هودا ئومێد: لەناو بەشە ناوخۆیی دەتوانم گرنگی بەکارەکەشم بدەم
ژنان و خوێندکارانی کچ هەمیشە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئابوورییەکی سەربەخۆو هیچ کات لەبەردەم بەربەستەکان ناوەستن بەڵکو ڕووبەڕووی دەبنەوەو بەردەوام دەبن لە کارکردن، هودا ئومێد کە خوێندکارەو لە بەشە ناوخۆیی دەمێنێتەوە دەستی بە کاری خۆی کردووە.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-لەناو بەشە ناوخۆیی کچان لە پارێزگای هەڵەبجە، قەرەباڵغی بەشەکەو خویندن نەبووەتە هۆی ڕێگری لەو خوێندکارە کچانەی کە خولیای کار کردنیان هەیە، هودا ئومێد تەنها نموونەیەکە لەو چەندان نموونەیەی کەلە بەشە ناوخۆی کچانی هەڵەبجە خەریکی کار کردنن و گرنگی بە بەهرەکەی خۆیان دەدەن.
هودا ئومید دانیشتووی شاری سلێمانیەو قۆناغی چوارە لە کۆلێژەی یاساو کارگێڕی لە بەشی بازرگانی نێودەوڵەت، ماوەی چەند مانگێکە لە ڕێگەی ئۆنلاین، کار دەکات و پەرەیەکی تایبەتی داناوە، بۆ گرنگی دان بەو بەهرەیەی کە هەیەتی، بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: حەزم کرد لەو چوارچێوەیە نەمێنێتەوە تەنها ئاواتێک بێت بەڵکو پێم خۆش بوو کارێک بکەم کە سوود بە خۆم و کۆمەڵگەکەمان بگەیەنم و کارێک بێت ببێتە ڕەزامەندی دەورووبەرم.
"دروستکردنی تابلۆی کولتووری بەشێکە لەکارەکانم"
دروست کردنی تابلۆ بۆ ڕازاندنەوەی ماڵ و نوسینگەکان بەشێکی گرنگی کارەکانی هودا ئومێد و وتی: هەموو ئەو تابلۆیانەی کە بۆ نوسینگەو شوینەکانی کار گونجاون هەروەها دیاری و ئەوتابلۆیانەی کە دیزاینەرەکانی ناوەوە هەلیاندەبژێرن بە پێی ڕەنگ و مۆدیل کە شتی جوان وتایبەتن ودەتوانرێت بیگونجێنین لەگەڵ شوێنی کاردا.
"بەشەکەم یارمەتیدەرە بۆ بەرەوپێشچوونی کارەکەم"
هودا ئومێد کە لە بەشی بازرگانی نێودەوڵەتی دەخوێنێت باسی لەوەکرد کە بڕوانامەکەی یارمەتی بەرەوپێشچوونی کارەکەیەتی و چونکە کارزانی و چاکسازی و بەبازاڕکردنی کاڵاو چوونە ناوبازاڕو کێبڕکێ لەگەڵ کاڵاکانی ترداو ئەوکەسانەی هاوپیشەتن یاخود نزیکن لە کارەکەت و ئەگەر لەو بەشە نەبوومایە نەم دەتوانی ئەم کارە بکەم.
هودا باسی لەسەرەتای دامەزراندی کارەکەی کردو وتی: هەرچەندە سەرەتا لە پەڕەکەم ئەو کارانەم دادەنا کە بۆ خزم و ناسراوانم دروست دەکرد، ئەمەش وایلێهات بینەری زۆر بێت و ئیشەکەم گەورە بێت و بچیتە ناو خەلک، هێشتا ماومە بگەمە ئەو جێگەیەی کە خۆم دەمەوێت و خوێندنەکەم سەرقاڵی کردووم لە ئێستادا، بەلام ئەمەش وای نەکردوە لە کارەکەم دووربکەومەوە، بەڵکو بە پلان کارەکانم دەکەم، هەرگیز بەشە ناوخۆیی ڕێگر نەبووە لەکارەکەم و زۆر زۆر هاوکارمانن و شوێنێکی باشیان بۆ دابین کردوین، ئەمەش وادەکات کە زۆر ئاسودەبین و وایکردووە هەست بکەین لەماڵەوە بین ئەوەی لەماڵەوە کردوومە لێرەش دەیکەم.
لە کۆتایی قسەکانیدا هودا ئومێد پەیامی بۆ ژنان و خوێندکارانی کچ ئەوەیە دەست لەکار هەڵنەگرن وئەو داهاتەش هەرچەندە کەم بێت گرنگ ئەوەیە بەئامانجەکەیان بگەن.