بە داهاتی گوڵ چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت

سەرەتا بۆ چارەسەرە پزیشکییەکانم ماڵەوەمان هاوکارییان دەکردم بەڵام ئێستا بە داهاتی خۆم چارەسەر وەردەگرم.

"ئەگەر خاوەنی داهاتی خۆتبیت چیت پێ خۆشبێت دەتوانیت بیکەیت"

سەرەتا بۆ چارەسەرە پزیشکییەکانم  ماڵەوەمان هاوکارییان دەکردم بەڵام ئێستا بە داهاتی خۆم چارەسەر وەردەگرم.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- گوڵشەن ساڵح ژنێکی گەنجی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، ئەو تەمەنی ١٣ ساڵ بووە کە دیوارێک بە سەریدا دەڕوخێت و دەبێتە هۆی لە دەستدانی قاچەکانی، گوڵشەن هیچ کاتێک هیوای لە دەستنەدا بۆ چاکبوونەوە و گەڕانەوەی وزە و جوڵە بۆ قاچەکانی، بۆئەوەش چەندین جار بۆ چارەسەری سەردانی زۆر لە نەخۆشخانەکانی کوردستان و ئێران و هیندستانی کرد، بەڵام بێهودە بوو.

 

هیوای بە ژیان توانی بیگەیەنێتە خەونەکانی

بۆ گوڵشەن پێش چوار مانگ هیوایەک سەری هەڵدا، ئەو ئێستا لە شاری سلێمانی دەستیکردووەتەوە بە وەرگرتنی چارەسەر و ئێستا وردە وردە بەرەو باشبوونەوە دەڕوات، گوڵشەن پاش ١٠ ساڵی تەمەنی بێ جوڵەی قاچەکانی بەڕێکردووە و وەک کچێکی پڕ هیوا بۆ ژیان بەردەوامە، هەر ئەم هیوایەی بووە سەرچاوەی هێنانەدی خەونێکی کە کارکردن و کردنەوەی فرۆشگایەک بوو، کە ساڵی ٢٠١٩ توانی دایمەزرێنێت و گوڵی تێدا بفرۆشێت، وەک گوڵشەن ئاماژەی پێدەکات: "لە ڕۆژی لەدایکبوونمدا بڕیارمدا فرۆشگاێک دابنێم"، هەروەها دەڵێت: "بەهۆی حەزێکی تایبەتم بۆ گوڵ پیشەی گوڵ فرۆشیم هەڵبژارد کە پیشەیەکە زۆر خۆمی تێدا دەبینمەوە".

گوڵشەن بووەتە ئومێدی ژنێکی گەنجی دیکە

گوڵفرۆشییەکی گوڵشەن لە ئێستادا بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە لە پاش نیوەڕوان دەکرێتەوە و تا درەگانێکی شەو دەمێنێتەوە بەو هیوایەی کەسێکی دیکە بێت و گوڵ و دیارییەکانی لێبکڕێت.

گوڵشەن لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژە بەوەدەکات سەرەتا لە فرۆشگایەکی بچوکەوە دەستی پێکردووە و زۆربەی پێداویستییەکانی لە ماڵەوە ئامادەکردووە، بەڵام پێشوازی خەڵک هۆکاری گەورەکردنی فرۆشگاکەی بووە، هەر بەو بڕە پارەیەی کە پەیدای کردووە فرۆشگاکەی پێ گەورە کردووە و لە ئێستادا وەک خۆی دەڵێت هەلی کارم بۆ ژنێکی گەنجیتر دابین کردوو و بووەتە جێی ئومێدێکیش بۆ ئەو گەنجە.

گوڵشەن باس لەوە دەکات خێزانەکەی پاڵپشت و هاوکارێکی گەورەی بوون و کۆمەڵگا پێشوازییەکی باشی لێکردووە.

لە ڕابردودا بۆ وەرگرتنی چارەسەر تەنها باوکی لە ڕووی مادییەوە هاوکاری بووە، بەڵام لەو کاتەوەی فرۆشگای کردووەتەوە بۆ چارەسەر پێویستی بە کەس نییە و بە داهاتی خۆی چارەسەر وەردەگرێت، وەک دەڵێت: "دەتوانم بۆخۆم هەرچیم بوێت دابینی بکەم" ئەمە بە هەستێکی خۆش پێناسە دەکات، چونکە چاوەڕێی کەسێک نییە هاوکاری بکات ئەگەر خێزانەکەشی بێت، دەڵێت: "ئەگەر بەرهەمی خۆمبێت خۆشترە".

 

سەبارەت بە ئابووری سەربەخۆی ژنان دەڵێت: تا ئەو کاتەی خاوەن کارێک نەبیت، خاوەن داهاتێک نەبیت، خاوەن خۆت نیت، چونکە ئەگەر خاوەنی داهاتی خۆت بیت چیت پێخۆشبێت دەتوانیت بیکەیت.

 

ت.پ