دوو خوشک لە شارۆچکەی سەیدسادق فرۆشگایەکی گەورە بەڕێوە دەبەن

فرۆشیارەکان: لە ڕابردوودا پێداویستی دووکانەکەمان لە سلێمانی دەهێنا، بەڵام لە ئێستادا خۆمان دەچینە دەرەوەی کوردستان بۆ کڕینی پێداویستییەکانمان.

فرۆشیارەکان: لە ڕابردوودا پێداویستی دووکانەکەمان لە سلێمانی دەهێنا، بەڵام لە ئێستادا خۆمان دەچینە دەرەوەی کوردستان بۆ کڕینی پێداویستییەکانمان.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- ناهیدە و پەرژین دوو خوشکن لە شارۆچکەی سەیدسادق، دەرچووی زانکۆن، بەڵام لە بواری خوێندنی خۆیاندا کار ناکەن و فرۆشگایەکی جل و بەرگی ژنان و منداڵانیان پێکەوە کردووەتەوە و بەڕێوەی دەبەن.

 

ماوەی ساڵێک و پێنج مانگە دوو خوشک لە شارۆچکەی سەیدسادق و لە گەڕەکی حەسار کە یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی ئەو شارۆچکەیە، دوکانێکی گەورەی تایبەت بە جلوبەرگی ژنان و منداڵانیان کردووەتەوە و ناویان لێناوە کۆشکی شاژن.

پەرژین محەمەد یەکێکە لە ژنە فرۆشیارەکان و باس لە بیرۆکەی دامەزراندنی کارەکەیان دەکات و دەڵێت: سەرەتا کە زانکۆم تەواوکرد لە بواری خۆمدا هیچ کارێکی گونجاو نەبوو بیکەم، پێش کردنەوەی کۆشکی شاژن لە شوێنێک بۆ ماوەی ساڵێک وەک کارمەند کارمکردووە، دوای ئەوە بیرۆکەی دامەزراندنی کارەکەمان بۆ هاتووە، پەرژین ئاماژەش بەوە دەکات لە ئێستادا خەزمەت بە شارۆچکەکەیان دەکەن و قازانجێکیشی بۆ خۆشمان هەیە.

پەرژین دەربارەی کار کردنی ژنان دەڵێت: لە هەڵبژاردنی کارەکاندا سەختی هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن ئەو پلەیە تێدەپەڕێنیت، لەگەڵ ژنیشدا کارەکان خۆشتر بەڕێوەدەچێت.

ناهیدە محەمەد خوشکی پەرژینە و پێکەوە دوکانەکەیان بەڕێوەدەبەن، باس لەوەدەکات باوک و باپیرانی بازرگان بوون و لە کاتێکدا ئاسایی نەبووە بۆ ژن لە دەرەوە کاربکات دایکم و پورەکانم دوکانیان بەڕێوە بردووە و کاری بەقاڵییان کردووە، دەشڵێت هەرچەندە کارکردن قورسە بەڵام بەڵام دەبێت پێوەی پەیوەست ببین.

 

ناهیدە ئاماژەی بە دۆخی ژنان کرد: لە پێشدا ژنان بۆ بازاڕەکان دەچوون تەنها بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان، بەڵام ئێستا ئێمە لە نێو ماڵەکاندا دوکانمان کردووەتەوە و لێرە دەتوانن پێداویستییەکانیان بکڕن.

ناهیدە باس لەوەش دەکات لە دەستپێکی کارەکەیانەوە لە شاری سلێمانی پێداویستییەکانیان هێناوە بەڵام لە ئێستادا خۆیان دەچنە دەرەوەی کوردستان و پێداویستییەکانی دوکانەکەیان دەهێنن.

ناهیدە دەربارەی کاری ژنان دەڵێت: گرنگە ژنان خاوەن کاری خۆیان بن و کارکردن سەربەرزییە، باس لەوەش دەکات ژنان ئاسودەن کە دەبینن ژن خاوەن دوکانە و دەتوانن بە ئازادی پێداویستییەکانیان بکڕن.

 

ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە ژنانی سەیدسادق بە شێوەیەکی بەرچاو بە ڕووی کاری دەرەوەدا کراونەتەوە، شێوازی کارکردنی ژنان زیاتر لە چوارچێوەی کاری خەیاتی، چنین و لە بواری فرۆشیاری لە فرۆشگاو مۆڵ و هەفتەبازاڕەکان کاردەکەن، ناهیدە و پەرژین نمونەی دوو خوشکی شارۆچکەکەن بە ڕەنجی خۆیان بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن.

 

ت.پ