ژنانی خورماڵ ڕوو لە خولەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکەن
ژنانی کوردو بە تایبەتی سنووری هەڵەبجە، کە لەڕابردوودا بەهۆی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و عەقلیەتی پیاوسالاری لە خوێندن دابڕاون و دوورخراونەتەوە، لە ئێستادا ڕوو لە خولەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەکەن و ژنان لە خورماڵ ئارەزووی فێربوون دەکەن.
میهرەبان سەلام
خورماڵ-بەهۆی بارودۆخە یەک لەدوای یەکەکان کەبەسەر خاکی کوردستان و گەلی کورددا هاتووە، هەر لە بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و هتد، کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ژنان هەبووەم وایکردووە ژنان لە پرۆسەی خوێندن دووربکەونەوەو دوابکەون، بەڵام لە ئێستادا ژنانی نەخوێندەوار لە هەوڵدان بۆ ئەوەی فێر ببن و کارەکانی رۆژانەی خۆیان بەڕێ بکەن، بۆ فێربوون ڕوو لە خولەکانی پەروەردەو فێربوون دەکەن.
هەرچەندە ئامارێکی دروست لەبەردەست نییە بەڵام هەڵەبجەو خورماڵ و هەورامان زۆرترین ڕێژەی نەخوێندەواری تیادایە، خولەکان لەو ناچانە شایەتی ئەو ڕێژەیەی نەخوێندەواری دەدەن.
لەخورماڵ ژنێک بە هەوڵە تاکە کەسیەکانی خۆی خوێندنگەیەکی کردۆتەوەو تاوەکو ئیستا تا پۆلی سێی سەرەتایی خوێندن تیادا بەردەوامە.
شەونم محەمەد، ئەو ژنەی کە خوێندنگەکەی کردۆتەوە وتی: ماوەی ساڵێکە ئەم خولەمان بەردەوامە، هەرچەندە ڕێکخراوەکان دەیکەنەوە، دوو بۆ سێ مانگ بەشدارن، بەڵام ئێمە بۆ تاقیکردنەوە دوومانگ کردمان، بینیمان ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو تامەزرۆن بۆیە بڕیارماندا ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ ژنانی خورماڵ.
"ژنان پێویستە تابلۆکان بخوێننەوە"
سەبارەت بە ئامانج و بیرۆکەی ئەم خولە کە نەهێشتنی نەخوێندەواریە شەونم محەمەد وتی: بیرۆکەکە لەخۆمەوە دەستم پێکردو حەزم کرد ئەو ژنانەی کە لەماڵەوەن و دابڕاون لە خوێندن بتوانن تابلۆی سەر فرۆشگەو نەخۆشخانەو نۆرینگەکان بخوێننەوە، پاش ئەوەی ئاگاداریم بڵاوکردەوە، ژنان هاتن بەدەم بانگەوزییەکەو نزیکەی ٢٥ کەس ئارەزوویانە فێر ببن و مامۆستاشمان هەیە کە بەردەوام ناهێلن خویندکارەکانمان داببڕێن لە خویندن.
"لە سێ ئاستی جیاواز خوێندکارمان هەیە"
بوشرا سەردار، ماوەی ساڵێک و شەش مانگە مامۆستایەو وتی: سەرەتا تەنها دوو مانگ بوو بەڵام ئێستا لە سێ ئاستی جیاواز خوێندکارمان هەیەو لە ئێستادا دەتوانن پەرتوکەکان بخوێنەوە، سەرەتا کە نەیانتوانەری پیتەکانیش بە تەواوی لەیەک جیا بکەنەوە، پەیاممان ئەوەیە هەر ژنێک بەهەر هۆکارێک لە خوێندن دابڕاون تەمەن بەربەست نەبێت لە فیربوون و بلێن ناتوانم یان تەمەنم هەڵکشاوە، هەرکاتیک خولەکان هەبوو یان ئامانجت هەبوو دەبێت بەدیبهێنن، بەردەوامین لە خولەکان تاوەکو وەربگیرێن لە خوێندن، خولی نوێمان دەبێت لە خورماڵ و دەوروبەری.