بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێکی دەستی لە کامپی کەرامە دوو ژن گیانیان لەدەستدا
کارەساتێکی نوێ کامپی پەنابەرانی کەرامەی لە باکووری ئیدلبی سووریا گرتەوە، کاتێک نارنجۆکێکی دەستی لەناو یەکێک لە خێمەکان تەقیەوە و بەهۆیەوە دوو ژن گیانیان لەدەستدا و گەنجێکیش بە سەختی برینداربوو.
ئیدلب
پاشماوەی شەڕی سووریا، لەوانەش بۆمبی نەتەقێنراو و مینی چێندراو، مەترسی بەردەوام لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی بەتایبەت منداڵانی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دروست دەکات، هەروەها نەبوونی چاودێریش ژمارەی کوژراوان زیاد دەکات و ئازارەکانی دانیشتووانیش قووڵتر دەکاتەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەم، ڕووداوێکی دڵتەزێن لە کامپی کەرامە بۆ ئاوارە ناوخۆییەکان لە باکووری ئیدلب ڕوویدا، دوای ئەوەی نارنجۆکێکی دەستی لەناو یەکێک لە خێمەکان تەقیەوە، بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، تەقینەوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو ژن و برینداربوونی گەنجێک.
بە پێی هەمان سەرچاوە، تەقینەوەکە لە ئەنجامی دەستکاریکردنی بۆمبەکە لەلایەن ئەندامێکی ئەو خێزانەوە ڕوویداوە، کە خەڵکی شارۆچکەی لاتەمنێی سەر بە گوندی حەمایەن و ساڵانێکە بەهۆی شەڕەوە ئاوارەی کەمپەکەبوونە.
ئەم ڕووداوە یەکەم ڕووداو نییە لە جۆری خۆیدا، بەڵکو بەشێکە لە زنجیرەیەک تەقینەوەی بەڕێکەوت کە کەمپەکانی پەنابەرانی گرتووەتەوە، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پاشماوەی شەڕو تەقەمەنی نەتەقیوە و نەبوونی چاودێری و لاوازی ڕێوشوێنی سەلامەتی، کە سەرەڕای هۆشدارییە دووبارەکان، ئەم کەرەستە کوشندانە بەردەوامن لە چوونە ناو ئەو ناوچانەی کە بە پەناگەیەکی سەلامەت دادەنرێن بۆ خەڵکی مەدەنی، ئەمەش مەترسییەکی بەردەوامی لەسەر ژیانیان دروستکردووە.
هەبوونی بەردەوامی چەک و تەقەمەنی لە ژینگە ی مەدەنی دانیشتوواندا، ڕەنگدانەوەی شکستی ڕوونە لە پاککردنەوەی ناوچەکان لە کاریگەرییەکانی شەڕ، کە دوو بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی دانیشتووان، بەتایبەتی لەو کەمپانەی کە هەزاران خێزانی تێدایە کە لە توندوتیژی هەڵدێن، وە نابێت ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بە کەمتەرخەمی یان پشتگوێخستن بە بارمتە بگیرێت؛ شایەنی ژینگەیەکی سەلامەتن کە دوور بێت لە چەکی کوشندە.