دووژن و یەک قاوەخانە؛ بە قاوەی قەزوان و بەڕوو کولتووری کورد دەپارێزن

دوو ژن لە هەڵەبجە کارگەیەکی بچووکی قاوەیان کردۆتەوەو کە قاوەی قەزوان و بەڕوو بەرهەم دەهێنن و دەڵێن: پاراستنی کولتووری کوردی ئەرکی سەرەکی ئێمەیە.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-لە کاتێکدا  کە زۆربەی کاروبارە بازرگانییەکان بە دەستی پیاوان بەڕێوەدەچن، دوو ژن بە هێز و بڕیارێکی ئازایانەوە هاتونەتە پێشەوە و کارگەیەکی تایبەتی قاوەی قەزوانی کوردیان دامەزراندووە.ڕۆژانە قاوە لە قەزوان و بەڕوو بەرهەم دەهێنن و دەیخەنە بازاڕەکانەوە، تایبەتمەندی قاوەکە ئەوەیە زۆر سروشتیەو بەرهەمی شاخەکانی کوردستانە، قاوەی قەزوانی کوردی کە بە دەستی ئەم دوو ژنە دروست دەکرێت، ئێستا شوێنی خۆی لە ناو بازاڕە ناوخۆییەکاندا کردووە و بەرهەمەکەیان بە دڵنیایی و کوالێتییەکی بەرز ناسراوە.

 

باسکردنی ئەم دوو ژنە، نموونەیەکە لە بڕیار و ئازایەتی ژنان کە بە هەوڵ و ماندووبوون، دەتوانن ژینگەیەکی نوێ بۆ خۆیان و کۆمەڵگەیان دروست بکەن.

 

" پێمان خۆش بوو بەرهەمێک بێت تەواو خۆماڵی و کوردی بێت"

ڕێژوان دیاری، یەکیکە لەو ژنانەی کارگەی قاوەخانەکەی دامەزراندووەو وتی: من دەرچووی دانەمەزراوم و ئەمە یەکەم ئەزموونی کار کردنمەو پێشتر هیج کارم نەکردووە، بیرۆکەی ئەم کارە لەگەڵ مامۆستا کەلسوم بەیەکەوە بڕیارماندا کارگەکە دابنێین، پێمان خۆش بوو بەرهەمێک بێت تەواو خۆماڵی و کوردی بێت و هەستاین بەدروست کردنی قاوەی قەزوانی کوردی.کە تەواو سروشتیەو دوور لە پارێزەری خۆراکە، ماوەی ساڵێکە ئەم کارە دەکەین، سەرەتا بە شێوەی ئۆنلاین  ئیشەکانمان کردووەو حەزمان کردوە گرنگی پێ بدەین، ئێیستا قاوەخانەکەمان هەیەو رۆژانە خەڵک سەردانمان دەکەن.

 

"پاراستنی کولتووری کوردی لە ئەرکە لەپێشەینەکانی ئێمەیە"

ڕێژوان و مامۆستا کەلسوم بە تێگەیشتن لە گرنگی پاراستنی کولتووری خواردن و خواردنەوەی کوردی، ڕوویان کردووەتە دروستکردنی قاوەی قەزوان بە شێوەیەکی ڕەسەن و خاوەن تایبەتمەندی، لە کارگەکەیاندا، دەنکی قاوە بە وردی هەڵدەبژێردرێت، دەسڕاستی و پاکوخاوەنی بەردەوام دەپارێزرێت و هەموو قۆناغەکان بە چاودێرییەکی تەواو ئەنجام دەدرێن.

 

"قەزوانی شاخەکانی کوردستانە"

ڕێژوان دیاری وتیشی: ئەمە قەزوانی شاخەکانی کوردستانەو مەبەستمانە بەرهەمەکانمان کوردی بن، لەسەرەتادا کە بیرۆکەکە دروست بوو بە ئاوان و دەستکەوان دروستمان دەکردو لە ئیستادا بە دەزگاو ئامێر کاردەکەین.

 

ئەوەشیانخستەڕوو کە ئامانجیان تەنها بازرگانی نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ پەرەپێدانی ڕۆڵی ژنان لە بازاڕی کار و نیشاندانی ئەوەی کە ژن دەتوانێت لە هەر بوارێکدا سەرکەوتوو بێت، ڕێژوان وتی: خۆم هەلی کارم بۆ دروست بووەو ئامانجم ئەوەیە لە داهاتوودا گەنجی دیکە بخەینە سەر کار.