کارگەی نانکردن ژنانی سەیدسادق کۆدەکاتەوە

سورەیا گرنگی کاری دەرەوە باس دەکات و دەڵێت کارکردنی ژنان بۆ بەدەستهێنانی داهات و تێکەڵبون و کرانەوەی ژنانە لەگەڵ کۆمەڵگا.

خاتون محەمەد دەڵێت جیاوازی ژن و پیاو بۆکارکردن نییە.

سورەیا گرنگی کاری دەرەوە باس دەکات و دەڵێت کارکردنی ژنان بۆ بەدەستهێنانی داهات و  تێکەڵبون و کرانەوەی ژنانە لەگەڵ کۆمەڵگا.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- لە ڕابردوودا لە شارۆچکەی سەیدسادق ژنان بۆ خۆیان و بەشی خێزانی خۆیان کاریان دەکرد، بەشێکیشیان لە نێو چەن کۆڵانێک و لە نێو ماڵەکانی خۆیان نانیان دەکرد و دەیانفرۆشتەوە، بەڵام لە ئێستادا بەشێکی ژنان کارەکانیان بردووەتە دەرەوەی ماڵەکانیان و لە کاری یەک کەسییەوە گۆڕیویانە بەکاری بە کۆمەڵ و لە شێوەی کارگەدا چەن ژنێک پێکەوە نان دەکەن لە ژێر سەرپرشتیاری خاوەن کارگەکەکاندا کە زۆرینەیان ژنن.

 

کارگەی نانی سۆما یەکێکە لەو کارگانەی کە نزیکەی ٥ ساڵە لەلایەن دوو خوشکەوە بە ناوەکانی سورەیا بەکر و سورەت بەکرەوە کراوەتەوە و لەگەڵیاندا ٦ ژن کار دەکەن، لە کارگەکەدا نانی تیری، هەورامی و نانی گەنم و جۆ دروستدەکەن. ئێمە لە شەوێکدا چووینە لایان تا بپرسین لە چۆنێتی کردنەوە گرنگی کارەکە و چۆنێتی بەڕێوەبردنی.

سورەیا بەکر سەرپەرشیاری کارگەکە ئاماژەی بەوە کرد پێش کردنەوەی کارگەکە لە ماڵەوە بوون، سەرەڕای ئەوەی کە خوشکەکەشی دەرچووی زانکۆیە بەڵام بێکار بووە، هەروەها گرنگی کردنەوەی کارگەکەی بەم شێوەیە هێنایە زمان: کردنەوەی کارگەکە هەم داهاتێکی هەبوو، خوشکەکەشم توانی کارێک بکات، لەگەڵ کاری دەرەوەشدا ڕاهاتین، وامان لێهاتووە لە هەفتەیەکدا ڕۆژێک کە پشومانە لە ماڵەوە بێزار دەبین .

 

سورەیا باس لەوە دەکات لە ئێستادا ژنان لە دەرەوە کاردەکەن بەڵام ناتوانن وەک پیاوان ئازادی تەواویان هەبێت لە هەڵبژاردنی کارە جیاوازەکاندا، بە پێویستیشی دەزانێت ژنان هەوڵبدەن کار بکەن تا داهاتی خۆیان خۆیان بەدەستی بێنن.

خاتون محەمەد یەکێک لەو ژنانەی نزیکی دوو مانگە لە کارگەکەدا کاردەکات دەڵێت: هەموو کات حەزم لە ئیشە و حەزم لە دانیشت نییە، پێمخۆشە ژنان هەموو کاری خۆیان بکەن و چاوەڕێی کەس نەبن بیانژییەنێت.

کاتژمێر ٨ی ئێوارە خاتون دێتە کارگە و تا کاتژمێر ٢ی شەو کاردەکات جگە لە کاری نان کردن  کاری کشتوکاڵیش دەکات و دەڵێت: ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٣ی بەیانییەوە تا کاتژمێر ٤ی ئێوارە لە ناوچەی سورەبان لە دەشتبووم و شەتڵی شوتیم داناوە لە زەوییەکەماندا. خاتون دەشڵێت: جیاوازی ژن و پیاو نییە بۆ کارکردن.

هەیبەت عەزیز یەکێکە لە کڕیارەکان و لە چاوەڕوانی ئامادەکردنی نانەکەیدا بۆمان دواو وتی: لە ڕابردوودا حۆمان نانمان کردووە، بەڵام ئێستا بە هۆی زۆری تەمەن و نەخۆشییەوە نانمان بۆ ناکرێت، هەبوونی کارگەی نانی سۆما بە گرنک پێناسە دەکات و دەڵێت: نانیان جوانە و عەیبی نییە.

 

ت.پ