بۆ یەکەمجار چاوپێکەوتنێکی ٢٨ ساڵ پێش ئێستای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکرایەوە
بۆ یەکەمجار چاوپێکەوتنێکی بڵاونەکراوەی ٢٨ ساڵ پێش ئێستا بڵاوکرایەوە کە بەهۆی قەدەغەکردنەوە ڕێگری لە بڵاوکردنەوەى دەکرا، کە ڕێبەر لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت: با پێکەوە تورکیا وڵاتەکەمان خۆش بوێت، با بەڕاستی وڵاتەکەمان تورکیا ئازاد بکەین.
ناوەندی هەواڵ
بۆ یەکەمجار چاوپێکەوتنێکی بڵاونەکراوەی ٢٨ ساڵ پێش ئێستا بڵاوکرایەوە کە بەهۆی قەدەغەکردنەوە ڕێگری لە بڵاوکردنەوەى دەکرا، کە ڕێبەر ئاپۆ لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت: با پێکەوە تورکیا وڵاتەکەمان خۆش بوێت، با بەڕاستی وڵاتەکەمان تورکیا ئازاد بکەین، هەروەها کوردیش ئازاد بکەین.
یەکەم بەشی چاوپێکەوتنێکی ٣٠ خولەکی ڕێبەری گەلی کورد بڵاوکرایەوە کە لە ساڵی ١٩٩٧ لە شاری بار ئەلیاسی لوبنان لەگەڵ ڕۆژنامەنووس فاتیح ئالتایلی ئەنجامی داوە، ئەم چاوپێکەوتنە کە ٢٨ ساڵ لەمەوبەر تۆمارکراوە.
بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنەکە بە بیانووی مادەی ٨ و ٣٠ی یاسای “دژی تیرۆر”، لەو کاتەوە تا ئێستا قەدەغە کرابوو، ئێستا لە ماڵپەڕی بیرۆکە ئازادەکان "ئۆزگور دوشونجەلەر" بە زمانی تورکی چاوپێکەوتنەکە بڵاوکرایەوە.
لە چاوپێکەوتنەکەدا رێبەر هەڵدەسەنگاندن بۆ ڕووداوی سوسورلوکی ساڵی ١٩٩٦ دەکات کە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی تورکیادا ڕوویداوە و ڕەخنەی بەرفراوانی لە هەوڵی تیرۆرکردن، تۆڕەکانی ناو دەوڵەت، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەم پێکهاتانە لە ناوچەکەدا کرد و ئاماژەی بە ‘دەوڵەتی هاوتەریب لەناو دەوڵەت’ دا کرد.
ڕێبەری گەلی کورد سەبارەت بە چۆڵکردنی گوندەکان، کوشتنە نادیارەکان و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی لە ساڵانی ١٩٩٠دا، باسی لەو وێرانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کرد کە خەڵکی زیانلێکەوتوو بەسەریاندا هاتووە. هەروەها باسی لە ڕۆڵی دەوڵەت و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان، ئەکتەری پرۆسەکان دەکات و ئاماژەی بەوەدا چەتە تاوانبارەکان پەیوەندیەکی زۆر گڵاویان لەگەڵ سیاسەتدا هەیە.
ڕێبەر لە ساڵی ١٩٩٧: ئامادەین چەکەکانمان بێدەنگ بکەین
ڕێبەر لەو کاتەدا دەڵێت: پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" بەربەست نییە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت “ئەگەر سوپای کۆماریخوازی ئێرلەندا چەکەکانیان بێدەنگ بکەن، ئێمە ئامادەین بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەک، من ئێستا ڕایدەگەیەنم ئێمە بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەک ئامادەین، لە ئێستاوە ڕایدەگەیەنم سبەی هەموو چەکەکان بێدەنگ دەکەین.
سەبارەت بە ئیرادەی دەوڵەت بۆ ئاشتی پرسیار دەکات و گومانی خۆی لە توانای بڕیاردانی لایەنە سیاسییەکان نیشان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، کە هیچ ئیرادەیەکی بڕیاردان لە تورکیادا نییە.
لەو چاوپێکەوتنەدا رێبەر دەشڵێت: من بکوژن، بەڵام هێزی بڕیاردانیان هەبێت، ئێستا هەمووان هەر یەکە و ئەرکەکە دەخاتە ئەستۆی ئەوی ترەوە، لەبەر ئەوەیە هیچ هێزێکی بڕیاردان نییە، یەکێک دەڵێ ئەوە کێشەی ئاسایشی ناوخۆییە، یەکێک دەڵێ پەرلەمان، یەکێک دەڵێ دەوڵەت، سەرەڕای ئەوەش چەتەکان سەریان هەڵداوە، هیچ ئیرادەیەکی بڕیاردان بوونی نییە، من دەڵێم با پێکەوە تورکیا وڵاتەکەمان خۆش بوێت، با بەڕاستی وڵاتەکەمان تورکیا ئازاد بکەین، هەروەها کوردیش ئازاد بکەین”.
بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە لەم لینکەی خوارەوە بەردەستە: