواکارییەکەی دەگەیەنێتە ژنەکان بۆی ئامادە بکەن.

دڵخۆشن نەبوونەتە سوتووی پاش جەنگ

دەشێت ژیان بۆ ئەم ژنانە زۆر لەوە سەختتر بێت کە دەردەکەوێت، بەڵام ئەمە نەیتوانیوە ڕێگر بێت لە خەون و ئاواتەکانیان بۆ گەیشتن بە پیشەیەکی باشتر، کاتێک دەیاندوێنیت، تاکە شت کە هیوای بۆ دەخوازن، دروستکردنی کارگەیەکی تایبەتە بە خۆیان، ئەوان باس لە ماندووبوونی بەردەوامیان دەکەن، بەڵام هێشتا ئاسوودەن بەوەی کە لە دوکانێکدا کاردەکەن و بێ ئەوەی چاوسوورکردنەوەی بنەماڵە و کۆمەڵگایان لەسەربێت، لەسەر پێیەکانی خۆیان وەستاون، وە دڵخۆشیشن کە هێشتا لەژیاندا ماون و نەبوونەتە سووتووی پاش جەنگ.

 

بەها کە لە هەموویان تەمەنی گەورەترە، لە بنەرەتدا خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینە، پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥ داعش بە سەختی هێرشی کردە سەر ناوچەکەیان، ئەمان ناچاربوون درەنگانێکی شەو سەلاحەدین بەجێ بهێڵن و ڕووبکەنە کەرکوک، ئەوان ئێستا لە ماڵێکی کرێدا نیشتەجێبوون، بەها ماوەی زیاتر لە ١٧ ساڵە هاوژینەکەی کۆچی دوایی کردووە، هەر بۆیە خۆی منداڵەکانی بەخێو دەکات، زیاتر لەبارەی کارەکەیانەوە قسەمان بۆ دەکات و دەڵێت: ڕۆژانە لە کاتژمێر ٦ی بەیانیەوە دێینە سەر کار، دەستپێدەکەین بە تێکەڵکردنی ئارد و خومرە و کەرەستەکان لە ئامێری هەویرەکەدا، دواتر هەڵدێت و پارچە پارچەی دەکەین و ئامادەی دەکەین، بە دوو کەسەوە لەسەر تەنورەکە کاردەکەین، کەسێکیشمان ئامادەی دەکات و ئەویترمان کاری سەر تەنور دەکات.

 

بەها کە لە دایکییەوە فێری نانکردن بووە باس لەوە دەکات لەناو خێزانەکەیدا تەنها بەها کچ بووە، دەڵێت: "بۆیە لەمناڵیەوە فێربووم نان دروست بکەم و کاروباری ماڵەوە بەڕێبکەم و ماڵداری بکەم، تا پێمکرا فێربووم بەڵام کارم نەدەکرد، کاتێک کە ئەرک و بەرپرسیارێتی هاتە سەرشانم وەکو کرێخانوو و بەخێوکردنی منداڵەکانم دەستمکرد بەکارکردن".

 

حەسنە لەکاتی هێرشی داعش هاتووەتە کەرکوک

حەسنە، لە بنەڕەتدا خەڵکی حەویجەیە و لە کاتی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچەکەیان کۆچیانکرد بۆ کەرکوک، ئەو کە نوێترین ئیشکەری ناویانە، ماوەی مانگ و نیوێکە دەستی کردووە بە کارکردن، سەبارەت بە کارەکەی دەڵێت: "نزیکەی مانگێک بۆ مانگ و نیوێک دەبێت کاردەکەم، هاوسەرەکەشم لەماڵە توانای کارکردنی نییە، بۆیە من هاتووم کاردەکەم تا بەخێویان بکەم، خێزانێکیشم هەیە کە کەسیان توانای کارکردنیان نییە لەمن زیاتر، بۆیە من لێرەم تا لەجیاتی هەموویان کاربکەم".

 

ت.پ