لە ناو بۆنی سابووندا خەونی ژنێک گەشە دەکات
خۆشی شەوقی لە ناو ماڵێکی سادەدا بە دەستەکانی خۆی سابوون دروست دەکات و لەگەڵ هەر پارچە سابوونێکیشدا چیرۆکێکی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ نیشاندانی ئەوەی ژن دەتوانێت لە سفرەوە هەموو شتێک دروست بکات.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی- لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، زۆر ژن هەوڵیان داوە بە تواناکانی خۆیان ڕێگایەکی نوێ بۆ ژیان دروست بکەن، لە نێوان ئەم هەوڵانەدا، دروستکردنی سابوونی دەستکرد و سروشتی بووە بە یەکێک لەو ئیشانەی کە ژنان توانیویانە لە ماڵەوە دەستی پێ بکەن و بیکەن بە سەرچاوەیەکی داهات بۆ خۆیان، هەروەها ئەم کارە تەنها چالاکییەکی ئابووری نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ سەربەخۆیی و متمانەبوون بە توانای ژن و گۆڕینی دیدگای کۆمەڵگا سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان.
''لە گەڕەکی گۆیژە لەدایک بووم و لە ناو خێزانێکی هونەرمەندا پەروەردە بووم''
خۆشی شەوقی، مامۆستا و دەستڕەنگین، وتی: لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی گۆیژە لەدایک بووم و لە ناو خێزانێکی هونەرمەندا پەروەردە بووم، هەروەها منداڵیم لە گەڕەکی تویمەلیک بردە سەر تا کاتی زانکۆم، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی شایەتی جوانترین کەشو هەوای ئەم شارە بم، چونکە هەموو خۆپیشاندانێک و بەرگرییەک لە نیشتیمان لەو شەقامەدا دەکرا، هەروەکو چۆن لە ئێستادا شەقامی سالم هەموو چالاکییەکی تێدا دەکرێت، بەڵام ئەو کات هەمووی لە شەقامی تویمەلیک دەکرا، کە ببووە ناوەندی پیاسەکردن و بەرگریکردن و خۆپیشاندان، هەروەها دوای ئەوەی هاوسەرگیریم ئەنجامدا چوومە گەڕەکی عەقاری کە ئەویش بە هەمان شێوە نزیک بوو لە ئەمنەکە، هەربۆیە لەوێش شایەتی کۆمەڵێک مێژووی زۆر جوانی بەرگری شارەکەم بووم.
''ئەو کاتەی لە خوێندنگەی ئاشتی بووم خوێندنیان کردبوو بە زمانی عەرەبی، هەربۆیە ئێمەش بەرگریمان کرد و وتمان قبوڵی ناکەین''
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کاتەی لە خوێندنگەی ئاشتی بووم خوێندنیان کردبوو بە زمانی عەرەبی، هەربۆیە ئێمەش بەرگریمان کرد و وتمان قبوڵی ناکەین خوێندەکەمان ببێتە عەرەبی و خۆپیشاندانمان کرد، کە تەنها شەش کچ بووین و دوامان کەوتن و ئێمەش دەبوایە ڕامان بکردایە و خۆمان ڕزگار کردایە، چونکە ئەگەر بگیراینایە ئازاری خۆمان و کەسوکارمان دەدرا، هەر لەبەرئەوە ئێمە ڕامان کرد، لە کاتێکدا هەموو چواردەورمان گیرابوو بە ئەمن و ئیستیخباراتی بەعس، بۆیە خۆمان کرد بە ماڵێکدا، ئەمەش بیرەوەرییەکی زۆر جوانە کەلەو کاتەدا هەموومان گۆرەوی و کالەی سپیمان لە پێدابوو لەگەڵ سەدریەی سپی، ژنی خاوەن ماڵەکەش زۆر جوان بوو یەکسەرچووهەموو جلەکانی خۆی دەرهێنا کردی بە بەرماندا، بەڵام کالە و گۆرەوییەکانمان دانەنابوو فریای نەکەوتین، چونکە ئەمن و ئیستخبارەتەکان خۆیان کرد بە ژووردا، کاتێک خۆیان کرد بە ژووردا یەکێک خەریکی چا تێکردن بوو و یەکێکی تریش بەحساب خەریکی جل شۆرین بوو، دانەیەکیتریشمان خەریکی گسکدان بوو، ئیتر لەوکاتەدا ئەمنەکە ڕووی کردە ژنەکە و وتی، یەعنی ئەم هەموو کچە هی تۆن؟، وتی بەڵێ ئەو کچانە هی منن، ئەمنەکەش جارێکی تر پرسی بۆچی کالەیان لە پێدایە؟، ژنەکەش وەڵامی دایەوە وتی، ئێستا لە خوێندنگە هاتوونەتەوە و فریا نەکەوتوون خۆیان بگۆڕن لە ترسی ئێوە، بەڵام ئەمنەکە پێکەنی و وتی ئەزانم جەماعەتی خۆپیشاندانەکەن و جارێکی ترئەوە دووبارە نەکەنەوە، بۆە شێوەیە ڕزگارمان بوو، بەڵام تا ئێوارە لەو ماڵە بووین، چونکە دەرەوە پربوو لە ئەمن، چونکە ئەو ئەمنەی کە لە ژوورەوە نەیبردین ئەگەر بهاتینایەتەدەرەوە ئەیبردین لەگەڵ خۆی، ئەمەش یەکێکە لە بیرەوەرییە جوانەکانم کە لە خوێندنگەی ئاشتی هەمبووە.
''کاتی نەخۆشی گرنگترین شت ئەوەیە کە خۆت ورەی خۆی بەرزبکەیتەوە''
خۆشی شەوقی، مامۆستا و دەستڕەنگین، وتی: چوونم بۆ ئەڵمانیا بەهۆی هاوسەرەکەمەوە بوو، چونکە پارچەی قازیفەی بەرکەوتبوو و چارەسەریشی لە کوردستان نەبوو، بەجۆرێک لێرە دەبوایە قاچی ببڕایەتەوە ، بەڵام خۆشبەختانە کە چووین بۆ ئەڵمانیا و قاچی نەبڕدایەوە و چارەسەری درێژخایەنی بۆکرا، هەروەها من هیچ کات بەتەما نەبووم وڵاتەکەم جێبهێڵم، من وڵاتی خۆم زۆر زۆر خۆشدەوێت، بەڵام بە هۆی بارودۆخی هاوسەرەکەمەوە ناچاربووین بڕۆین و ١٦ ساڵیش لەوێ ماینەوە، هەروەها خۆشم لەوێ نەخۆش کەووتم و چارەسەرم وەرگرت، نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا لە کاتی چارەسەری نەخۆشەکاندا گرنگی زۆردەدەن بە نەخۆشەکان، بەجۆرێک کە باری دەروونیان بەرەو خراپ بوون نەچێت، چونکە ئەگەر ورەت نەبێت بەرەو خراپتر دەچیت نەک باشتر، هەربۆیە کاتی نەخۆشی گرنگترین شت ئەوەیە کە خۆت ورەی خۆی بەرزبکەیتەوە و خۆت مەشغوڵ بکەیت و تەرکیزی مێشکت نەچێتە شوێنی ئازارەکە، هەروەها ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەبوو دانیشتیان دەکرد و گفتووگۆیان دەکرد لەسەر نەخۆشیەکەیان، لەگەڵ گفتوگۆکەشدا خولیان بۆ دەکردینەوە و خولەکانیش کورت خایەن بوون، چونکە ئێمە نەخۆش بووین نەمان دەتوانی زۆر زەخت لە خۆمان بکەین، هەربۆیە هەندێک شتیان پێدەکردین وەکو نیگارکێشان و سیرامیک و دروستکردنی سابوون و ئیشی ئاوریشمیش، ئەمانە لە نەخۆشخانەکانی ئەوێ بوونی هەیە، خۆزگە لێرەش بەوشێوەیە هەبوایە و گرنگیان بەدەروونی نەخۆشەکان بدایە، دوای ئەوە من زۆر حەزم بەو ئیشە کرد و لام زۆر خۆشبوو کە خۆم بتوانم سابوون و شامپۆ بۆ خۆم دروست بکەم، ئەوەش هاندەرمبوو وایلێکردم بەشداری خولێکی ڕاهێنان بۆ ماوەی سێ ساڵ بکەم.
''سەرەتا ئەوەی کە فێربووم تەنها بۆ خۆم بوو، بەتەما نەبووم بیکەم بە کارێکی بازرگانی''
لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی: سەرەتا ئەوەی کە فێربووم تەنها بۆخۆم بوو، بەتەمانەبووم بیکەم بە کارێکی بازرگانی، بەڵام هاتنی کۆرۆنا و بەردەوام دەستشۆرین بووە هۆکاری ئەوەی ئەو خولیایە لە مندا سەرهەڵباتەوە، چونکە ڕۆژانە زۆردەستمان دەشۆری، لەبەرئەوەی سابوونیش کە ماددەی کیمیایی زۆری تێدابوو دەستمانی هەمووی وشک کردبوو، بەڵام ئەم سابوونە سروشتیانە بە هیچ شێوەیەک دەست وشک ناکەن بە پێچەوانەوە چارەسەری کێشەکانی دەست دەکات، هەروەها دروستکردنی سابوون زۆر ئاسانە، کە پێک دێت لە قسڵ و زەیت ، کە پێکەوە تێکەڵی دەکەیت دەبێت بە سابوون، بەڵام هەرئەوە نییە بەتەنها، بەڵکو بابەتەکە ئەوەیە چۆن سابوونەکان دروست دەکەیت بە پێی جۆری پێستەکان، تاوەکو سوودی لێ وەربگرێت، کە بۆ ئەمەش دەگەرێینەوە بۆ گژو گیا و کەرەستە سروشتیەکانی دیکە.
''خاکی ئێمە زۆر دەوڵەمەندە تەنانەت قوڕەکەشمان زۆر سوودی هەیە''
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە سروشتێکی زۆر دەوڵەمەندمان هەیە، تەنانەت جارێکیان لە یەکێک لە بەرنامەکاندا باسم لە دەوڵەمەندی سروشتی خۆمان کرد، بەڵام یەکێک لە کۆمێنتا نووسیبووی، یەک دوو سەوزەمان هەیە ، ئەمە باسی چی دەکات، لە کاتێکدا بە پێچەوانەوە خاکی ئێمە زۆر دەوڵەمەندە تەنانەت قوڕەکەشمان زۆر سوودی هەیە، بۆنموونە قوڕی خورماڵ ئەگەر بیکەینە سابوون باشترین چارەسەرە بۆ پێستی هەستیار و پێستی نەخۆش، هەروەها هەر پێستەو تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئێمە خاکێکی دەوڵەمەندمان بە ڕووکی سروشتی هەیە و من ئەو ڕووەکە سروشتیانە بەکاردەهێنم بۆ دروستکردنی بەرهەمەکانم، بێگوومان ئەڵمانیاش بە هەمان شێوە سروشتین، بەڵام خۆر لێیان نادا ئەمەش وا دەکات زۆرینەی شتەکانیان هاوردەی دەرەوە بێت یاخود لە ناو شوشەدا بە بێ خۆر پەروەردە بکرێت، بێگومان شتێک لە خۆردا پەردەوەردە بوبێت زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ شتێکدا کە خۆر لێی نەدابێت، بێجگە لەمانەش من هەنگوین و شانەی هەنگ بەکاردەهێنم، چونکە ئەوهەنگوینەی کە لە کوردستاندا هەیە بە شایەتی هەموو هەنگەوانەکان باشترینە و ژمارە یەکە لە هەموو جیهاندا، لەبەرئەوەی ئەو هەڵاڵەیەی کە هەنگەکان لە گوڵی شاخەکانی کوردستان هەڵیدەمژن باشترین چارەسەری پێستی پێدەکرێت.
''ئەو کاتەی زانیم بەرە و خانەنشین بوون دەچم، بیرم کردەوە سوود لە خوێندنەوە ببینم''
خۆشی شەوقی، مامۆستا و دەستڕەنگین، باسی لەوە کرد، ئەو کاتەی زانیم بەرە و خانەنشین بوون دەچم، بیرم کردەوە سوود لە خوێندنەوە ببینم، بۆیە کاتێک نەخۆش کەوتم لە ئەڵمانیا دەستم بەخوێندنەوە کرد و لە کاتی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەشمدا چارەسەری دەروونیشم وەردەگرت، ئەویش بە ئاشناکردنمان بە کارە دەستییەکانی وەکو دروستکردنی سابوون و کرێم، کە ئەوەش وەکو خولێک وابوو بۆم، هەربۆیە کاتی کۆرۆناکە زۆر زەڕووڕبوو کە من ئیشی تیا بکەم، بۆیە بڕیارمدا دەست بەم کارەبکەم و بیریشم لە کاتی خانەنشینیش کردەوە، هەروەها من زوو خانەنشین کرام و لەو بڕوایەشدا نەبووم وا زوو خانەنشین بکرێم، هەربۆیە ئەم کارەم زۆر باشە ئەگەر موچە لە کاتی خۆیدا بێت، چونکە ئەگەر موچە نەیەت بازاری ئێمەش بەرەو کزی دەڕوات.
وتیشی: ١٣٢ جۆر سابوون دروست دەکەم، کە بەسەر پێنج جۆری پێستدا دابەشکراوە، بۆ نموونە کەس هەیە پێستی وشکە بەڵام زیپکەشی هەیە، بۆیە ئەو جۆرە پێستە سابوونی تایبەت بە خۆی هەیە، هەربۆیە بە پێی جۆری پیستەکان ئێمە چارەسەر دەکەین و هەموو چارەسەرەکانیشمان بە شێوازی سروشتین و هیچ لەگەڵ بەکارهێنانی بۆتۆکس و فیلەردانیم، هەروەها دەبێت بزانیت چۆن مامەڵە لەگەڵ پێستی خۆتدا دەکەیت، ڕۆژانە دژەخۆرو شێدارکەرەوەت پێویستە، کە لە سابوونەکاندا هەردووکی هەیە، جگە لە سابوونیش کرێم دروست دەکەم کە پێش ئەوەی بچمە خولەکە لە ئەڵمانیا لە دایکمەوە فێر بووم.
''هیچ ماددەیەکی کیمیایی بەکارناهێنم و زەیتی کەتان و بادەم و زەیتوون بۆ دروستکردنی شامپۆ بەکاردێنم''
باسی لەوەشکرد، ئەو بابەتە سروشتیانەی کە بەکاریان دەهێنم دووبەشن، هەندێکیان وشکەن و هەندێکیشیان تەڕن، تەڕەکان لێرە دەست دەکەون و وشکەکانیش لە دەرەوە داوای دەکەم و هیچیشی لێ نایەت، بۆ نموونە زەیتی زەیتوون بە تەنەکە لە عەفرینەوە بۆم یەت، ئەگەر شوێنەکەی تاریک و شێدارنەبێت وەکو خۆی دەمێنێتەوە، هەروەها سەبارەت بە مانەوەی سابوونیش هیچی لێنایەت و لە کۆندا وتویانە سابوونی حەوت ساڵە بەکار بێنە پێزی زیاترە، هەروەها من چەند جۆرێک لە کرێمم هەیە کە بۆ زۆر چارەسەر بەکار دێت، هەروەها بە پێی هەر کێشەیەکی پێستیش کرێمێکی تایبەتمان هەیە، یەکێکی تریس لە بەرهەمەکانم بۆنبڕەیەکی سروشتییە، کە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بۆنەکەی دەمێنێتەوە و بۆنێکی خۆش ئەیات، هەروەها تێنتم هەیە کە بە چەوەندەر و ئەو گوڵانەی کە ڕەنگیان هەیە وەکو گوڵی تۆڵەکە دروست دەکەم، کە بۆ لێو سەر کوڵمی ژنان بەکاردێت، یەکێکی تریش لە کرێمەکانم کرێمی مازوومە، کە ئازار شکێنە و خەو ڕێک دەکاتەوە، بەجۆرێک ئەو کەسانەی کە بێخەون کەمێک بۆنی بکەن کێشەی کەم خەویان چارەسەردەکات بە بێ ئەوەی توشی ئالوودە بوون و حەساسێت و سووربوونەوەیان بکات، هەروەها من شامپۆ و کۆندیشنەرم هەیە و پێکهاتەکەشی لە هندستانەوە بە دەست دەگات، وەک تۆوی ریسا کە خۆی ماددەی سابوونی تێدایە و کەف دەکات، من هیچ ماددەیەکی کیمیایی بەکارناهێنم و زەیتی کەتان و بادەم و زەیتوون دەکەمە شامپۆکەوە و کۆمەڵێک شتی دیکەی تێ دەکەم کە سودی هەیە بۆ قژ و پێستی سەر، بۆیە دەبێت ئەم بابەتانە لە شوێنی تایبەتدا هەڵبگیرێت و سابوونەکانیش لە پلەی گەرمی ٢٢ دا بێت و کرێمەکانیش دەبێت بەردەوام لە سەلاجەدا بێت.
''زۆرم پێ خۆشە کە ژنان دەتوانن بێنە دەرەوەی ماڵەکانیان و کار بکەن''
خۆشی شەوقی، مامۆستا و دەست ڕەنگین، وتی : من تواناکانم زۆرە کە حەزم لە شتێک دەبێت وەک ملوانکە گوارە جلی کوردی حەز دەکەم خۆم دروستی بکەم، چونکە جارێک گەڕام لە بازاردا بۆ جلی کوردی بەڵام ئەوەی ئێکسسواراتانەی من دەمویست نەبوو، بۆیە یەک دوو جانتام بە پێی جلە کوردییەکانم دروست کرد و هەر کەسێکیش کە دەیبینی زۆری پێ جواب بوو و دەیانوت لە کوێ کڕیوتە ؟، کە زانیان خۆم کردومە دەیانوت بۆ بۆمان دروست ناکەی؟ لەو کاتەدا دایک و باوکم نەخۆش بوون و پێویستم بە شتێک بوو کە وزە خراپەکانم بکەمە وزەیەکی باش، هەربۆیە کاتێک بەدیاریانەوە بووم و نەخۆش بوون و کانۆلایان پێوە بوو بەدیار ئەوانەوە ئەو جانتایانەم دروست کرد و خەڵکێکی زۆر حەزی لێ کرد، بەڵام لە ئێستادا ڕامگرتوە، چونکە هێشتا زۆر پەیوستم بە دایک و باوکمەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە پیشتردا زۆر زەحمەت بووە ژن بێتە دەرەوە، بەڵام ئێستا زۆرم پێ خۆشە کە ژنان دەتوانن بێنە دەرەوەی ماڵەکانیان و کار بکەن، چونکە ژنان دەتوانن لە یەک کاتدا کۆمەڵێک ئیش بکەن و مافی تەواو بدەن بە هەموو ئیشەکان، هەروەها ئێمە ئیش دەکەین و ئاگامان لە مناڵەکانمان دەبێت و لەهەمان کاتیشدا ئاگامان لە نان ئامادەکردە و کۆمەڵێک کاری ترە کە تەنها ژن دەتوانێت بەو شێوەیە بیکات بە پێچەوانەی پیاوەوە، کە ئەمەش زانست سەلماندوویەتی کە ژنان دەتوانن چەند کارێک بکەن لە یەک کاتدا، بۆ وڵاتی ئێمە کە پیاو باڵا دەستە و لە ئێستادا وردە وردە بەرەو باشی دەڕوات و ژنان هاتوونەتە دەرەوە و کار دەکەن بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکەی و لە هەموو وڵاتێکدا ژنان کار دەکەن و شوێن دەستیان دیارە ،لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەچەوسێنێرینەوەو عەزێت دەدرێین، هەرچەندە گەنجەکانمان زۆرهەنگاوی باشیان بریوەو باشترن ، بەڵام هێشتا لە ئاست چاوەڕوانی ئێمەدا نییە، بۆیە داوا لە ژنان دەکەم هەوڵ بدەن کاربکەن و نەوەستن ، هەروەها هەموو کات بۆ یەکسانی مەگەڕێن بەڵکو بۆ مرۆڤایەتی بگەرێن، چونکە من و پیاو جیاوازیمان نییە و هەردووکمان مرۆڤین.