لە باشووری کوردستانەوە پشتیوانی لە سوریایەکی دیموکراسی و لامەرکەزی دەکرێت
لە شاری سلێمانی، بەشێک لە ژنانی چالاکوان بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار پشتیوانیان لە هەڵمەتی ''بە یەکگرتوویی ژنان سووریای دیموکراسی و لامەرکەزی بنیاد دەنێن'' ڕاگەیاند.

سلێمانی- ئەمڕۆ، ٢٣ی تشرینی یەکەم، لە نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی، بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار و بە ئامادەبوونی بەشێک لە ژنانی چالاکوان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتی ''بە یەکگرتوویی ژنان سوریای دیموکراسی و لامەرکەزی بنیاد دەنێن'' ڕاگەیاند و بانگهێشتی سەرجەم بزووتنەوەکانی ژنان و رێکخراوە دیموکراسیەکانیان کرد، بۆ ئەوەی هەوڵەکانیان یەک بخەن لە پێناو بنیادنانی سووریایەکی نوێ.
ڕوبار مەجید، ئەندام لە کەمپەینی ژنانی باشوور بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەیاننامەی ئامادەبووانی خوێندەوە و تیایدا ئاماژە بەوەکرا:
لە سایەی ئەو گۆڕانکارییە چارەنوسسازانەی کە سووریا پێیدا تێپەڕ دەبێت، زیادبوونی ململانێ و دەستوەردانە سیاسییەکان لە ویست و ئیرادە و مافی گەلان لە دیاریکردنی چارەنوسیان بە ئامانج دەگرن، بەرپرسیارێتی ژنان وەک هێزێکی کاریگەر لە داڕشتنی ئایندەی سووریای دیموکرات و لامەرکەزی سەرهەڵدەدات، لە سۆنگەی ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییەشەوە، وەکو ژنانی باشووری کوردستان، پاڵپشتی تەواوەتی و بێ مەرجی خۆمان بۆ هەڵمەتی "بە یەکگرتووی ژنان سووریای دیموکرات و لامەرکەزی بونیاد دەنێین" ڕادەگەیەنین.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "وەک هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگ بەرەو یەکخستنی ڕیزی ژنانی سووریا لە بەرامبەر هەموو شێوازەکانی چەوساندنەوە و هەژموونگەرای و جیاوازی، ئەزموونی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش ئەوەی سەلماندووە، کە یەکگرتووی ژنان دەتوانێت کۆت و بەندە هزرییە نێر سالارییەکان بشکێنێت و جێگرەوەیەکی دیموکراسی ڕاستەقینە دابمەزرێنێت، لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی، ئێمە باوەڕمان هەیە کە دیموکراسی بە بێ بوونی ژن و ئازادی ژن، بە بێ ڕێکخستن و یەکگرتووی بوونی نییە، پڕۆژەی سووریای دیموکراتیک و لامەرکەزی پڕۆژەی هەموو ئەو هێزانەیە کە تینووی ئازادین، وە تاکە ڕێگەش بۆ ڕزگاربوون لە بەستنەوەی بوونی دەسەڵات و هێنانەدی هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووری لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینە و خۆبەڕێوەبەری دیموکراسی دەبێت".
لە کۆتایدا بانگەوازیان لە سەرجەم بزووتنەوەکانی ژنان و ڕێکخراوە دیموکراسییەکان و ئەو هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییانەی کە باوەڕیان بە ئازادی هەیە، کرد، بێنە ناو بنیادنانی سووریایەکی نوێ کە دەبێت بە نێر و مێوە بەڕێوەببرێت و شکۆی مرۆڤ و مافەکانی تێدا بە بێ جیاکاری پارێزراو بێت.
"ئێمەی ژنان لە سووریایەکی نوێدا هەوڵ بۆ نەمانی سووریایەکی ناوەندی دەدەین"
نەجمە عەلوش، نوێنەریی کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان، وتی: ژنانی رۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی بانگەشەیەکەوە بانگی ژنانی جیهان دەکەن، تا هاوکار و پشتیوانی لە ژنانی سووریا بکەن، هەروەها تا بتواندرێت پێکەوە لە سووریایەیەکی دادپەروەر و ئاشتی و ناناوەندی و دیموکراتیانەدا ژیان بکەن، ژنانی باشووری کوردستانیش بە پشتیوانیی لە ڕێگەی ئەم کۆنگرەیەوە پشتیاوانیان دووپات دەکەنەوە، وە لە ڕێگەی پێکەوەی ژنان پشتیوانییەکانمان دەربڕی.
لە کۆتیایی قسەکانیشیدا، ڕایگەیاند: "ئێمەی ژنان لە هەموو پارچەکانی کوردستان و جیهانیشدا هەوڵ بۆ سووریایەکی دیموکراتیک دەدەین، تاوەکو ژنان لە سووریایەکی ناوەندی و ژێردەستەدا ژیان نەکەن، بەبێ هەبوونی جیاوازی ئاینی و چینایەتی بە ئاستی و پێکەوەی، ئێمەی ژنانی تەواوی پارچەکانی کوردستان پشتگیری ژنانی سووریا بۆ سووریایەکی دیموکراسی دەکەین و هەمووان هەوڵ بدەین بۆ پێکەوەژیان لە سووریایەکی دیموکراتیک و ناناوەندی".