خەونی دادپەروەری لە دەستی بێبەزەییدا؛ ژنانی کرێکاری قوماش لە سەرووبەندی ٨ی ئاداردا

پەیامنێرمان ڕۆژێکی تەواوی لەگەڵ ژنانی کرێکار لە وەرشەی قوماش بەسەر برد، ئەم ژنانە لە شوێنی کارەکانیان ٨ی ئادار پیرۆز دەکەن، ئەو ژنانەی دنیایەکی بێ توندوتیژیان دەوێت دەڵێن: ژنانی لە مەیدانەکاندا ئامادەن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد - ژنان ئەو پریشکەی کە ٤٠ هەزار کرێکاری قوماشی نیویۆرک لە ٨ی ئاداری ١٨٥٧دا دایانگیرساندووە، کردووە بۆ مەشخەڵێک کە هەرگیز ناکوژێتەوە،  دوای ئەوەی پۆلیس هێرشیکردە سەر ئەو ژنانەی کە بۆ باشترکردنی بارودۆخی کارکردن مانیان دەگرت، ئەو ژنانە لە کارگەکەدا سووتێنران و لە ئەنجامدا ١٢٩ کرێکاری ژن گیانیان لەدەستدا، ئەم ئاگرە بۆ ژنان کۆتایی نەبوو، بەڵکو سەرەتای خەباتێکی گەورە بوو بۆ بەرەنگاربوونەوە و داوای مافەکانیان.

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی ژنان لە ٨ی ئادار، ژنانی کوردستانیش خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی دژی شەڕ و قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان.

 

ورووژاندنی ئازادی

لە کاتێکدا بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتدا دەرگای ئازادی و دیموکراسیی کردەوە، ژنانیش لە ٨ی ئاداردا بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لەم پێشهاتانە دەکەن، لەبەر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتانە، چاوەڕوان دەکرێت بەشدارییەکی بەربڵاو لە کۆبونەوەی کۆتایی ڕۆژی ٨ی ئادار لە شاری ئامەد ئەنجام بدرێت.

 

بەڵام هێشتا هەزاران ژن هەن کە لە کارگەکان و لە شوێنی کارەکانیان ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەن، ژنانی کرێکار کە بەهۆی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و هەژاری قووڵەوە ناچارن کار بکەن، سەرەڕای هەلومەرجی سەخت و پێشێلکردنی مافەکان و لە ٨ی ئاداردا داوای ژیانێکی دوور لە توندوتیژی دەکەن.

 

لەبری کۆچکردن، ڕوویان لە قوماش کرد!

لە شاری ئامەد کە هەلی کار کەمی هەیە، گەنجان یان ناچارن لە ناوخۆ کۆچ بکەن یان وەک کرێکاری هەرزان کار دەکەن. ئەو گەنجانەی لە کارگە و وەرشەی قوماشی شارەکەدا کار دەکەن، سەرەڕای بارودۆخی سەخت، بۆ ئەوەی خۆیان لە کۆچکردن بەدوور بگرن، پاداشتی شیاوی کارەکانیان وەرناگرن.

 

مەرجی سەخت، ئاسانکاری سنووردار، مووچەی کەم!

وەک پەیامنێر ڕۆژێکمان لەگەڵ ژیانی ژنانی کرێکار لە کارگەیەکی قوماش و سەختییەکانیان بەڕێکرد.

 

ژنانی گەنج لە کاتژمێر ٨ی بەیانی دەست بە شیفتەکانیان دەکەن و کاتژمێر ٧ی ئێوارە کۆتاییان دێت، لە ڕۆژدا تەنیا دوو پشووی کورتیان هەیە؛ یەکێکیان بۆ خواردن و ئەوی تریان بۆ پشوودان. ئەم کرێکارانە کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٢٤ ساڵدایە، چەندین ئەرکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، لەوانە کارپێکردنی ئامێری دروومان و ئوتوکردن و پاککردنەوە و ژماردنی پاکەتەکان. جگە لەو کەسانەی کە بە ئامێری دروومان کار دەکەن، کرێکارانی دیکە هەموو چالاکییەکانیان بێ وەستان ئەنجام دەدەن.

 

زۆربەی ئەم کرێکارانە تەنانەت ناتوانن سوود لە مۆڵەتی هەفتانەی یەک ڕۆژەیان وەربگرن. ژیانی کۆمەڵایەتیان نزیکە بگاتە سفر و سنووردارە بە هاتووچۆ لە نێوان کار و ماڵەوە. لەم هەلومەرجەدا تەنیا خواستی ئەم ژنانە ئەوەیە کە حەقدەستێکی هاوتا لەگەڵ هەوڵەکانیان وەربگرن.