کافێ مۆدێرنەکەی هەڵەبجە لەلایەن ٩ ژنەوە بەڕێوەدەبرێت

لە شاری هەڵەبجە کافێیەک لەلایەن ٩ ژنەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەگەرچی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بەڕێوەبردنی کافێ لەلایەن ژنانەوە هێڵی سورە، بەڵام کۆمەڵێک ژنی گەنج لە شاری هەڵەبجەوە ئەم تێڕوانینەیان گۆڕیوە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- هەرکات ویستت سەردانی کافێیەکی خاوێن و مۆدێرن بکەی لە هەڵەبجەدا، هەرزوو ناونیشانی تودەی کافێت پێدەدەن، کە یەکێکە لە کافتریا بەناوبانگەکانی شاری هەڵەبجە، لەم کافێیەدا ٩ ژن کاردەکەن، سەرباری تێڕوانینی کۆمەڵگە و ئەرکەکانی سەرشانیان وەک خوێندکاری و بەڕێوەبردنی ماڵ، ئەو ژنە گەنجانە دەڵێن ئێمە حەزمان بە کارکردنە و توانج و تەشەری کۆمەڵگە ناتوانن ببنە هۆکاری دەستهەڵگرتن لە کارەکانمان.

هاوکاری و هاوڕێیەتی بنەمای سەرکەوتنی تودەی کافێ'یە

سیدرا ڕزگار ماوەی مانگێکە لە تودەی کافێ کاردەکات، هاوسەرگیری کردووە و وەک خۆی دەڵێت هاوژینەکەم و خێزانەکەم هاوکارمن، سیدرا دەڵێت: " ماوەی یەک مانگە لێرە کار دەکەم، نۆ ژنی گەنجین لێرە کار دەکەین بە چەند کاتێکی جیاواز و بە شەفتات، لە ڕۆژانی ئاسایدا لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی بۆ ١٠ی شەو کافێکەمان کراوەیە، بەهۆی مانگی ڕەمەزانەوە من لە ئیستادا لە کاتژمێر ٣ بۆ ١٢ی شەو لە کافێکەدا دەبم، ڕۆژانی ئاساییش لە کاتژمێر ١ی نیوەڕۆ بۆ ١٠ شەو لە کاردام.

سیدرا باس لەوە دەکات لە کافێیەکەدا هەمووان پێکەوە کاردەکەن و هاوکاری یەکتر دەکەن ئاماژەی بەوەش دەدا، هاوکاری و هاوڕێیەتی بنەمای سەرکەوتنی تودەی کافێ'یە.

 

کارکردن لە هەڵەبجە قورسە لەبەر توانج و تەشەر

کارکردن بۆ ژنان لە هەڵەبجە قورسە، ڕوانینی کۆمەڵگە بۆ هەندێک کار کە ژنان دەیکەین جیاوازە، بە تایبەت لە کافتریادا کارکردن، سیدرا دەڵێت من بە هاوکاری هاوژینەکەم، دایکم و باوکم و بە هاوکاری کەسوکارەکانم دەتوانم بە خواستی خۆم کار بکەم سەرەڕای قورسی کارەکەم.

چۆڤین یەکێکی ترە لە کارمەندەکانی تودەی کافێ دەڵێت: ئیشەکەی من لێرە بەڕێکردنی سەردانیکارانە، هەرچەندە ‌من خوێندکاری بەشی ڕاگەیاندنم، بەڵام توانیومە لێرە کار بکەم و کاتەکانم ڕیکبخەم، لەگەڵ هاوڕێکانم پێکەوە کارێکی جوان پێشکەش دەکەین و پێشوازی لە میوانان دەکەین.

 

لێکتێگەشتن بنەمای سەرکەوتنی کارە

چۆڤین دەڵێت سەرەڕای ئەوەی من خوێندکارم و بەرپرسیاریەتی ماڵەوەشم لەسەر شانە، لێرەش بەدەم میوانانەوە دەچم، بەڵام پێکەوە کارکردن لەگەڵ هاوڕێکانم و ڕێزگرتن و هاوکاری کردنی یەکتر وای کردووە لە کارەکانمان سەرکەوتوو و ئاسودە بین.

 

سەبارەت بەوەی کە ئایا لەلایەن سەردانیکارانەوە بێزار دەکرێن، چۆڤێن ئاماژەی بەەوەدا، هەرچەندە بانگمان دەکەن و دەڵێن بۆ خواردنەکانمان نایەت یان نایەنە لامان، بەڵام ئێمە ڕێزیان دەگرین و خزمەتەکانی خۆمان پێشکەش دەکەین.

تودەی کافێ یەکێکە لە کافێکانی شاری هەڵەبجە و لەلایەن ٩ ژنەوە بەڕێوەدەبرێت، بۆنە و ئاهەنگەکانی تێدا بەڕێوەدەبرێت و زیاتر لە ٧٤ جۆر خواردن و خواردنەوەیان هەیە، هاوڵاتیانی شاری هەڵەبجەش سەردانی دەکەن و لە کافێکە ڕازین.

 

ت.پ