لە شەنگال ژنان بۆ ئابووری سەربەخۆیان تێدەکۆشن

لە شەنگال، ژنان هەوڵدەدەن ئابووری سەربەخۆیان بەدەست بهێنن، لە ناوچەی خانەسۆری شەنگال، قاوەخانەی نیسان کرایەوە کە هەموویان ژنن.

شەنگال

 

لە شەنگال، ژنان بە پیشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی "تاژێ" ، لە هەموو بوارەکاندا خۆیان ڕێکدەخەن و لە هەموو شوێنێک دەنگ و ڕەنگیان دەربڕیوە، یەکێک لەو بوارانەی کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن، بواری ئابوورییە، ژنان لەم بوارەدا کار دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان ڕێکبخەن و بژێوی ژیانی خۆیان بەدەست بهێنن، لیژنەی ئابووری تاژێ قاوەخانەیەکی کردەوە بە ناوی نیسان لە ناوچەی خانەسۆری شەنگال، کە هەموو کارمەندەکانی و بەڕێوەبەرایەتییەکەی ژنن.

 

قاوەخانەکە کراوەتەوە بۆ ئەوەی ژنان لە ڕێگەی کارەکانی خۆیانەوە بژین و شوێنی خۆیان لە بواری ئابووریدا بگرنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی ژنان لەم قاوەخانەیەدا کۆببنەوە و کاتێکی خۆش پێکەوە بەسەر ببەن.

 

لە لایەکی ترەوە، لە هەمان ڕۆژدا، پارکی شەهید دژوار کرایەوە کە لەلایەن شارەوانی خانەسۆرەوە لە تەنیشت قاوەخانەی نیسان دروستکرا، پێشتر پارکەکە پێی دەوترا خانەسۆر، بەڵام دوای نوێکردنەوەکە، ناوەکەی گۆڕدرا، کردنەوەکە لەلایەن خۆخێ فەقیر، دایکی تێکۆشەر دژوارەوە ئەنجام دراو پیرۆزبایی لە هەموو بنەماڵەی شەهیدان و ئێزیدییەکان کرد.

 

سەبارەت بە کردنەوەی قاوەخانەی نیسان، شەمێ هەنیقی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی، بەسێ خەڵەف، ئەندامی ئەنجومەنی سەردەشت بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

 

"هەموو شتێک لە دەستی ژنان و دایکان پێکدێت"

 

شەمێ حەنیقی ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ ڕایگەیاند، قاوەخانەکە کراوەتەوە بە ئامانجی پەرەپێدانی ژنان و بژێوی ژیانیان وتی: ئەم قاوەخانەیەی بە ناوی نیسان کدمانەوە، شوێنێکە بۆ ژنان، دایکان و خێزانەکان، دەمانەوێت ژنان، دایکان و خێزانەکان پێکەوە بێن و قسە لەگەڵ یەکتر بکەن، کرێکارانی قاوەخانەکە هەموو ژنانن و دایکان گرنگی بە هەموو شتێک دەدەن لە قاوەخانەکە، ئەو شیرینیانەی لە قاوەخانەکەدان ژنان و دایکان بە دەستی خۆیان دروستی دەکەن، هەموو شتێک لە قاوەخانەکە لە دەستی ژنان و دایکانەوە پێکدێت، ئەو ژن و دایکانەی کە قاوەخانەکە بەڕێوە دەبەن هەموویان ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووری تاژێن، هەروەها پارکی شەهید دژوارمان لە تەنیشت قاوەخانەکە کردەوە، وتمان ئەو دایکانەی منداڵەکانیان دەهێنن بۆ پارکەکە کاتێک منداڵەکانیان لە پارکەکە یاری دەکەن، لە قاوەخانەی نیسان کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن.

 

"ئێستا ژنان بە کارەکانیان لەبەرچاون"

بەسێ خەڵەف، ئەندامی ئەنجومەنی سەردەشت، ئاماژەی بەوەکرد، زۆر دڵخۆشن بە کردنەوەی قاوەخانەی نیسان و وتی: ئەمە شتێکی زۆر پیرۆزە، ئێستا ژنانی ئێزیدی لە هەموو شوێنێک خۆیان ڕێکدەخەن و بە کارەکانی خۆیان ئابووری خۆیان پەرەپێدەدەن، زۆر دڵخۆشین. پێشتر کاری ژنان نەدەبیندرا، بەڵام ئێستا ژنان بە کارەکانیان لەبەرچاون، وەک ژنان، پێویستە بەردەوام بین لە ئەنجامدانی کارەکانمان، دەمانەوێت ئەو شتانە گەشە پێبدەین کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن و دەخرێنە خزمەتی کۆمەڵگەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەموو ژنانی ئێزیدی کرد کە کارەکانیان ئەنجام بدەن و شوێنی خۆیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بگرنەوە، بە ئابووریشەوە.