ژنانی کابول سەرەڕای قەدەغەکردن و گۆشەگیری بە پیشەکانیانەوە دەلکێن

سەرەڕای قەدەغەکردنی ئارایشتگاکانی جوانکاری لە ئەفغانستان، بەشێک لە ژنان بەردەوامن لە کارکردن بە شێوەیەکی نهێنی و هەندێکی دیکەش بە ئاشکرا کاردەکەن لە بەرامبەر پارەدان بە ئەندامانی تاڵیبان.

بەهاران لەهیب

 

کابول- لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، دەرگاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری یەک بە یەک بەڕووی ژنانی ئەفغانستاندا داخران، لە نێوان بەرزبوونەوەی سنووردارکردنەکاندا، بڕیاری داخستنی ئارایشتگاکانی جوانکاری ژنان گورزێکی ڕاستەوخۆی لە بژێوی هەزاران ژن دا کە ساڵانێک بە فێربوونی ئەو پیشەیە و وەبەرهێنانی پارەکانیان بۆ دامەزراندنی داهاتێکی سەربەخۆ، تەنها بۆ ئەوەی لەناکاو خۆیان لەبەردەم دەرگا داخراوەکان و داهاتویەکی نادیاردا ببیننەوە.

 

بۆ زۆرێک لەوان ئارایشت و جوانکاری زیاتر بوو لە تەنها کارێکی ئاسایی، ئەم ئارایشتگایانە کەشێک بوون کە بەشدارییان دەکرد لە پشتگیریکردنی خێزانەکانیان، پەناگەیەکی سەربەخۆیی دارایی و دەرفەتێک بوون بۆ ڕاهێنان و یارمەتیدانی ژنانی دیکە، لەگەڵ داخستنی ئەم ئارایشتگایانە، کارەکە گواسترایەوە بۆ ژووری پشتەوەی ماڵەکان و بەشێک لە ژنان ناچاربوون بە نهێنی بەردەوام بن لە پراکتیزەکردنی پیشەکانیان، لە ژێر ناوی پۆشراو وەک دورین.

 

کارکردن سەرەڕای ترسی دەستگیرکردن

بەڵام ئەم کارە نهێنییە بە نرخێکی زۆر دێت، ئەگەر ئەندامێکی تاڵیبان ژنێک بدۆزێتەوە کە کاردەکات، ئەوا هەردوو ئارایشتگاکە و بریکارەکەی دەتوانن بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردن ببنەوە، ئازادکردنی تەنها دوای پێدانی بڕە پارەیەک و دابینکردنی مسۆگەری.

 

بەڵام سەرەڕای ئەم سنووردارکردنانە لە کابولدا ڕاستیەکی دووانە زاڵە، لە کاتێکدا زۆرینەیان ناچارن بە نهێنی و لە ژێر فشاردا کار بکەن، هەندێک لە ئارایشتگاکان بە ئاشکرا و چالاکانە لە بازاڕ و ناوچەی نیشتەجێبووندا کاردەکەن، زۆرجار خاوەنەکانیان تەنها دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد دەکرێن، تەنانەت ئەگەر ڕووبەڕووی دەستگیرکردنیش ببنەوە، هەروەها ئەمە ناکۆکییەکە پرسیاری جدی دەوروژێنێت دەربارەی لایەنگری، دەسەڵات و پەیوەندییە شاراوەکان، لەگەڵ هەڵبژاردن و جیاکاری لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە سەپێنراوەکاندا بەسەر ژناندا.

 

بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارانە، ڕوومان کردە یەکێک لەم ئارایشتگایانە، کە ئارایشتگایەکی جوانکارییە و دەکەوێتە یەکێک لە گەڕەکە قەرەباڵغەکانی کابول، لە ناو کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبووندا چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، هەر کە لە دەرگامان دا، بەبێ هیچ دوودڵی و پرسیارکردنێک دەرگاکەیان لێ کردینەوە، شوێنەکە پڕبوو لە جووڵە، چەندین کڕیار تێیدا دانیشتبوون، لە کاتێکدا کارمەندەکان بە هێمنی کاری خۆیان دەکرد، بە نزیکەی نیو کاتژمێر لە یەکێک لە گۆشەکاندا چاوەڕێمان کرد تا ئارایشتگاکە لە کڕیار چۆڵ بوو، دوای ڕۆیشتنی دوایین کڕیار، ڕوومان کردە خاوەنی ئارایشتگاکە بۆ پرسیارکردن دەربارەی نهێنیی بەردەوامبوونی چالاکییە ئاشکراکەی، ئەویش بەوپەڕی خۆشحاڵی و ئاسوودەییەوە پێشوازیی لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکە کرد.

 

"ژنانی ئەفغانستان دەستیان بە ڕۆڵی خۆیانەوە گرتووە لە کۆمەڵگەدا"

شاکل نور، خاوەنی ئارایشتگاکە سەبارەت بە کاروانی پیشەیی خۆی وتی: ماوەی ١٠ ساڵە دەستم بە کارکردن کردووە لە بواری ڕازاندنەوەی قژ و جوانکاریدا. لەم ماوەیەدا، لە پاڵ ڕاهێناندا، توانیم ژمارەیەک ژنی دیکەش ڕابکێشم بۆ کارکردن لە تەنیشت خۆمەوە، تا لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ ببن.

 

کاتێک پرسیارمان لێ کرد سەبارەت بە چۆنیەتیی بەردەوامبوونی ئارایشتگاکە لە چالاکییەکانی بە شێوەیەکی ئاشکرا لە سایەی بارودۆخی ئێستادا، سروشتی مامەڵەی کارمەندانی دەستەی فەرمان کردن بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە لەگەڵیدا، بە کەمێک دوودڵییەوە وەڵامی دایەوە: بەو پێیەی داهاتەکەم زیاترە، مانگانە بڕە پارەیەک دەدەم بە ئەندامانی دەستەی فەرمان کردن بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، زۆر تووشی لێپێچینەوە یان لێپرسینەوەم نابم.

 

ئەم وەڵامە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بەردەوامبوونی چالاکیی ئارایشتگاکە، بەپێی قسەی خاوەنەکەی، تەنها پشت بە بوونی کڕیار و بەدەستهێنانی قازانج نابەستێت، بەڵکو پێدانی پارەش ڕۆڵێکی هەیە لە مسۆگەرکردنی بەردەوامبوونی کارەکەی دوور لە بەدواداچوون.

 

شاکل نور وتی: دەڵێن ئێمە پارە وەرناگرین، بەڵام لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەمدا تەنانەت ئەو ئایینەش لەبیر دەکەن کە باسی دەکەن، دڵنیام لەوەی کە ئایین تەنها دەمامکێکە بۆ سەرکوتکردنی ژنان بەکاردێت، لەو باڵەخانەیەی کە پێشتر کارمان تێدا دەکرد، چەندین ئارایشتگای جوانکاری هەبوون، ژمارەیەکی زۆر لە کڕیارەکانمان سەر بە خێزانی خودی چەکدارەکانی تاڵیبان بوون.

 

ئەزموونی خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاڵیباندا بەبیر هێنایەوە و وتی: دژایەتیەک لە مامەڵەی تاڵیباندا هەیە کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕووبەڕووی دەبینەوە، لە لایەکەوە، کۆتوبەندی فەرمی دەسەپێنن بەسەر چالاکییەکانی ژناندا، لە لایەکی دیکەوە، چاوپۆشی لە چالاکییەکانمان دەکەن لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا.

 

ژنانی ئەفغانستان تەنانەت لە بەرامبەر پێدانی پارە و خستنەمەترسیی ژیانیاندا، بەردەوامن لە دەستگرتن بە ڕۆڵەکانیان لە کۆمەڵگەدا و بە زیندوویی هێشتنەوەیان، لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری ئەفغانستاندا کە مەیلی بناژۆخوازی تێیدا زاڵە، کە ئەمەش لە خۆیدا شێوەیەکە لە شێوەکانی خەبات.