کارگەی نیلۆفەر سابوون و شامپۆی سروشتی تێدا دروستدەکرێت

شەیدا ژنێکی گەنجە لە دوای تەواوکردنی خوێندن و زانیاری وەرگرتن دەربارەی زیانەکانی بەرهەمە کیمیاییەکان، بڕیار دەدات کە سابوون و شامپۆی سروشتی بەرهەمبهێنێت و ئێستاش خاوەنی کارگەیەکە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- لە ناحیەی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە ژنێکی گەنج بەناوی شەیدا سەیاد کارگەیەکی دروستکردنی شامپۆ و سابوونی سروشتی کردووەتەوە، مەبەست لێی بەخشینی پێستێکی تەندروست و قژێکی تەندروستە.

 

شەیدا سەیاد، تایبەت بە ئاژانسی ژنها وتی: من خوێندکاری بەشی فیزیای زانکۆی سلێمانیم، ماوەی دوو ساڵە خەریکی دروستکردنی سابوونی سروشتیم و خواست و حەزی خۆم وای لێکردم گرنگی بە کارەکەم بدەم و بەرەو پێشەوەی ببەم.

سابونە کیمیاییەکان لە ڕۆنی بەراز و پاشماوەی کافتریاکان بەرهەمدێت

شەیدا باس لەوە دەکات پاش ئەوەی گەڕاوە لەناو ئینتەرنێت و یوتوب زانیویەتی سابونەکان مادەی کیمیای زۆری تێدا بەکاردێت و بەچەوری زیانبەخش دروستدەکرێن، بۆیە پێی خۆشبووە خۆی سابوون و شامپۆ دروستبکات.

 

سەرەتا پەیجێکی داناوە و لەڕێگەی ئۆنلاینەوە بەرهەمە دروستکراوەکانی فرۆشتووە و کارەکەی لە چوارچێوەی ماڵەکەی خۆیدا تێپەڕاندووە و لەلایەن خەڵکیشەوە داواکاری زۆری لەسەر بووە.

 

"بە هاوکاری مادی ڕێکخراوێک کارگەکەم دامەزراند"

ڕۆژێک بە ڕێکەوت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا شەیدا فۆڕمێک دەبینێت لەلایەن ڕێکخراوی undp کە هاوکاری ماددی ئەو کەسانە دەکات لەژێر دەسەڵاتی عێراق و سوریادا تووشی قەیرانی دارای بوون، کوردستانیش یەکێکە لەو شوێنانە، ڕێکخراوەکە پرۆژەی دە کەسیان وەرگرتووە لە کۆی سێ هەزار کەس و شەیداش یەکێک بووە لە براوەکانی پرۆژەکە، لە ماوەی مانگێکیشدا لە کارگەکەیاندا دەستی کردووە بە کارکردن.

 

دایکی هاوکاری سەرەکی شەیدایە

شەیدا وتی: دایکم پشتگیری سەرەکیمە و ڕۆژانە پێکەوە سەردانی کارگەی نیلوفەر دەکەین بۆ دروستکردنی سابوون، ئەو سابوونانەش کە دروستیدەکەین لە زەردەچەوە، غار، زەیتی  زەیتون، جاترە و چەندین گیای دیکە دروستدەکرێن، ئامێری تایبەت دەیبڕێت و پاشان دادەنرێنبۆ چارەسەر بوون، واتە تێکەڵبوونی سەرجەم پێکهاتەکان پێکەوە.

دوای تەواوبوونی تێکەڵ بوونەکەش ، لە کیسی تایبەت بە خۆیاندا هەڵدەگیرێ، شێوازی بەکارهێنان و بۆ چ جۆرە پێستێک دەبێت و ڕێنمای دیکەشیان لەسەر دیاریدەکرێت.

 

حەزو خولیا و هەوڵدانم گەیاندمی بەم ئاستە

شەیدا باس لەوەش دەکات بە هەوڵدان سەرجەم دیوارەکان دەشکێن، "من کە دەستم پێکرد لە یەک لیتر زەیتی زەیتونەوە دەستمپێکرد و چەند سابونێکی بچوکم دروستکرد، ئێستاش گەشتووم بەم ئاستە، هیوام وایە هەموو کەس لە هەوڵدان بەردەوام بێت تاوەکو بە ئامانج بگات.

 

ت.پ