حەز و خولیاکانم بۆ فۆتۆ لە پەیداکردنی پارە لەپێشترە

هەنار ژنێکی فۆتۆگرافەرە و لە پارێزگای هەڵەبجە کار دەکات، باس لەوەدەکات حەز و خولیایەکی تایبەتی بۆ کاری فۆتۆگرافی هەیە، ئەم کارەی بۆ پەیداکردنی پارە نەکات بەڵکو تەنها خولیایەکە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- هەنار حسێن لەدایکبووی پارێزگای هەڵەبجەی شەهیدە لە ساڵی ٢٠٠٨دا پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایان بەشی ئینگلیزی تەواو کردووە، لە ساڵی ٢٠١٣دا  بۆ بەدەستهێنانەوەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس دووبارە لە زانکۆی هەڵەبجە دەستی بە خوێندن کردەوە، هەناری فۆتۆگرافەر ئاماژەی پێدەدا سەرەڕای خوێندن و پێشەی مامۆستاییەکەی کاری فۆتۆگرافیش دەکات.

 

هەنار باس لە کارکردنی دەکات وەک فۆتۆگرافەر و ئاماژە بەوەدەکات بە شێوەیەکی ئەکادیمی لەساڵی ٢٠١٧ەوە دەستی بە کاری فۆتۆگرافی کردووە، ماوەی ساڵێکیشە وەک پیشەیەکە، دەشڵێت لە ڕێگەی پەیجەکانییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا پەیوەندیم پێوە دەکەن بۆ وێنە گرتن، ئەو شوێنانەی کە ئەوان پێیان خۆشە دەچین و وێنەی لێدەگرین.

 

هەناری فۆتۆگرافەر وتیشی ڕاستە لە کردنی هەرکارێک دابینکردنی بژێوی ژیان هەیە، بەڵام من حەز بە کارەکەم دەکەم بەدەر لە پارە، چونکە من مامۆستام و پێویستم بەوە نییە بە کاری فۆتۆگرافی بژێوی ژیانی خۆم دابین بکەم.

 

سەبارەت بەوەی لە کاری فۆتۆگرافی دا توشی هیچ کێشەیە بووەتەوە، هەنار وتی: لەو کاتەوەی لە هەڵەبجەدا کار دەکەم تا ئیستا تووشی کێشە نەبووم، هەندێک جار لەگەڵ خوشکەکەم، هەندێک جاریش بە تەنیا ڕۆشتووم بۆ وێنەگرتن، فۆتۆگرافی زۆر شتی پێ بەخشیوم، تەنها شتێک بێزارم دەکات ئەوەیە هەندێک کەس ناگەمە ماڵەوە داوای ڕەسمەکانم لێ دەکەنەوە بە فایل بۆیان بنێرمەوە .

 

هەنار فۆتۆگرافەرەکەی هەڵەبجە پەیامی کۆتایی بۆ ژنان دەنێرێت و دەڵێت: پەیامی کۆتاییم ئەوەیە ژنان لە هیچ نەترسن، هەرکارێک پێیان خۆش بوو ئەنجامی بدەن و بوێربن.

 

ت.پ