یەپەژە: خەباتی بەردەوامیان درێژەی میراسێکی درێژخایەنی بەرخۆدانەکانە

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ژنان، یەپەژە بەڵێن بۆ درێژەدان بە خەباتی نوێ کردەوەو ددەڵێت ئازادی ژنان کرۆکی ژیانە و خەباتی بەردەوامیان درێژەپێدەری میراسێکی دوورودرێژی بەرخۆدانیان لە بەرامبەر دەسەڵاتە ستەمکارەکانە.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکینەکانی پاراستنی ژنان”یەپەژە” بۆ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، ئەم ڕۆژە بەرجەستەی ئەزموونی دوور و درێژی ژنانە، نەک تەنها لە ژنانی کرێکار لە نیویۆرک، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە خەباتی "المرأة الإلهة" ’'ژنی ئیلاهی” لە دامێنی چیای زاگرۆس و توروس و خاکی بەپیتی مێزۆپۆتامیادا هەیە، خەباتی ژنان لە دژی بکوژەکان، سیستەمی پیاوسالاری لە هەموو سەردەمێکی مێژووییدا وەک شەڕێک بۆ بوون بەردەوامە و ئەمڕۆش ژنان بەردەوامن لە خەباتی نەگۆڕی خۆیان بۆ کەرامەتی مرۆڤایەتی.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەی یەپەژەدا هاتووە: ژیانێک بەبێ ئازادی ژن نییە و ئەوە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالانە کە واتای بۆ ژیانی ژنان گەڕاندەوە، "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە دروشمی ژیانێکی نوێ، خەبات لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ڕزگاریخوازی ژنان ڕێگای سەرکەوتنە.

 

ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەمڕۆ هەزاران ژنی شەڕڤانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە باوەڕەوە و ئایدۆلۆژیای ئاپۆیستی هەناسە لە خەندەقەکانی شەڕدا هەڵدەکێشن، ئەو ژیانەی کە پیاوی باڵادەست هەوڵی نەهێشتنی دەدا، بە دەستی ژنانی قارەمان ئاوەدان دەکرێتەوە، سەرچاوەی هێزی ئێمە ڕێبەر ئۆجالان، سەرەرای هەلومەرجی سەختی گۆشەگیری، ڕێبەر هەرگیز ژنانی بەجێ نەهێشت بە تەنها، ئێمەش بە هەمان دڵسۆزیەوە دەستمان بە ڕێبەرەکەمانەوە گرتووە، بۆیە ئازادی ڕێبەر مسۆگەریەکە بۆ ئازادی هەموو ژنان و کۆمەڵگە.

 

یەکینەکانی پاراستنی ژنان ”یەپەژە” ڕایانگەیاند، ساڵانێکە ناوچەکانمان لەلایەن ڕژێمی مرۆڤکوژ و هەژموونگەرەوە تووشی ستەمکارترین پراکتیزەی سەردەمی ئێمە بوون، هەندێکجار لە ژێر پەردەی داعش و جاری دیکەش بە ناوی گروپە هاوشێوەکان، هەڕەشە لە شۆڕشی ئێمە دەکەن و ڕەتیدەکەنەوە دان بە دەستکەوتەکانماندا بنێن، بەڵام ئێمە کڕنۆشمان بۆ تاریکی و تیرۆریزم نەدا، داعش و ئێمە لە داهاتوودا کڕنۆش نادەین بۆ تیرۆر کە خۆی لە پشت ناوی جیاوازەوە دەشارێتەوە ئێمە خودی بوون و ژیانمان لە بەرەکانی شەڕدا داناوە بۆ پاراستنی نیشتمان، تا کۆتایی خەبات دەکەین بۆ ئەوەی بە کەرامەتەوە بمرین نەک ژیانێکی بێواتا بژین وەک یەکینەکانی پاراستنی ژنان”یەپەژە”، هەمیشە لە پێشەنگی بەرگریکردن لە بەها کۆمەڵایەتییەکانمانداین.

 

جەخت لەوە کراوەتەوە، کە لە بواری سەربازییەوە تا کایەی کۆمەڵایەتی، لە سیاسەتەوە بۆ ڕۆشنبیری، ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خەباتی خۆیان بەڕێوەدەبەن، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان چارەنووسێکی نوێیان بۆ هەموو ژنان نووسیوە و خاوەنی میراسی ئازادیخوازانی ژنن لە سەرانسەری جیهاندا.

 

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا یەکینەکانی پاراستنی ژنان ”یەپەژە” یادی هەموو زیانبەرکەوتووانی دۆزی ئازادی، وەک دەنیز، شیلان، سیاچین، ئارین، سیازینیان کردەوە، شەهیدەکانمان تۆوی ئازادییان لە نیشتمانەکەماندا چاند، ئێمەش هەمیشە لە ڕێگەی بەرخۆدان و خەبات بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسانەوە شوێنپێیان دەگرین.

 

لە کۆتای ڕاگەیاندراوەکەدا، یەکینەکانی پاراستنی ژنان ”یەپەژە” داوای بەدیهێنانی ئازادی کرد و ڕایگەیاند،  داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە وەک ڕووبارێکی بەهێز دەنگیان پێکەوە بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی دەریای ئازادی فراوان و بێکۆتایی بێت، داگیرکەران هەرگیز ناتوانن بەرامبەر شەپۆلەکانی ئازادی بوەستن، بەرخۆدانی ژنان شیعرێکی هیوا و واتای ژیانە، فەلسەفەی '’ژن، ژیان، ئازادی'’ تەنها دروشم نییە، بەڵکو کلیل و هاوکێشەیە بۆ ڕزگاری هەموو کۆمەڵگە.